لە ماوەی ١٠ مانگدا ٢٦٤ ژن و ٢١ منداڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون

لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ماوەی ١٠ مانگدا ٢٦٤ ژن و ٢١ منداڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، گوڵشەن کۆچوک، سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئاژانسی ژن نیوزیش دەڵێت: هەروەک چۆن ڕۆژانە توندوتیژی ڕوودەدات، لە دژی ئەوە تێکۆشانێکی مەزنیش بەڕێوە دەبرێت.

دەلال ساری

 

ناوەندی هەواڵ- هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لەناو ماڵ، خێزان و کۆمەڵگەدا بێت، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە کە شوێنەواری قووڵ لەسەر ژنان بەجێدەهێڵێت، ژنان لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان تووشی توندوتیژیی سیستماتیک دەبنەوە، پاڵپشتی ئەو نەریتانەش دەکرێت کە توندوتیژی زیادتر دەکەن، ڕێوشوێنی پاراستن و خۆپارێزی جێبەجێ ناکرێت و دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەنجام نادرێت، بۆیە تاوانباران ئەو سزایە وەرناگرن کە شایەنیانە، ژنان هەندێک جار لەلایەن ئەو پیاوانەی کە نایانناسن و هەندێکجاریش لەلایەن پیاوانی نزیکترینیانەوە ئازار دەدرێن.

 

هەوڵدان بۆ ژیانی ژنان خاڵی کۆتایی توندوتیژییە، ژنان بە هۆکاری جۆراوجۆر لەلایەن پیاوانەوە دەکوژرێن، وەک ویستی جیابوونەوە، هاوسەرگیری نەکردن یان لە پەیوەندیدا بوون، ئارەزووی بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیان، هەڵبژاردنی ئەو جلوبەرگانەی کە دەیانەوێت لەبەری بکەن، یان ئارەزووی خوێندن لە زانکۆ و ئەو کردارانەی کە مافی ژن لە ژیاندا دەبەن. تاوانبارانی کوشتنی ژنان ئەو پیاوەیە کە ژنەکە هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، کوڕەکەیەتی، براکەی، خۆشەویستەکەیەتی، دراوسێی پیاوەکەی، ئەو پیاوەی کە خەریکە جیا دەبێتەوە، خۆشەویستەکەی پێشووی یان باوکییەتی.

 

مردنی گوماناوی بە باشی لێکۆڵینەوەی لەسەر ناکرێت

زۆرێک لە حاڵەتەکانی مردنی گوماناوی ژنان بە "مردنی سروشتی، ڕووداو، خۆکوشتن" تۆمار دەکرێن بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت کە ئایا لە ڕاستیدا ڕووداوە، کوشتن یان خۆکوشتن بووە، بانگەشەی ئەوە دەکرا کە شولێ چێت لە نهۆمی بیستەمی گۆڕەپانێک لە ئەنقەرە خۆی هەڵدا و ژیانی لەدەستدا، لە ڕێگەی خەباتی ژنان و بنەماڵەکەیەوە دەرکەوت کە کوژراوە و ئەمەش نموونەیەک بوو بۆ مردنی گوماناوی.

 

هیچ ئامارێک هەڵناگیرێت کە ئاستی توندوتیژی ئاشکرا بکات

ئاماری فەرمی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار ناکرێت و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی ژنان داتای ڕووداوە توندوتیژەکان کۆدەکەنەوە کە زۆرترین ڕوماڵی میدیاکانیان لەسەرە، یەکێک لەو کەناڵانەی کە داتای توندوتیژی ئامادە دەکات ئاژانسی ژن نیوزە، کە بەپێی ئەو ئامارانەی کۆی کردووەتەوە، لە نێوان مانگی یەک تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، تەنها لە ماوەی ١٠ مانگدا ٢٦٤ ژن و ٢١ منداڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و گومان دەکرێت ١٦٤ ژن و ٢٤ منداڵ گیانیان لەدەستدابێت.

 

گوڵشەن کۆچاک سەرنووسەری ڕۆژنامەی JÎNNEWS هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو داتایانە کرد کە سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان ئامادەکرابوون و دەڵێت: بە سەردەمێکدا تێدەپەڕین کە توندوتیژیی پیاو-دەوڵەت زیاتر دەبێت و دیارترین نیشانەی ئەمەش شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەتوانین بڵێین ئەم شەڕانە بەبێ گوێدانە ئەوەی لە شەڕدا بن یان نا، لە ڕووی جیاوازەوە لە ژیانی هەموو ژناندا دەگۆڕێت بۆ توندوتیژی، وێنەکانی توندوتیژی لە باکووری کوردستان و تورکیا کە ئاستی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان نادەن، بەڕاستی ئەمەمان پێدەڵێت، ئاماری ژنانی کوژراویش هەڵسەنگاندنی جینۆساید پشتڕاست دەکاتەوە، کە بەپێی ئامارەکانی ژن نیوز، لە ماوەی ١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٤٢٨ ژن گیانیان لەدەستداوە و گومانی گیانلەدەستدانی ١٦٤یان دەکرێت، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی زیادبوونی داتاکانی توندوتیژی، ئەو عەقڵیەتەیە کە شەرعیەت بە توندوتیژی و تاوان دەدات، بۆیە دەتوانرێت بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ڕووی دەروونییەوە ئەنجام بدرێت و ژنانیش دەیان ساڵە بەرەنگاری و ڕێکخستنی دژی نوێنەرانی ئەم عەقڵیەتە دروستدەکەن و لە تێکۆشاندان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان.