پیاوان جل و بەرگی ژنان لەبەر دەکەن؛ لە نێوان کۆمیدی و بەرهەمهێنانەوەی جیاکاری ڕەگەزی
بەکارهێنانی جلوبەرگی ژنان لە هەندێک لە کۆمیدییە پیاوەکاندا وەک ڕەنگدانەوەی چەشنە ڕەگەزییە چەقبەستووەکان و بەردەوامکردنی ڕوانگەیەکی بێڕێزیکردن بۆ ژنان سەیر دەکرێت، کە بچووکیان دەکاتەوە بۆ تەنها شتێکی پێکەنین و گاڵتە.
سارا پورخەزری
کرماشان-لە کاتێکدا هەندێک لە پیاوان سەرپۆش یان شاڵی دیکۆراتی لەسەر سەریان دەکەن، هەوڵدەدەن وێنەیەک پڕۆژە بکەن کە بە کۆمیدی و سەرگەرمی دەزانن، پێدەچێت هێڵی نێوان جددی و کۆمیدی لە یەک توخمدا کورت بێتەوە، کە لێکچوونێکە لەگەڵ ژنان، ئەم لێکچوونە ڕووکەشانە، بەسە بۆ ئەوەی بەبێ هیچ هەوڵێکی هونەری و داهێنانێکی کۆمیدی، کۆمیدی دەرکەون.
لەم ڕۆژانەدا، پیاوان لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک ئینستاگرام و تێلێگرام وەک دروستکەری ناوەڕۆکی کۆمیدی چالاکن، بەڵام زۆربەی کارەکانیان لەسەر بنەمای چاودێری کۆمەڵایەتی یان ڕەخنەی زیرەک نین، بەڵکو لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی قووڵی پیاوسالاری ییە، ئەوان ژن دەکەنە ئامانجی سەرەکی گاڵتەکانیان، پێیان وایە وێناکردنیان وەک کەسێکی بێهەڵوێست، نازیرەک، ڕووکەش سەرنجڕاکێشی ناوەڕۆکی کۆمیدییان بەرز دەکاتەوە.
ئەم پیاوانە زۆرجار جلوبەرگی ژنان لەبەر دەکەن و ئەو شتانە بەکاردەهێنن کە پێیان وایە پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە، وەکو سوتەمەنی و مەنجەڵ و کەلوپەلی چێشتخانە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ پێشکەشکردنی وێنەیەکی کۆنەپەرستانە و سنووردار لە ژنان. زۆربەی دیمەنەکانیان لەناو چێشتخانە یان ماڵدا ڕوودەدەن، وەک ئەوەی جیهانی ژنێک لەم کەشەدا قەتیس بێت، هیچ بوونێک لە دەرەوەی ئەو کەشە و هیچ ڕۆڵ و توانا و ناسنامەیەکی دیکەی تێدا نییە.
خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ ئەم بەرهەمانە، لە ڕوانگەی ئاشکراکردنی ڕەگ و ڕیشەی لایەنگری ڕەگەزییەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم پیاوانە هەوڵدەدەن ژن وەک کەسێکی کەمتر زیرەک و بێتوانا لە تێگەیشتن تەنانەت لە سادەترین شتەکان نیشان بدەن، جگە لەوەش، دیالۆگەکانی نێوان کارەکتەرەکان، کە ئەکتەرەکانیان جلوبەرگی ژنان لەبەر دەکەن، زۆرجار لە دەوری بابەتگەلێکی ئاساییدا دەسوڕێنەوە، وەک ئەوەی ژنان بێتوانا بن لە گفتوگۆکردن لەسەر هەر بابەتێکی جددی، ئاڵۆز یان گرنگ.
لەم وێنە شێواوەدا، ژنان کورت دەکرێنەوە بۆ بوونەوەرێک کە تەنها توانای ئەرکی ڕووکەشیان هەیە، سەربەخۆیی هزری یان قووڵایی بیرکردنەوەیان نییە، بەم شێوەیە ئەم کۆمیدیایە نەک هەر چەشنە کۆنەپەرستانە ڕەگەزییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە بەڵکو وێنەیەکی بێرێزییکەری ژنان دەخاتە ڕوو، ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەشێوێنێت.
