پزیشک ئەژین داود: پشکنینی پێشوەختە هاوکارە بۆچارەسەری خێرا
پزیشک ئەژین داود، پشپۆڕی نەخۆشیەکانی مەمک دەڵێت: شێرپەنجەی مەمک بڵاوەو بەیەکەمین جۆری شێرپەنجە دادەنریت لای ژنان، پشکنینی پێشوەختە هاوکارە بۆچارەسەری خێرا.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-شێرپەنجە ئەو نەخۆشیەی کە جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنێت و ژنانیش زیاتر تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان و مەمک دەبن، پزیشک ئەژین داود پسپۆری نەخۆشیەکانی مەمک قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی: پێویستە ژنان وریا بن و هەر شەش مانگ جارێک یاخود ساڵانە پشکنینی پێشوەختە بکەن، ئەمساڵ لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا پێمان باش بووە لە سیمپۆزمێکدا بەشداربین و پێویستە هاولاتیان بەگشتی شارەزای نەخۆشی شێرپەنجە ببن، گرنگە بزانن شێرپەنجە چییەو چۆن هۆشیار بن سەبارەت بە پشکنینی پێشوەختەو هۆکارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە، چۆن ڕێگری بکرێت ئایا دەتوانین چۆن ڕێگری بکەین لە شێرپەنجەی مەمک.
"شێرپەنجەی مەمک بڵاوەو بەیەکەمین جۆری شێرپەنجە دادەنریت لای ژنان"
پزیشک ئەژین داود وتی: پشکنینی پێشوەختە لەلایەن سەرجەم پزیشکانەوە گرنگی پێدەدرێت و جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە پێشوەختە پشکنین بکرێت، جا شێرپەنجەی مەمک بێت یان ملی منداڵدان یان قۆلۆن، شێرپەنجەی مەمک بڵاوترینیانە لای ژنان و لەدوای ئەوە شێرپەنجەی سی دێت بەگشتی، لەکوردستان لە ئێستادا زیادی کردوەو هیوادارم ژنان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و بێن بۆ پشکنینی ێیشوەختە، ئەویش دەتوانن لەماڵەوە خۆیان پشکینین بکەن یاخود دەتوانن بە ئامێری مامۆگرافی بەتایبەت ئەوکەسانەی تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ بەرەو سەرەوەیە پشکنین بکەن، شێرپەنجەکانی تریش دەتوانن پشکنینی پێشوەختەیان بۆ بکرێت، بۆ نموونە قۆڵۆن کە بەیەکێک لەباوترین نەخۆشیەکان دادەنریت، ئەویش بە نازۆر کردن دەردەکەوێت و پێویستە هاوڵاتیان ئاگادار بن.
"مامۆگرافی ڕێگەیەکە بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکە"
پزیشک ئەژین داود لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دلخۆشە بەئەنجامەکان و سەردانیکەرانی ژنان بۆ پێشوەختە دۆزینەوەی نەخۆشیەکەو وتی: نزیکەی ١٠ مانگە ئەو ئامێرە مامۆگرافی هەمانەو کاری پێ دەکەین و لە سەنتەری هەرس و جگەر تایبەتە بە نازۆرو جگەرو گەدەو قۆڵۆن، کە پشکنینی پێدەکرێت و پێویستە خەلک هۆشیار بێت و تەنها لەکاتی ئازار سەردانی پزیشک نەکەن بەلکو لە بینینی هەر حالەتێکی نامۆ لە جەستەدا بەدەم خۆیانەوە بڕۆن.
"پێویستە هاوڵاتیان بزانن چۆن دووربکەونەوە لەو شتەی دەبێتە هۆی شیرپەنجە"
سەبارەت بەوەڵامی ئەو پرسیارەی چی بکەین بۆ ئەوەی لە نەخۆشیەکە دووربین یان هۆکار چیە؟ پزیشک ئەژین داود لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە ئێستادا قەڵەوی هۆکاری سەرەکییە بۆ زۆربەی نەخۆشییەکان، هەروەها وەرزش نەکردن وکەمی جوڵە، هۆکاری هۆرمۆنی و ژینگەیی و خۆراک کاریگەری هەیە، پێویستە هاوڵاتیان بزانن چۆن دووربکەونەوە لەو شتەی دەبێتە هۆی شیرپەنجەو چارەسەرکردنی، چونکە لە ئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوە.