قەسەدە: دەوڵەتی تورک تاوانی دژی بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا خەڵکی مەدەنی و ژێرخان دەکاتە ئامانج و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" سەبارەت بە هێرشەکانی لەشکرکێشی بۆ سەر باشووری مەنبج و بەرخۆدان راگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بەردەوامن و ئەو هێرشانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێکدەهێنن.

 

قەسەدە ئامارەکانی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە:

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشەکانی خۆی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درێژە پێداوە، ڕۆژانە گوندەکان، ناوچە نیشتەجێکان و ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوێنێ (شەمە) لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ بە تۆپباران هێرشەکانی لەسەر بەردەم گوندی خربە زەمالا لە گوندەکانی بەنداوی تشرین دەست پێکرد، دواتر چەتەکان هێرشیان دەستپێکرد، شەڕڤانەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە؛ ژمارەیەکیان لێ کوژرا و بریندار کرا، چەتەکانی تریش لە ناوچەکە هەڵهاتن.

 

چەتەکان لەم ناوچەیە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی تری شەڕڤانەکانمان، بەڵام بەرەوڕووی بەرگرییەکی گەورەی شەڕڤانەکانمان بوونەوە، بەپێی ئەوەی دیاریکرا سێ چەتە کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون، شەڕ و پێکدادان هەتا کاتژمێرەکانی ئێوارە بەردەوام بوو.

 

کاتێک چەتەکان هەوڵیاندا تەرمی کوژراوەکانیان بگوازنەوە، یەکینەکانی شەهید هاروون چالاکییان دژی سێ کۆبوونەوەی چەتەکان و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان و ئۆتۆمبێلێکی تری پیکابدا، هەندێک چەتە کوژران و هەندێکی تریش بریندار بوون، بەڵام ژمارەی ڕوون بەدەست نەکەوت.

 

لە دەوروبەری گردی سیرتل یەکینەکانی شەهید هاروون گورزیان لە تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی دۆشکای چەتەکاندا و لە ئەنجامدا دوو چەتە بریندارکران.

 

لە بەرەی دێر حافر-یش، چەتەکان بە گولـلەی هاوەن هێرشیان کردە سەر بازگەیەک لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بریندار بوو، شەڕڤانەکانمان وەڵامی تۆپبارانەکەیان دایەوە.”