"دەبێت لەسەر شەقامەکان بین"

ژنان لە شەقامەکانی بەرلین پشتگیری تێکۆشانی ژنانیان لە ئێران کرد و شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییان شەرمەزارکرد.

ئەلیف ئاکگوڵ

 

بەرلین- کوردستانیان و دۆستانی کوردستان کە لەسەر بانگهێشتی یەکێتی ژنانی کورد " Kurdisches Frauenburo fur Frieden e.V. " کۆبوونەوەو پشتیوانییان لەو بەرخۆدانە کرد کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، هەروەها شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیان شەرمەزارکرد.

 

پشتیوانی ژنانی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بۆ چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامەو ژنان لە شەقامەکانی بەرلین بە کوردی و فارسی و ئەڵمانی سڵاویان لە بەرخۆدانی ژنان کرد، کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە ترسی ڕژێم لە هێزی ژنانی دەزانن، هەروەها ڕایانگەیاند کە بەرخۆدان و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

 

"ئەگەر ژن ژیان بێت، دەبێت ژیان ئازاد بێت"

مەهتاب ئیرۆل لە کۆنگرەی دامەزراندنی دێرسیم قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و بەبیری هێنایەوە کە "ژن ژیان ئازادی" لەهەمان کاتدا دروشمی شۆڕشی رۆژئاوایە و وتی: "لە هەموو بەشەکانی جیهان چالاکی هەیە، بەڵام شتێک لەبیرچووە، ژن ژیان ئازادی دروشمی ژنانی کوردە، دروشمی شۆڕشی ڕۆژئاوایە، ئێمە وەک ژنانی کورد لێرەین بۆ ئەوەی پشتیوانی لە مانای ئازادی نیشان بدەین ئێمە لێرەین بۆ ئازادی ژنان، ئێمە لە هەموو شوێنێکی جیهان دژی توندوتیژی دژی ژنان دەوەستینەوە ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان بۆ ئازادی ژنان و کەسایەتی و ژیانی ئازاد، ئێمە بە دروشمەکانی خۆمان دەڕۆین، دەڵێین ژن ژیان ئازادی چونکە ژن ژنە، ژیان ژیانە، ئازادی ئازادیە ئەگەر ژن ژیان بێت، دەبێت ژیان ئازاد بێت".

 

"ئەرکی ئێمە ئەوەیە پێکەوە لەسەر شەقامەکان بین"

ژنێکی ئێرانی کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرابکات بە ئاژانسەکەمانی وت: "ماوەی سێ هەفتەیە خەڵک لەسەر شەقامەکانن لەم پرۆسەیەدا تەقە لە خەڵک کرا کوشتنی خەڵک بەردەوامە بۆیە ئێمە لێرەین، زیاتر لە ٩٠ کەس لە پارێزگای بەلوچستان لە ئێران کوژراون و ژمارەیەکی زۆر منداڵیشیان تێدایە و تەرمەکانیان ڕادەستی خانەوادەکانیان نەکراون خێزانەکان ناتوانن تەرمەکان لە دەوڵەت وەربگرنەوە، ئێستا ئەرک و ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لەسەر شەقامەکان بین و هەتا بتوانین خەڵک بانگهێشت بکەین بۆ سەر شەقامەکان و بیانبەینە سەر شەقامەکان".

 

"ئێمە نەوەستایین و ناوەستین"

شەرمین گوڤەن ئاماژەی بەوەکرد کە مانگێک بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی تێپەڕنەبووە کە شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل-مان بیست، وتی: " ئێمە زانیمان کە هاوڕێکەمان کوژراوە و بۆیە ڕژاینە سەر شەقامەکان، ئێمە نەوەستایین و ناوەستین، وەک ژن و پیاو و منداڵ کاتێک هەموو ژنێک هاواری ژن ژیان ئازادی دەکات ژنۆلۆژی زیندوو دەکەینەوە".