ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خابور و بارین بۆتان یادیان بەرز ڕاگیرا
فەرماندەکانی یەپەژە، ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خابور و بارین بۆتان، کە بە نوێنەرایەتی یەپەژە بەشدارییان لە کۆڕبەندی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردبوو، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە ٢٢ی مانگدا ژیانیان لەدەستدا، لە کۆڕبەندەکەدا بەبیر هێنرانەوە.
قامیشلۆ
یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، فەرماندەکانی یەپەژە ژیان تۆڵهەڵدان، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆڕبەندی شۆڕشی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، رۆژ خابوور و بارین بۆتان بەناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنان بەشدارییان کردووە لە کارەکانی کۆڕبەندی شۆڕشی ژناندا، ٢٢ی تەمموز لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گیانیان لەدەستدابوو.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دەیەمین ساڵیادی شۆڕشی ژنان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و هێرشە ئاسمانییەکانی زیادکرد، ٢٢ی تەمموز لە دوای کۆتایهاتنی یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندی شۆڕشی ژنانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی تورکیا بە فرۆکەی بێفرۆکەوان لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ هێرشی کردەسەر ئۆتۆمبێلێک و لە ئەنجامدا فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە ڕۆژ خابور، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیل-قەسەدە، ژیان تۆڵهەڵدان، فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆر، بارین بۆتان ژیانیان لەدەستدا.
"بەڵێن بە هەر سێ شەڕڤانەکە دەدەین ئاڵای بەرخۆدانی ژنان بەرز بکەنەوە"
دوێنێ کۆڕبەندی شۆڕشی ژنانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کارەکانی کۆتاییپێهات، لە یادی هەر سێ فەرماندارەکەی یەپەژەدا ئاسیا عەبدوڵا، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: "دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک و لە ئەنجامدا هە سێ ژنە شەڕڤان و فەرماندەی یەپەژە و یات، ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خابور و بارین بۆتان شەهید کران، ئەو سێ ژنە پێشەنگە لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرامبەر داعش بەرخۆدانێکی بێ وێنەیان تۆمارکرد کە ژیان تۆڵهەڵدان لە عەفرین و ڕۆژ خابور لە دربەسپی و بارین بۆتانیش لە عەفرینەوە بەشداربوون.
ئاسیا عەبدوڵا وتیشی: لە ئەنجامی ئەم هێرشە دڕندانەیەدا سێ ئەندامی مەکۆی شۆڕشی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهید بوون. ئەم سێ ژنە پێشەنگە لە کۆڕبەندی شۆڕشی ژناندا ئامادەبوون و چاودێری و هەڵسەنگاندنیان کرد، بۆچوون و هیوا و چۆنییەتی خەبات بۆ داهاتووی ژنانیان خستەڕوو و بەڵێنی بەرزکردنەوەی تێکۆشانیاندا، وەک ئەندامانی کۆڕبەندی شۆڕشی ژنان بەڵێن بە هەر سێ تێکۆشەرەکە دەدەین تا کۆتایی ئاڵاکەیان بەرز دەکەینەوە، ئێمە بە دوای تێکۆشانی ئەواندا بەردەوام دەبێن و بێ دوو دڵی ئاڵای خۆڕاگری ژنان لە بەرامبەر هەموو هێرشەکان بەرز دەکەینەوە، ئەو بەڵێن و بڕیارەی دامان نوێ دەکەینەوە.
یادی هەرسێ ژنە تێکۆشەرەکە بە دروشمی "شەهیدان نامرن" و بەرزکردنەوەی وێنەی ئەو سێ شەهیدە کۆتایی پێهات.