قەدەغەیەکی تری سەیر و سەمەرە لە تاڵیبانەوە

ڕژێمی تاڵیبان کە دەستی بەسەر ئیدارەی ئەفغانستاندا گرتوە هەموو ڕۆژێک قەدەغەی سەر ژنان زیاد دەکات، ئەم جارەش فەرمانی بە ڕێگاکان کرد کە ڕێگری بکەن لەوەی ژنان بەتەنها بچنە فڕۆکەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئیدارەی ئەفغانستاندا گرت، هەموو ڕۆژێک توندوتیژی دژی ژنان زیاتر دەبێت، تاڵیبان کە بەم دواییانە قەدەغەیان کردووە کە ژنان نابێت ٧٢ کیلۆمەتر دورتر بەبێ پیاو هاتووچۆ بکەن، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا خوێندنگەکانی ژنان کە ماوەیەکی زۆرە داخراون بە بێ کرانەوە دووبارە داخرانەوە، ئەمجارەیان قەدەغەیەکی تری سەیرو سەمەرەیان لەسەر ژنان ڕاگەیاند.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن AFP کۆمپانیای هێڵی ئاسمانییەوە بە دەست گەیشتووە، تاڵیبان فەرمانی بە هێڵی ئاسمانی کردووە کە ڕێگە بە ژن نەدات بە تەنها سواری فڕۆکە ببێت، بەپێی فەرمانەکە، ژنان تەنها دەتوانن بچنە ناو فڕۆکەکانەوە ئەگەر هاوژین یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەگەڵدا بێت.

 

هێڵی ئاسمانی ئاریانا ئەفغان و کام ئێر فەرمانی تاڵیبانیان پشتڕاست کردەوە، لە نامەی هێڵی ئاسمانی ئاریانا ئەفغان بۆ ستافی هێڵەکەی تێیدا هاتووە، " نابێت ڕێگە بە ژنان بدرێت بە بێ خزمە نێرەکانیان بۆ گەشتی ناوەوە و دەرەوەش بەتەنها سواری فڕۆکە ببن".