باشووری کوردستان، کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەووانی بوومەلەرزەکە بەردەوامە

لە باشووری کوردستان چەندین کەمپین تا ئێستا بەردەوامن لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەووانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

سلێمانی

 

٦ی شوبات دەبێتە مێژوویەک بۆ گەلی کورد، ڕێگەیەکی دیکەی کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد بوو، بەڵام لە ڕێگەی سروشتەوە، ئەگەرچی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە  ناوەندەکەی مەڕەش و دیلۆک بوو لە باکووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریای گرتەوە و زیاتر لە ٤٢ هەزار گیان لەدەستدان و بە هەزاران بریندار، ڕووخانی هەزاران بینا و باڵەخانە، کاریگەربوونی ملیۆنان کەسی لێکەوتەوە، سروشتی بوو، بەڵام هۆکارەکانی پشت ئەو کارەساتە گەورەیە دەکرێت دەوڵەت بێت.

 

چاودێران، ئەندازیاران و کەسانی پسپۆڕ باس لەوەدەکەن، نەبوونی سەلامەتی لە باڵەخانەکانی باکووری کوردستان، گەندەڵی لە بنیادنان و هەوڵدان بۆ تێکدانی سروشتی باکوور بە دروستکردنی بەنداو هۆکارەکانی پشت زیانی کارەساتی بوومەلەرزەکەن کە ڕاستەوخۆ دەوڵەتی تورکیا دەستی تێیدا هەیە.

 

دوای بوومەلەرزەکە، جیهان دەستی هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا درێژکرد، بە ناردنی تیمی گەڕان و ڕزگارکردن، خۆراک و پێداویستی و شتومەک، لە باشووری کوردستانیش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گەورەیی کارەساتەکە، دەستیان بە ڕاگەیاندنی کەمپینی هاوکاری کردن و بانگەوازی بەشداری بەرفراوان لە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان کرا.

 

هەندێکیان بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بوون و هاوکارییە کۆکراوەکانیان گەیاندە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەندێکیشیان تا ئیستا بەردوامن لە کۆکردنەوەی هاوکاری لەوانە؛

 

لە شاری ڕانیە، کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەند چالاکوانێکی مەدەنی لە ١٠ی شوبات ڕاگەیەندرا و تا ئیستا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان، هاوڵاتیانیش بۆ پشتیوانی لە کوردان ڕوو لە کەمپینەکە دەکەن.

 

كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری لە شارۆچكەی شارەزوور، بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكەی باكور و ڕۆژئاوای كوردستان تا ڕۆژی ١٨ی مانگ بەردەوام دەبێت و داوا دەكرێت، هاوڵاتیان بە ناردنی هاوكاری بەشداری بكەن.

 

"کەمپینی لەگەڵتانین" بۆ هاوکاریکردنی زیان لێکەوتوانی بومەلەرەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کە ماوەی هەفتەیەکە بە سەرپەرشتی هەدەپە لەلایەن سیاسیەکان و چالاکوانان و کەسایەتی شاری هەولێر ڕاگەیەندراوە، درێژکرایەوە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، نوێنەرایەتی هەدەپە داواکارە هاوڵاتیان بەپێی توانای خۆیان و پێداویستی ڕۆژانە هاوکاری کەمپینەکە بکەن، تاوەکو لەڕێگەی هەدەپەوە هاوکارییەکان بگەیەندرێتە دەستی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە.

 

لە شاری سلێمانیش کەمپینی "هانا" بەردەوامە لە وەرگرتنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە و ڕێکخەرانی کەمپینەکە دڵنیایی دەدەن لەوەی لە ڕێگەی نوێنەرانی گەل و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەدەپەوە هاوکارییەکان دەگاتە دەست زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.