پەیامنێرانی جەنگی ژن، لە کۆڕبەندی ژنانی عەرەب

ناکۆکی و ململانێکان ڕۆژنامەنووسان لە ئازارەکانی خەڵک نزیک دەکاتەوە، لە ناوچەکانی جەنگدا سەرباری هزریەتی پیاوسالاری ژنانی ڕۆژنامەنووسی جەنگی ڕەهەندێکی قوڵتر دەدەن بە ئازارەکانی مرۆڤ ڕاستییەکان دەگوازنەوە.

ناوەندی هەواڵ

ڕۆژی سێشەممە لە کۆڕی ژنانی عەرەب لە دوبەی، کۆڕێکی گفتوگۆ بە ناوی "چیرۆکبێژانی بەرەی شەڕ" بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسانی ژن کە لە بەرەکانی جەنگدا کاری ڕۆژنامەوانیان کردووە و باسیان لە ئەزموونەکانی خۆیان کرد.

ناکۆکی و ململانێکان ڕۆژنامەنووسان لە ئازارەکانی خەڵک نزیک دەکاتەوە و دەبێت ڕۆژنامەوانان ڕاستیەکان بدۆزنەوە و بیگوازنەوە و چیرۆکی مرۆڤ لە پشت ڕووداوە گەورەکانی جیهانەوە بگێڕنەوە بە ڕاستیە سەختەکانی جەنگەوە.

هەروەها لەو کۆڕبەندەدا باس لەوە کرا کە کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی ژن دەچێتە ناوچەی جەنگەوە دەستگەیشتنی بە ژیانی تایبەتی سەرچاوەکان، بەتایبەتی خێزانەکان کە لە ململانێدا گیراون زۆر جار جیاوازە لەگەڵ ئەو پێشوازیەی کە لەلایەن پەیامنێرێکی پیاوەوە ئەزموون کراوە.

ڕۆژنامەنووسان باسیان لەوەکرد ئەوان لە ناوچەکانی جەنگ دەبنە شایەتحاڵی ڕاستییەکان، هەرچەندە بەرگی جەنگ ئاسان نیە چونکە وەک هەر مرۆڤێک هەست بە ترس دەکەیت، بەڵام هەمووان کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسانی شەڕی ژن ڕەهەندێکی قوڵتر دەدەن بە ئازارەکانی مرۆڤ و دەتوانن تایبەتی بەو باباتەنە بدەن کە لەناوچەکانی شەڕ ئامادەی دەکەن.

ڕۆژنامەنووسانی ژن باسیان لەوە کرد هزریەتی پیاوسالاری لە ناوچەکانی شەڕدا زاڵە کە زۆربەی کات لەلایەن سەربازە پیاوەکانەوە پێیان وتراوە کە جەنگ شوێنی ئەوان نیە و ژنان نابێت لەوێ بمێننەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپاش بەهەمان شێوازە، بەڵام ژنانی ڕۆژنامەنووس کاریگەری دیاریان هەبووە و لەو کاتەوە شتەکان گۆڕاوە و ژنان دەتوانن دەرفەتی زیاتر بەدەست بهێنن بۆ ڕوماڵ کردن لە ناوچەکانی جەنگ.

رۆڵی پەیامنێری جەنگ دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت لە ١١ ی ئایار، پەیامنێری کەناڵی جەزیرە" شیرین ئەبو عاقڵه" لە شاری جنین لە ڕۆژئاوای بانکی ڕۆژئاوا لە کاتی راپۆرتێکدا لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئیسرائیلی کوژرا، بەڵام ژنان  کۆڵنادەن و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ نیشاندانی ڕاستییەکان.