لە زمانی ڕۆژانەوە بۆ مێژوو و ئەدەب
فەرەنگیس. خ، چالاکوانی مافی ژنان لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: ژن بوون لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا تەنها خەسڵەتێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی بەهادارە کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ڕەفتار و چالاکییەکان و تەنانەت هەڵبژاردنەکان هەیە، وتی: لە سیستەمێکی لەم شێوەیەدا، هەموو شتێک کە پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، دەبێتە جێگەی دابەزینی بەها و ئەم تێڕوانینە جیاکارییە هەموو ئاستەکانی کولتوور و ژیانی ڕۆژانە دەگرێتەوە.
یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم ئەقڵیەتە، ئاماژەی بەوە کرد، دەرکەوتنی پیاوانێکە کە جل و بەرگی ژنیان لەبەردایە لە ڤیدیۆ کۆمیدییەکاندا، هەروەها ئەم ڕەفتارە کە لە ڕووکەشدا وەک ئامرازێکی گاڵتە دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا لەسەر بنەمای باوەڕێکی قووڵە کە ژنان پێگەیەکی کەمتریان داگیرکردووە و لاساییکردنەوەیان شێوازێکە بۆ گاڵتەکردن و بێ بەهاکردنیان.
لە دووبارەکردنەوەی سەردەمیەکەیدا، پیاوان جلوبەرگی ژنان لەبەر دەکەن بۆ دروستکردنی کۆمیدی، بەڵام تەنانەت چەند ساڵێک لەمەوبەر پۆشینی پیاوانی سزادراو بە جلوبەرگی ژنان وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوە و بێڕێزیکردنیان بەکاردەهێنرا، وەک نموونەیەک ڕووداوێکی ساڵی ٢٠١٣ی شاری مەریوان هێنایەوە کە دادوەرێک فەرمانی بە تاوانبارێک کرد کە جلوبەرگی ژنان لەبەر بکات و بە شەقامەکانی شاردا نمایشی بکات وەک جۆرێک لە بێڕێزیکردن، ژە ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕینی بۆ ژن یان لاساییکردنەوەی ئەو دوایین بێڕێزیکردنە بە پیاوێک.
ئەم دیدگایە لە زمانی ڕۆژانەشدا بەرهەم دەهێنرێتەوە کاتێک بێڕێزی بە پیاوێک دەکرێت، پێی دەوترێت: تۆ لە ژن دەچیت، ئەم جۆرە دەربڕینانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە لە چوارچێوەی پێکهاتەی پیاوسالاریدا، ژن بوون وەک شوناسێکی مرۆیی سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک چەمکێکی کولتووری پەیوەستە بە لاوازی و کەمتەرخەمی و گاڵتەوە.
ئاماژەیبەوەشکرد، کە ڕەگێکی قووڵی لە سیمبولی و گێڕانەوە و میکانیزمە کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا هەیە، ئەم باوەڕە "تەنها لە پێکهاتە فەرمییەکان سنووردار نییە بەڵکو ئەدەب، چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان، چیرۆکەکان و تەنانەت زمانی ڕۆژانەشی گرتۆتەوە".
ئەم ڕوانگەیە لە ئەدەبیاتی کلاسیکی فارسیشدا ڕەنگ دەداتەوە، کە پیاوان جلوبەرگی ژنیان لەبەردایە لە زۆرێک لە دەقی گێڕانەوەدا وەک کردەوەیەکی شەرمەزارکەر و بەڵگەی لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی پیاوێک وێنا دەکرێت.
کاریگەری ئەم بۆچوونە لە کولتووری هاوچەرخدا هەر ئامادەیە، مەیلی زۆرێک لە پیاوان بۆ لەبەرکردنی جلوبەرگی ژنان لە ناوەڕۆکی کۆمیدیدا بۆ سەرقاڵکردنی بینەر، درێژکراوەی هەمان ئەو نەخشەیە کە چەندین سەدە لەمەوبەر لە ئەدەب و کولتووری ئێراندا سەریهەڵدا، وتی: ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێکهاتەی پیاوسالاری نەماوە بەڵکو خۆی بە شێوازی نوێ بەرهەم هێناوەتەوە، لە نمایشی کۆمیدی و ڤیدیۆوە تا دەگاتە نوکتەی ڕۆژانە کە ژنان بە لاوازی، کەمتەرخەمی یان گاڵتەوە دەبەستێتەوە.
