پەیەدە هێرشەکانی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شەرمەزار کرد
ئەنجومەنی ژنانی ''پەیەدە'' ئەو هێرشە سیستماتیکیانەی شەرمەزار کرد کە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی لە شاری حەلەب کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێکەوتەوە، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوو.
قامیشلۆ
گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شاهیدی هێرشێکی توندوتیژی چەکدارانی هەتەشە بوون، کە لە ئەنجامدا زیانی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لێکەوتەوە، لەنێویاندا ژن و منداڵ، ئەم هێرشە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی سیستماتیکی کە گەڕەکەکان دەکەنە ئامانج و قەیرانی مرۆیی گەورەتر دەکەن، کە ئەمەش شەرمەزارکردنی بەرفراوانی هێزە مەدەنی و سیاسییەکانی لێدەکەوێتەوە.
ڕۆژی ٢٤ی کانوونی یەکەم، 'پەیەدە'' ڕاگەیاندراوێکی لە قامیشلۆ، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە و هێرشە سیستماتیکییەکان بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب شەرمەزار کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پابەندبوونی تەواوی ''پەیەدە'' بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و پاراستنی هاولاتیانی مەدەنی دووپاتکرایەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤیس کردووە، پێش ئەوەی قەیرانی مرۆیی خراپتر بێت، بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە بەرپرسان بە پێی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەموو هەڕەشەیەکی بەردەوام کراوەتەوە.
شەرمەزاری هێرشە سیستماتیکییەکانی سەر ئەو دوو گەڕەکە و ئەو پێشێلکارییە قورسانەی کردووە کە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدراون، بەتایبەتی ژنان، منداڵان و خێزانەکان، کە لەلایەن کوتلەکانی سەر بە "حکومەتی گوازراوە" ئەنجامدراون، هەروەها ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەها و بنەما مرۆییەکان پێکدەهێنن و بە ڕوونی پێچەوانەی خواستەکانی هەموو سووریان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش.
ئاماژەش بەوەکراوە، کە ئەو ڕووداوانەی لە گەڕەکی شێخ مەقسود ڕوودەدەن، نوێنەرایەتی بەردەوامی سیاسەتەکانی توندوتیژی و دوورخستنەوە دەکەن کە هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی دەکەن، هەموو هەوڵێکی ڕاستەقینەش بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە لە سووریا تێکدەدەن و ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار دەکەن، ئەمەش ناسەقامگیری بەردەوام دەکات و ئازاری هاوڵاتیانی مەدەنی قووڵتر دەکاتەوە، هەروەها هۆشداریدا لە کاردانەوەی ڕاستەقینەی ئەم پێشێلکارییانەدا لەسەر پەیکەری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی مرۆیی.
هەروەها کوشتنی فەدوا محەمەد کوردی ، لە ئەنجامی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی گوازراوە شەرمەزار کراوە و ئەم تاوانە بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەزانن، کە دەبێت بە تەواوی لە ڕووی یاسایی و ڕەوشتییەوە بەرپرسان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
پابەندبوونی پەیەدە بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی دووپات کرایەوە، هەروەها هەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەک ڕەتکرایەوە کە پێکهاتە پارێزراوەکان دەکەنە ئامانج، داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە و هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی بەسەریاندا سەپێنراوە و مسۆگەری دەستڕاگەیشتن بە بێ بەربەست بۆ هاوکارییە مرۆییەکان، جگە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕاستەقینە و کاریگەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤ و ژنان لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کراوە کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر، فشاری ڕاستەقینە بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە و دەستەبەرکردنی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕێگری لە خوێنڕشتنی زیاتر، جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەردەوامی بێدەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم تاوانانە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکاتە بەشێکی بەرپرسیار، چ لە ڕووی ڕەوشتی و چ لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەشیدا ''پەیەدە'' ئاماژەی بەوەش کردەوە، کە ئەو بەها و بنەما مرۆییانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بانگەشەی بەرگریکردنیان دەکات یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندبوونی خۆی بۆ بەرگریکردنیان ڕادەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی، بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەکی ڕاستی و حسابکردنێکی ڕاستەقینە، ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە.