بڵاوکردنەوەی وێنەی ژینا ئەمینی لە مۆزەخانەی گۆگنهایم
کۆمەڵێک هونەرمەندی نەناسراو وێنەی ژینا ئەمینی و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لە مۆزەخانەی گوگنهایم نمایشکرد.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ، ٢٢ی تشرینی یەکەم، کۆمەڵێک هونەرمەندی نەناسراو لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەر و بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی، وێنەی ژینا ئەمینی و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لەسەر لافیتەیەکی سوور لە مۆزەخانەی بەناوبانگی گوگنهایم لە نیویۆرک نمایش کرد.
شیرین نەشات، هونەرمەندی دیاری ئێرانی-ئەمریکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆیدا پاڵپشتی ئەم بزووتنەوەیە دەکات و نووسیویەتی: شانازی بەو چەند هونەرمەندە ئازایەی ئێرانی دەکەم کە بە دانانی ئەم وێنە جوانانە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی سەرسوڕهێنەریان نیشاندا.
شیرین ڕەخنەی لە بێدەنگیی هونەرمەندان بەرامبەر ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی گەلی ئێران گرت و ئەو هونەرمەندانەی بە "ویژدانی بێدار"ی کۆمەڵگەی هونەری ناوبرد و دەشڵێت: کۆمەڵگەی هونەری جیهانی خەواڵووە و زۆر گرنگی بە خەباتی گەلی ئێران و ژنانی ئێران بۆ مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و ئازادی نادات".