قاتوقڕی منداڵانی غەززە وێران دەکات

ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان بانگەوازی بەپەلەیان بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵان بەهۆی بەدخۆراکییەوە ١٠٠ کەسی تێپەڕاند، ئەمەش نیشاندەرێکی بەرچاوە بۆ قەبارەی ئەو کارەساتەی ڕووبەڕووی دانیشتوانی کەرتی غەززە دەبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە، دۆخی مرۆیی بە ڕادەیەکی بێ وێنەی خراپتر بووە، بە تایبەت لەگەڵ بەردەوامی گەمارۆکە، کە بووەتە هۆی برسێتی و گیان لەدەست دانی هاوڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتی منداڵان.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئاب، هێزەکانی ئیسرائیل دوو کۆمەڵکوژییان لە خان یونس و شاری غەززە ئەنجامدا و بەهۆیەوە ٩ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، سەرچاوە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی ناسر بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی چادرێک لە ناوچەی مجایدە لە خان یونس کراوەتە ئامانج، تەرمی پێنج کوژراو و چەند بریندارێک گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە.

 

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی مەعەمدانی شاری غەززە، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی ماڵێک لە گەڕەکی زیتون لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە، تەرمی چوار کوژراو و چەند بریندارێک گەیشتووە.

 

ماوەی ٢٢ مانگە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە شەڕی جینۆسایدیان لە کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٦١ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان منداڵ و ژنن و ١٥٣ هەزار و ٥٧٥ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش ڕێژەیەکی سەرەتاییە، هێشتا قوربانییەکان لە ژێر داروپەردوو و لە شەقامەکاندا نێژراون، لەکاتێکدا گروپەکانی فریاگوزاری ناتوانن بگەنە دەستیان، زیاتر لە ١٠٠ منداڵ گیان لەدەست دەدەن.

 

کاربەدەستانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١١ی ئاب بانگەوازیان کرد بۆ ڕێوشوێنی بەپەلە، دوای ئەوەی بەرپرسانی تەندروستی غەززە ڕایانگەیاند کە زیاتر لە ١٠٠ منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣.

 

نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵانی زیاتر لە ١٠٠ بە ساتێکی دڵتەزێن پێةاسەکرد کە ویژدانی جیهان شەرمەزار دەکات، داوای وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و لەمێژە دواکەوتوو دەکات.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ لە مەترسییەکی گەورەدا ماونەتەوە، هەروەها زیاتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی غەززە ڕایانگەیاندووە کە چەند ڕۆژێک بەبێ خواردن بەڕی دەکەن، جەختی لەوە کردەوە کە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی یارمەتی خۆراک لە غەززە پێویستی بە زیاتر لە ٦٢ هەزار تۆن هەیە لە مانگێکدا، بەڵام تا ئێستا ڕێگە بە بڕی پێویست نەدراوە بۆ دڵنیابوون لە مانەوەی نزیکەی دوو ملیۆن کەس.