کەژەکە: ئیدارەی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تیرۆرەکان بەرپرسیارن

کۆمیتەی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانییە دیموکراتییەکانی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە لە پەیامێکدا لەبارەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، دەڵێت: لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک دوژمنایەتیی خۆی بۆ پێشەنگی شۆڕشی ژنان لە کوردستان گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ کۆمیتەی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانییە دیموکراتییەکانی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە پەیامێکی لەبارەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی و سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژیی لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانیی بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ”بە تووڕەیییەکی زۆرەوە پێشوازی لە کوژرانی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و تەڤگەری ئازادیی کوردستان دەکەین و بە توندی ئیدانەی دەوڵەتی بکوژی تورک دەکەین، کوشتنی ناگیهان دوایین نموونەی سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی فاشیستی تورکە، کە لە کوردستان دژی ژنانی پێشەنگ ئەنجامی دەدات”.

 

دەشڵێت: ”ناگیهان ئاکارسەل سیمبولێک بوو، کە نزیکەی ٣٠ ساڵە تێکۆشان بۆ فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ دەکرد، کە ئەمڕۆ لە هەموو گۆشەکانی جیهاندا دەنگ دەداتەوە، بە ناسنامەی خۆی وەک ڕۆژنامەنووس-نووسەر و ژنۆلۆژیستێک لە نێو کۆمەڵگە و ژنانی کورد-دا ناسرابوو”.

 

کەژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل ڕووداوێکی هەڕەمەکی نییە و هاتووە: چونکە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی فاشیستی تورک و دوژمنایەتیی خۆی بۆ ژنان پێشەنگی شۆڕشی ژنان لە کوردستان گەیاندووەتە بەرزترین ئاست، بەم پێیەش، پەیوەندییەکی ڕوون هەیە لە نێوان ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس ئەنجامدرا و شەهید ساکینە جانسز کرایە ئامانج، لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژییەی کۆبانێ کە لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ پێشەنگانی کۆنگرەستاریان کردە ئامانج، دواجاریش تیرۆرکردنی هاوڕێمان ناگیهان ئاکارسەل.

 

دەشڵێت:”دەوڵەتی فاشیستی تورک لە ڕۆڵی ڕێکخستنەکانی ژنان لەناو تەڤگەری ئازادیی کوردستاندا تێگەشتووە، بۆیە بە ئامانجی شکستپێهێنانی تێکۆشانەکەمان و شکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەمان و نەهێشتنی تێکۆشانمان بۆ ئازادیی، بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشەنگانی تەڤگەری ئازادیی ژنان دەکاتە ئامانج”.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل دوا ئەڵقەی ئەو زنجیرە تیرۆرانەیە، کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا میتی تورک لە کوردستان ئەنجامی داوە و چوار ئەندامی تەڤگەری ئازادیی و وڵاتپارێز تیرۆرکراون، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانە لە سلێمانی کراون، ئیدارەی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیارن.

 

کەژەکە جەختی دەکاتەوە: ئێمە قبوڵ ناکەین کە دەوڵەتی تورکی دوژمنی کورد، پلانە گڵاوەکانی خۆی و کۆمەڵکوژییە دڕندانەکانی بەسەر ئەو ناوچانەدا جێبەجێ بکات، کە لاوانی کورد تێیدا دەژین، چاوەڕی دەکەین ئیدارەی شاری سلێمانی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دەستگیرکردنی بکوژان و دابینکردنی سەلامەتی کوردان لە کوردستان. ئەمەش دەبێتەهۆی ڕاگرتنی هەموو کارە چەپەڵەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک لەسەر سنووری باشووری کوردستان.

 

دەشڵێت:”بەڵام یەک ڕاستی هەیە کە دەبێت بیزانن؛ هەرچییەک بکەن ناتوانن دوورمانبخەنەوە لە ئازادیی و ڕێگریی لە شۆڕشی ژنان بکەن، کاتێک یەکێکمان لێ کەمدەبێتەوە، هەزارانی دیکە شوێنی دەگرنەوە، ئەم ڕاستییەش ئەمڕۆ زۆرتر لە سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی کوژرانی ژینا ئەمینیی دەبیندرێت”.

 

کەژەکە داواش لە ژنانی كوردستان و جیهان دەکات، كە لە دژی تیرۆرکردنی ئەندامان و لایەنگرانی تەڤگەری ئازادیی كورد لە لایەن توركیاوە هەڵوێستی تووندیان هەبێت و دەڵێت: لە هەموو کاتێک گرنگترە کە ئێمە وەک ژنانی جیهان بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر و کاریگەرتر لە دژی هێرشەکانی سیستەمی پیاوسالاریی جیهانی بووەستینەوە، داوا لە گروپە سەربەخۆکانی ژنان، بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان، زانایانی فێمینیست و هەموو ئەو ژنانەی کە لە تێکۆشاندان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد، دەکەین؛ تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل شەرمەزاربکەن، خاوەندارێتیی لە یاد و یادەوەرییەکانی بکەن و بەرگری لە شۆڕشی ژنان بکەن و لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانە هەستنەسەرپێ، کە تەڤگەری ئازادیی ژنانی کوردستان دەکاتە ئامانج.