قەڵادزێ، دژی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا هاوڵاتیان گردبوونەوە

لە قەڵادزێ گردبوونەوەیەک دژی هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕێکخراو و ئاماژەیان بەوەدا کە پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشانەی شکستی پیلانەکانییەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنی لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەرین، گردبوونەوەیەک دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کامپی مەخمور، شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخرا و تێیدا هاوڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی بەشداربوون.

 

لە گردبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکرا دەوڵەتی تورک هێرش و پەلامار و دەستدرێژییەکانی گەیاندووەتە لوتکەی هۆڤێتی و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی خۆی لەگەڵ هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان تێکەڵ کردووە، بەتایبەتیش هاوکار و هاوپەیمانێکی سەرەکی داعشە، ئەمەش بە دەیان بەڵگە سەلمێندراوە.

 

بەشداربووانی گردبوونەوەکە جەختیان لەوەشکردەوە هۆکاری هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا شکستی پلانەکانییەتی و بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان خستە ئەستۆی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها وتیان: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک سەردانی ئەردۆغان دەکات وا دەستی خوێناوی دەگوشێت، ئەمە وەکو خیانەت بەناو دەکەین و بە جۆرێکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بوونی نییە".

 

ت.پ