"پێویستە هەوڵێکی بەهێزتر بدرێت لە دژی سێدارەکان"
ژنانی ڕۆژنامەنووسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناڕەزایی خۆیان لە بڕیاری لەسێدارەدانی دوو ڕۆژنامەنووس لە ئێران دەربڕی، داوا دەکەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان بێدەنگی لە دژی کۆمەڵکوژییەکە بشکێنن.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- ڕژێمی ئێران درێژە بە دەسەڵاتداری و سیاسەتەکانی دژ بە بوونی ژن و گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەدات، لەم دواییانەدا پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووسی کورد و شەریفە محەمەدی، چالاکوانی مافی ژنان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، لە بەرامبەر ئەم بڕیارە نامرۆڤانە و بۆ پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێران، یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٢ی ئاب هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆی دەستپێکرد.
نەورۆز دەمهات، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژنامەنووس ڕووناک شێخی لەسەر ئەو پرسە قسەیان بۆ کردین.
"ئامانجیانە ژن لەناوببەن"
نەورۆز دەمهات لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، وێڕای شەرمەزارکردنی دەستبەسەرکردنی ژنان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە وتی: بڕیاری لەسێدارەدان لەسەر بنەمای سیستم و سیاسەتی قڕکردن دامەزراون، ئەمڕۆ نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سیاسەتی قڕکردن دژی ژنان لە هەموو جیهاندا بەڕێوەدەچێت، ئەوان دەیانەوێت بە لەناوبردنی ژنان درێژە بە جەنگی جیهانی سێیەم بدەن.
"بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە"
نەورۆز دەمهات تیشکی خستەسەر قسەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە دەڵێت "سەدەی ٢١ سەدەی ژنە"و وتی: لە سەدەی ٢١دا ژنان بە خەبات و بەرخۆدان جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێهێشت، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خەباتێکی گەورە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەچێت، بە تایبەتی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لێکەوتەوە.
"فەلسەفەی ئێمە لەناو ناچێت"
نەورۆز دەمهات لە کۆتاییدا وتی: ساڵانێکە ڕژێمی ئێران لەسەر کوشتن و گۆشەگیری و لەسێدارەدانی ژنان دەژی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەیسی و پاشان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ئێران پشتڕاستیکردەوە کە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی مافەکان پەیوەندی بە کەسێک یان سەرکردەیەکەوە نییە، ئەمە بە گشتی سیاسەتی دەسەڵاتە، بە خەیاڵکردنی ئەوەی کە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە سزای لەسێدارەدان دەوەستێندرێت، ئەم بیرە زانست و فەلسەفەیە و لەناو ناچێت.
"بێدەنگی بشکێنە"
ڕووناک شێخی، ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، ئەم کارانە بۆ ڕژێمی ئێران نوێ نین، چونکە ڕژێمێکی مرۆڤکوژە و مێژوویەکی دوور و درێژی سەرکوتکردنی ژن و کوردی هەیە، هەروەها بە لەسێدارەدان و دادگاییکردنی چالاکوانانی کورد ناسراوە.
ئاماژەی بەوەکرد کە هەڵمەتێکیان لەدژی کردەوەکانی ڕژێمی ئێران لەدژی ژنە چالاکوانانی کورد ڕێکخست و لە کۆتاییدا وتی: ئێمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار دەکەین کە لە بەرامبەر ئەو کارە نامرۆڤانە بێدەنگن، لە هەمان کاتدا بڕیارە ناڕەواکانی دەزگای قەزایی ئێرانیش شەرمەزار دەکەین.