دووهەمین فیستیڤاڵی هەنجیر لە تەقتەق بەڕێوەچوو
لە شارۆچکەی تەقتەق دووهەمین فیستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوەچوو، تێیدا بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی ژنان نمایشکرا.
ئەڤین جبرائیل
کۆیە- ڕۆژی پێنجشەممە، بە درووشمی تەقتەق بوکی ڕازاوەی کەنار زێی بچووک دووهەمین فیستیڤاڵی هەنجیر دەستیپێکرد کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
بە بەشداری ژنان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەولێر، سلێمانی، تەقتەق، پێنجوێن، قەڵادزێ کۆیە، دووهەمین فیستیڤاڵی هەنجیر لە شارۆچکەی تەقتەق بەڕێوەچوو.
لە فیستیڤاڵەکەدا ژنان بەرهەمی کاری دەستی خۆیان، بەرهەمی خۆماڵی و خواردن و شیرینی هەروەها بە نمایشکردنی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی بەشداربوون، ژنانی خاوەنپێداویستی تایبەت بەشداری فیستیڤاڵەکەیان کردبوو بەرهەم و کارە دەستییەکانی خۆیان نمایشکرد و ئاماژەیان بەوەکرد کە بووەتە سەرچاوەی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.
ناوچەی تەقتەق خاکێکی شیاو و گونجاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەنجیر، ئەم فیستیڤاڵەش ساڵانە بۆ پاڵپشتی و ناساندن و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی شارۆچکەی تەقتەق ڕێکدەخرێت، لەم ڤیستیڤاڵەدا جگە لە نمایشکردنی بەرهەمی هەنجیری جۆراوجۆری زیاتر لە ٦٠ جوتیاری ناوچەکە، چەندین بەروبووم و کاری دەستی دیکە نیشاندەدرێن.