ژنانی ئێزدی و عەرەب لە شەنگال دژی گۆشەگیری ڕێپێوان دەکەن

ژنانی ئێزدی و عەرەب لە شەنگال بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی دژی گۆشەگیری ڕێپێوانیان کرد و وتیان: "ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ ئازادیی هەموو ژنانی جیهانە".

هێڤی ئەزدا

شەنگال- دوێنێ لە شەنگال ژنانی ئێزدی و عەرەب بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی دژی گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کردو ئاماژەیان بەوەکرد، ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازادیی هەموو ژنانی جیهان و ئازادیی مرۆڤایەتییە.

 

ڕێپێوانی ژنانی شەنگال دژی گۆشەگیریی تووند لە گوندی بارێ تا دۆڵی شیلۆ بەردەوام بوو، لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، ڕیهام حجۆ، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، لێدوانیداو ئاماژەی بەوەکرد، وەک ژنانی ئێزدی و ژنانی عەرەب خۆیان بە بیرۆکەی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان ناسیوەتەوە و لە ڕێگەی بیرۆکەکانیانەوە ڕێگای ئازادی و تێکۆشانیان دۆزیوەتەوە.

 

"لە دوورگەی ئیمراڵی شەڕێکی گەورە ڕوودەدات"

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕیهام حجۆ وتی: "ئیدانەی هەموو ئەو هێزانە دەکەین کە هاوکاری دەوڵەتی تورکن لەسەر گەل و تێکشکاندنی سیاسەتەکانی رێبەر ئاپۆ، گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەر ئاپۆ کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە دژی مافی مرۆڤ و یاساکانی هەموو جیهانە، ئەمڕۆ لە دوورگەی ئیمراڵی شەڕێکی گەورە لە نادادپەروەری و نائارامێتی لە دژی ڕێبەری مرۆڤایەتی بەرپا دەکرێت ڕێگە نادەن رێبەر ئاپۆ لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆببێتەوە و هەروەها سزای دیسپلینی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد ساڵانێکە سەلماندویانە کە هەرچی بکرێت ئیرادەی ئازاد و تێکۆشانی مافپەروەرانە بۆ ئازادیی گەلان هەرگیز ناچەوسێنرێتەوە".

 

"بەڵێن دەدەین"

وتیشی: "ئێمە وەک ژنانی ئێزدی و پێکهاتەکانی شەنگال دەڵێین بەم بیرۆکەیە خۆمان ناسیوەتەوە و ڕزگارمان کردووە و خۆمان پەروەردە کردووە، وەک ئەرکێکی ویژدانی و وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی و وەک هەموو ژنانی دانیشتووی ئەم خاکە دەڵێین هەتا ڕێبەر ئاپۆ بە جەستەیی ئازاد نەبێت، تا مافەکانمان بەدەست نەهێنین ناوەستین و هەتا دوژمنانی کۆمەڵگەی ئێزدی تێکدەشکێنین و تێکۆشانمان چڕ دەکەینەوە و بەڵێن بە ڕێبەرەکەمان و هەموو شەهیدانمان دەدەین".

 

"ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵمان نەبوو، بەڵام ڕزگاری کردین"

ئێمشە کۆرکۆرکی چالاکوان، ئامانجی ئەو چالاکییەی ڕاگەیاندو وتی: "ئەمڕۆ ئێمە بۆ سەرۆکمان ڕێپێوان دەکەین و داوای ئازادی دەکەین و هیوای ئازادی بۆ دەخوازین، ڕێبەر ئۆجالان لەڕووی جەستەییەوە لەگەڵ ئێمە نەبوو، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا زۆر کاری بۆ کردین ڕێبەرەکەمان ئەمڕۆ هەوڵی جدی داوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگای ڕاست و داواکردنی ئازادی، ئێمە وەک دایکانی شەنگال سڵاو بۆ ڕێبەرەکەمان لە شەنگالەوە بۆ دوورگەی ئیمرالی دەنێرین و دەڵێین هەتا ئازادی بەدەست دەهێنین بەردەوام دەبین لە کارەکانمان".

 

"ڕێبەر ئۆجالان کلیلی ئازادی هەموو گەلانە"

فیلۆز شەنگالی، وتی: " "رێبەر ئاپۆ ڕەنجی زۆری بۆ ئێمە داوە، وەک ژنانی ئێزدی ئێمە بەهێز بووین و هەرگیز زوڵم و کۆیلایەتی قبوڵ ناکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە هۆکاری گۆشەگیرییەکە ئەوەیە کە دەیانەوێت دەنگی ڕێبەر ئۆجالان نەگاتە خەڵک، چونکە دەزانن ڕێبەر ئۆجالان کلیلی ئازادیی هەموو گەلانە".