پەیامی نوێی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریاوە
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریاوە ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوانەی لە سووریا ڕوودەدات، هەوڵدانە بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک.
ناوەندی هەواڵ
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی دوێنێ ١٧ی کانوونی دووەم سەردانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان لە دورگەی ئیمراڵی کردو ئەمڕۆ ئاشکرایان کرد، ئەجێندای سەرەکی دیدارەکەی دوێنێیان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد لە ئیمراڵی، تاوتوێکردنی ڕووداوەکانی سووریا بوو، ڕێبەر ئاپۆ گوتوویەتی: لەبەر شەڕ و ئاڵۆزییەکان زۆر نیگەرانە، ئەو ڕووداوانەی لە سووریا دەقەومێت، بە هەوڵدان بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک پێناسە کرد.
ڕاگەیاندراوی شاندەکە لە بارەی دیدارەکەیان بەم جۆرەیە:
"لە ١٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دیدارێکی دوو کاتژمێر و نیویمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام دا. لە دیدارەکەدا بەڕێز ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا، پەیوەستە بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە و دەستپێشخەرییەکەی ٢٧ـی شووبات نەخشەڕێگەیە. جارێکی دیکە جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی هەنگاوی پێویست و پەرەدان بە پرۆسەکە کردەوە.
ڕۆژەڤی سەرەکی دیدارەکە، ڕووداوەکانی سووریا بوو. بەڕێز ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە زۆر نیگەرانە و ئەم دۆخەی وەک هەوڵدان بۆ لە باربردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێناسە کرد. بەڕێز ئۆجالان بە جەختکردنەوە دەستنیشانی کرد، کێشەکانی سووریا تەنها بە دیالۆگ، دانوستان و لێکتێگەیشتی هاوبەش دەتوانرێت چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە و دەبێت چارەسەر بکرێن.
بەڕێز ئۆجالان جەختی کردەوە، ئامادەیە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بۆ دوورخستنەوەی ئەم پرسە لە بەرەکانی شەڕ لە ڕێگەی دیالۆگەوە جێبەجێ بکات. دووبارە داوای لە هەموو ئەکتەر و لایەنەکان کرد، بەشێوەیەکی ئەرێنی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و بە هەستیاری و بەرپرسیاێتییەوە مامەڵە بکەن.
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
١٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦."