"پێویستە ژنان بنووسن و کە ژنێک دەنووسێت پەنجە دەخاتە سەر برینی ژنان"
ژنان لەبواری نووسینی ڕۆژنامەنووسی و پەرتوکدا لە پێشکەوتندان، بەڵام وەک هەر بوارێکی تر بەربەست لەبەردەم ژنان هەیەو تەنها ٢٧٪ ی سەرۆکی دەستەی نووسین لە جیهاندا ژنن.
شیا کۆیی
کۆیە-عەقڵیەتی پیاوسالاری و دژی ژن کە هەمیشە هەوڵی بێتواناکردنی ژن و پەراوێزخستنی داوە، لەهەموو بوارەکاندا بەدی دەکرێت، ئەگەریش ژنان دەستیان دابێتە کارێک و چووبێتنە ناو بوارێکەوە ئەوا دژایەتی کراون و بەربستیان بۆ دروست کراوە، بۆ بواری ڕۆژنامەگەریش بەهەمانشێوە، هەرچەندە ئێستا لە ئاستی جیهانی و کوردستانیش ژنانی ڕۆژنامەنووس بەبوێرییەوە کار دەکەن و ژمارەکە لە زیادبووندایە، بەڵام وەک هەر بوارێکی تر ژنان ڕێگەیان نادرێت بگەنە پۆستە باڵاکان و پۆستەکانی بەڕێوەبردن، بۆ بنموونە تەنها ٢٧٪ ی سەرۆکی دەستەی نووسین لە جیهاندا ژنن، لەکاتێکدا کە ٤٠٪ کۆی ڕۆژنامەنووسان ژنن، ئەمەش واتە ژنان کەمتر دەگەنە پلەی بەڕێوەبەرایەتی.
سەبارەت بەوەی بۆچی بوونی ژنان لە نووسین و ڕۆژنامەگەری ئەوەندە گرنگە؟ کۆسرەت ئەحمەد بێکەس، نووسەرو هۆنەر قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"ژنانی بەتوانامان هەیە لە ڕۆژنامەگەری کوردی و نووسین"
کۆسرەت ئەحمەد بێکەس، نووسەرو هۆنەر سەبارەت بەکاری ڕۆژنامەگەری و نووسینی کوردی لەلایەن ژنانەوە وتی: لەسەردەمی ئێستا بە بەراورد بە ڕابردوو، دەبینین ژنانی زۆر بەتوانامان هەیە لە بواری ڕۆژنامەگەری کوردی و نووسین، هەرچەندە تەکنەلۆجیا لە پێشکەوتندایەو دەوترێت وەک جاران خەڵک گرنگی بەخوێندنەوە نادات، بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆی ئەوەی خەڵک نەخوێنێتەوە یان نووسین کەم بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕۆژنامەو پەرتوکی ئەلیکترۆنی خوێنەری زۆرە بەتابەت بۆ گەنجان هەردووکی دەخوێنەوە جا ئەلکترۆنی بێت یان پەڕاو بێت، لە ئێستادا بەردەوام گۆڤار و ڕۆژنامە و پەرتوک دەردەچن، لەهەموو بوارەکان، بەخۆشحاڵیەوە زۆربەی نووسەران ژنانن و دەستێکی باڵایان هەیە لەبواری نووسین، هەریەک لە بوارێک دەنووسن جا ئەدەبی بێت یان سیاسی، بۆیە دەکرێت بچنە پلەیەکی باڵای مەعریفی لە نووسیندا، خۆشمان لەکاتێکی نزیکدا گۆڤاریک دەردەچێت کەتایبەتە بە ژنان و نووسەرانیشی هەمووی ژنن، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئاستی نووسینی ژنان بەدەربخەین، دەرکەوتووە ژنانی کورد لەنووسیندا بەتوانان ئەوەش جێی شانازییە.
"کە ژنێک دەنووسێت پەنجە دەخاتە سەر برینی ژنان"
سەبارەت بەجیاوازی نووسین لەنێوان ڕەگەزی نێرومێ، کۆسرەت ئەحمەد وتی: من ناڵێم جیاوازی هەیە چونکە نووسین بابەتێکی مرۆڤایەتیە نابێت بڵێن ئەدەبی ژنان یان ئەدەبی پیاوان، بەڵام کە ژنێک دەنووسێت پەنجە دەخاتە سەر برینی ژنان و گرفتەکانیان و دەتوانێت ووردترو چڕتر بنووسێت لەسەرگرفتەکانی ژنان، من ناڵێم نووسینی پیاوان بێ کاریگەرییە بەڵام نووسینی ژنان کاریگەری زۆرترە، چونکە ژنان دەزانن برینەکان لەکوێ خوێنیان لێ دەچۆڕێت، کامە برین ئازاری زۆرترەو خوێنی لێ دەچۆڕێت، دەبێت بەدەستو برد چارەسەر بکرێت.
لەکۆتایی قسەکانیدا نووسەر کۆسرەت ئەحمەد وتی: زۆر خۆشحاڵم کە ئێوە وەک ئاژانسێکی تایبەت بە ژن کاردەکەن وباسی گرفتەکانی ژنان و پێشکەوتنەکانی ژنان نیشان دەدەن، ئەوەش جێی شانازییە.
"پێویستە ژنان بنووسن پێشکەشی ژنانی گەنجی بکەن"
کوردستان نەوزاد، پیشەی مامۆستایەو ئاماژەی بەوەکرد پێویستە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان زیندوو بکرێنەوەو وتی: ڕاستە ئێستا خوێندنەوەی پەرتوک و ڕۆژنامە کەمە، بەڵام ئەوەی حەزبکات هەردەتوانێت بخوێنێتەوە جا لەسەر مۆبایلەکەشی بێت، ڕۆژانە هەواڵەکان بخوێنێتەوە، پێویستە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان زیندوو بکرێتەوە لەلایەن گەنجان لەو سەردەمەدا، ژنی نووسەرمان زۆرە بەڵام هێشتا ئەوە لەجێی ویستی ئێمە نییە، هیوادارم ئەو ژنانەی کاریان نووسینە یان چیان لەناخدایە بنووسن و پێشکەش بە ژنانی گەنجی بکەن.