بەڵام کەمکردنەوەی بەهای پیاوان بە پێدانی واتایەکی نەرێنی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی ژنان، تەنها لە کۆمیدیا یان ئەدەبیاتێکدا سنووردار نییە کە لە ژێر کاریگەری باڵادەستی پیاوانەدایە، بەڵکو "بەردەوام دەبێتەوە بۆ بواری یاساییش"، کە ئەم تێڕوانینە جیاکارییە لە هەندێک دەق و پراکتیکی یاساییدا ڕەنگدەداتەوە.
نموونەیەکی بەرچاوی ئەمە لە ساڵی ٢٠١٢ لە تاران ڕوویدا، کە پیاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بە تاوانی لەبەرکردنی جلوبەرگی ژنان دەستبەسەر و زیندانی کرا، کۆپییەکی بڕیارەکەی دادگا کە دواتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبووەتەوە، ئاشکرایکردووە، لەبەرکردنی جلوبەرگی ژنان لەلایەن ئەو پیاوە نەک تەنها بە "کردەوەیەکی بێ ڕەوشتی" بەڵکو بە "تاوانێک دژی ڕەوشتی گشتی" و "هاندانی گەندەڵی" دادەنرێت، ئەمەش بووە هۆی لێپێچینەوەی لەگەڵدا.
ئەم دۆسیەیە تیشکی خستە سەر ئەو ڕادەیەی کە لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی پیاوسالاریدا، لەبەرکردنی جلوبەرگی ژنان لەلایەن پیاوێکەوە وەک چەواشەکارییەک و کردەوەیەک کە مەترسی لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، سەیر دەکرێت، تا ئەو ڕادەیەی کە یاسا خۆی دەتوانێت بە تاوانی بزانێت و بە پشتبەستن بە ماددەی یاسایی جیاوازەکانی سزای بەسەردا بسەپێنێت، لە چوارچێوەیەکی وەهادا پێدەچێت جلوبەرگی ژنان بۆ پیاوان وەک هەڵبژاردەیەکی کەسی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، بەڵکو وەک "نەخۆشیەک" یان هەڕەشەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە پێش بڵاوبوونەوەی دەبێت کۆنتڕۆڵی بکرێت و سەرکوت بکرێت.
کاریگەرییەکانی ئەم بۆچوونە تەنها لە کۆنترۆڵکردنی جەستە و جلوبەرگی تاکەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ سەپاندنی چەمکێکی ڕەق و تاکەکەسی بۆ ناسنامەی ڕەگەزی، بەجۆرێک کە هەر لادانێک لەم چوارچێوەیە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیستەمی پیاوسالاری هەبوو سەیر دەکرێت.

پێناسەکردنەوەی ژنان لە بەرامبەر پیاوسالاریدا
بە شێوەیەکی گشتی لە کاتێکدا زۆرێک لە پیاوان لەم ساڵانەی دواییدا جلوبەرگی ژنانیان لەبەر کردووە وەک نیشاندانی پشتیوانی لە پێگەی ژن، ئەم دەستپێشخەرییانە بەشێکی وەڵامدانەوەیەک بوون بۆ ڕووداوەکەی مەریوان کە تاوانبارێک بە ناچاری وەک جۆرێک لە بێڕێزیکردن جل و بەرگی ژنانی پێ لەبەر دەکەن.
ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەم کارە و دروشمی "شەرمەزاری نییە جلوبەرگی دایکم لەبەر بکەم"، وەک بەرگرییەکی ئاماژەی لە کەرامەتی ژنان و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی ژنان وەک ئامرازێک بۆ بێڕێزیکردن.
بەڵام هێشتا کەسانێک هەن کە بە قووڵی لە ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری خۆیاندا چەسپاون، ژنان بۆ نزمترین پلە دادەبەزێنن و جلوبەرگی ژنان نەک وەک دەربڕینی ناسنامەی مرۆڤایەتی، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بێڕێزی و گاڵتە و کۆمیدی سەیر دەکەن، ئەم تێڕوانینە ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی پێکهاتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانە کە بۆ ماوەیەکی درێژ ژێردەستەیی ژنانیان بەردەوام کردووە.