" قەیرانی دارایی گەورەترین توندوتیژیە بەرامبەر بە ژنان"

قەیرانی دارایی دروستکراوی دەسەڵاتداران ژنان بە ئامانج دەگرێت و شێوازێکی توندوتیژییە بەرامبەر ژنان کە لە زۆر مافی ژیان بێبەشیان دەکات، ژنان دەڵێن: پێویستە گوێ لەژنان بگیرێت تا بزانرێت گرفتەكانیان چین لەناو خێزان و لەدەرەوەی خێزانیش.

شیا كۆیی

 

كۆیە_ قەیرانی دارایی زۆرجار کاریگەرییە خراپ و درێژخایەنی هەیە لەسەر ژنان، دەتوانێت هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بێت و هەر كاتێك داهات کەم دەبێت و خەرجیەکان زۆر دەین، فشاری ئابووری و دەروونی لە خێزاندا زیاد دەکات، و زۆرجار ئەم فشارانە هەمووی لەسەر ژنانە، هەروەها قەیرانی دارایی دەرفەت و کاروباری ژنان سنووردار دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی توندووتیژیەكان، بەم شێوەیە قەیرانی دارایی نەك تەنها بار و ئازاری ماددی دروست دەكات، بەڵكو دەتوانێت ڕوولێکی گرنگی لە زیادکردنی توندووتیژی و نەهێشتنی مافی ژنان هەبێت.

 

چیمەن ڕەفیق، لێپرسراوی ناوەندی ژنانی كۆیە سەبارەت بە قەیرانی دارایی و كاریگەریەگانی لەسەر خێزان و ژنان، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: بێگومان دواكەوتنی موچە كاریگەری زۆرە لەسەر خێزانەكان و ئەو داراییە كەمەی خێزانەكان وەریدەگرن بە دوو سێ مانگ كارەساتی زۆر گەورەی درووست كردووە، ئێمە ڕۆژانە لە بارەگاكەمان چەندین ژن سەردانیمان دەكەن و سكاڵای خراپی باری دارایی دەكەن و دەڵێن منداڵەكانمان بەبێ خەرجی دەچنە خوێندنگە، چونكە هیچ پارەیكمان نییە بیان دەینێ و ناتوانین جلوبەرگ و پێداویستیان بۆ دابین بكەین.

 

" قەیرانی دارایی گەورەترین توندوتیژیە بەرامبەر بە ژنان"

وتیشی: ئێمە وەك ستافەكە نازانین چی بكەین چونكە ئێمەش هەروەك ئەوانین ئێمەش موچە وەرناگرین گەر هەشبێت هەموو پێكەوە وەری دەگرین، بۆیە هیوادارم حكومەتی هەرێم ئاگای لە میللەت بێت، چونكە میلەتەكەی بارودۆخیان زۆر خراپە، بۆیە من دەڵێم قەیرانی دارایی گەورەترین توندوتیژیە بەرامبەر بە ژنان چونكە ژنان هیچیان نییە پەنای بۆببەن و كاتێك منداڵی داواكاری هەیە پێویستیان بە چارەسەرو نۆرینگەی پزیشكە پارەی پاكەتە حەبێكیان نییە، زۆر جار لەبەرخۆمەوە دەڵێم حكومەت لە كوێی؟ چونكە نابێت سەیری هەندێكان بكەین كە هەیەتی بەڵام بەگشتی خەڵك هەژارە، ئەوە هەمووی كارەساتە لەم وڵاتە ڕوو دەدات وخەڵك لە بارودۆخی خراپدا دەژی، گەر بەهانای خەڵكەوە نەیەن كارەساتی گەورەتر ڕوودەدات، زۆر شت هەیە ئێمە هەر ناتوانین باسی بكەین لێرە، لەكۆتایی هیوادارم موچە لەكاتی خۆی بێت ئەو میللەتە بەرەو هەڵدێر نەڕوات چونكە بەڕاستی ئێستا بەرەو هەڵدێر دەڕوات.

 

" قەیرانە داراییەكان زۆر كاریگەری لەسەرهەموومان هەیە"

ئاشنا محەمەد، خوێندكاری پەیمانگایە لەسەر هەمان بابەت وتی: قەیرانە داراییەكان زۆر كاریگەری لەسەرهەموومان هەیە بەتایبەتی زیاتر لەسەر ژنانە چونكە ژنان زیاتر پێویستیان بەخەرجیە و كاتێك موچە نەبێت ژن ناتوانێت پێداویستی منداڵەكانی دابین بكات، قەیرانە داراییەكان دەبنە هۆی تێكچونی خێزانەكان، هەركات ژن داوای خەرجییەکان دەكات توندوتیژی و كێشەی لێدەكەوێتەوە لە نێوانیان تا دەگاتە جیابوونەوەش ئەوەش جۆرێكی دیكەیە لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن .

 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر حكومەت دامەزراندن بكاتەوە ئەو هەموو ژنە كاریان دەست دەكەوێت، بەوەش توندوتیژی و قەیرانی دارایی كەم دەبێتەوە، گەر ژن موچەیەكی هەبێت پێویستی بەكەس نییە لە خێزانەكەی.

 

"ژنان لە کارکردن توندوتیژیان لەسەرە لەبەرئەوەی ژنن"

هایدە شلك ، خوێندكار وتی: قەیرانی دارایی زۆر ناخۆشە هەمو لایەكی گرتۆتەوە ناتوانی هیچ شتێک بكەی وهەرچی دوكاندارو فرۆشیاریشە دەڵێن مشتەریمان نییە بازاڕ نیە، ئەوە ئەگەر بۆگشتی گەروابێت دەبێت بۆ ژن چۆن بێت، چونكە ژن بۆی گونجاو نییە لەهەموو شوێنێك كاربكات، جا لەبەر ئەوەی هەڕەشەی توندوتیژی لەسەرە یان لەبەر ئەوەی ژنە، هەرچەندە جیاوازی نەماوە ژنان هاوشانی پیاو كاردەكەن .

 

هایدە شلک لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: لەهەفتەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنانین بەڵام بە بۆچوونی من نابێت یەك رۆژ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دابنرێت چونكە ژنان رۆژانە چەندین توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت، بۆیە پێویستە گوێ لەژنان بگیرێت تا بزانرێت گرفتەكانیان لەناو خێزان و لەدەرەوەش چین.