عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لەڕووى کارکردنى منداڵانەوە

سەرۆكی ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، كاركردنی منداڵان دیاردەیەكی جیهانییە و عێراقیش پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە لەو ڕووەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

فازل غەراوی، سەرۆكی ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لە بارەی پلەى عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانى عەرەبى بۆ كاركردنی منداڵان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: كاركردنی منداڵان دیاردەیەكی جیهانییە و بەرزترین ڕێژەش لە وڵاتانی كەم داهاتدا هەیە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لەڕووى کارکردنى منداڵانەوە لە دوای یەمەن و سوودان و میسر، ڕێژەی كاركردنی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ ١٥ ساڵ دایە دەگاتە ١٣.٦٪ و ئەو منداڵانەی تەمەنیان زیاترە دەگاتە ٣٤.٨٪.

 

سەبارەت بە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی كاركردنی منداڵان لە عێراق وتوویەتی: دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئابووری بەهۆی كەمی داهاتی خێزان، ڕێژەی بەرزی بێكاری، هەژاری، ململانێكان، ئاوارەبوون، ڕێژەی بەرزی توندوتیژیی خێزانی لە دژی منداڵان و سیستمێكی لاوازی یاسادانان.

 

لە ماددەی ١٥ی یاسای خوێندنی عێراقدا باسی هاوكاری نێوان وەزارەتی پەروەردە ‌و وەزارەتی كار‌و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكات، بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێ كردنی بڕیاری كارپێنەكردنی منداڵان بەر لە تەواوكردنی تەمەنی یاسایی.