عێراق، داوای مافی مریەم ئەلرکابی دەکرێت کە بە تێزاب سوتێنراوە

پێش نزیکەی ٦ مانگ، مریەم ئەلرکابی بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری، لەلایەن کوڕێکەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بە تێزاب ڕووی دەسوتێنرێت، چالاکوانان و خێزانەکەشی داوای مافی مریەم و دەستگیرکردنی تاوانبار دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٦ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق سەبارەت بە هێرشکردنە سەر مریەم ئەلرکبی لە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە ماڵەکەی خۆیدا و سوتاندنی ڕووی بە ترشی نایتریک-تێزاب، ڕایگەیاند کە بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.

 

ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادوەری لێکۆڵینەوە بەردەوامن لە کارکردن کەیسی مریەم، دادوەری لێکۆڵینەوە دەڵێت: "لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا سکاڵاکار "مەریەم" لەلایەن کەسێکی دەمامکدارەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە شەقامی فەلەستینی بەغدا بە مادەی تێزاب ڕووی دەسووتێنرێت و تەلەفۆنەکەشی دەدزرێت".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە کەسوکاری مریەم لە بنکەی پۆلیسی قەنات سکاڵایان دژی ع. ق. و هاوڕێکەی بە ناوی ع. هـ کردووە، بەپێی فەرمان دەستگیرکراون، بەڵام ئەنجامدانی تاوانەکەیان ڕەتکردووەتەوە، دادوەر دەشڵێت: لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە و بەڵگەکان کۆدەکرێتەوە، دادگا بڕیاریداوە پەڕاوەکان ڕاپێچی یەکەی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی تاوانەکانی بەغدا بکات.

 

داوای بە سزا گەیاندنی تاوانبار دەکەن

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا میدیا ناوخۆییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دۆسیەی مەریەم ئەلریکابی، خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانیان بڵاوکردەوە، چالاکوانان و هاوڵاتیان داوادەکەن هەرچی زووە تاوانباران سزا بدرێن.

 

 

باوکی مەریەم لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا وتی لە ڕۆژی ڕووداوەکە خۆی و دایکی مریەم لە کاربوون، هەریەک لە مریەم و براکەی و براژنەکەی لەماڵەوە بوون کاتێک کاسێکی دەمامکدار هێرشی سەر ماڵەکەیانی کردووە.

 

دایکی مەریەم، وتیشی: کامێرا چاودێرییەکان ڤیدیۆی تاوانبارەکەیان گرتووە، کە تێیدا پیاوێکی دەمامکدار بە جانتا و دارێکەوە لە شەقامەکە هاتوچۆی کردووە، بەڵام تا ئێستا تاوانبارەکە دەستگیرنەکراوە، کاتێک چووینە دادگا مافی مەریەممان وەرنەگرتووە، بەڵام دادوەرەکە هاوسۆزیی لەگەڵ تاوانبارەکەدا هەبووە".

 

کەسوکاری قوربانییەکە داوایان لە دەسەڵات و ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد کە دۆخی مەترسیداری کچەکەیان لەبەرچاو بگرن.

 

ت.پ