"پێویستە دەوڵەتە بەرپرسەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن"

نوێنەری کۆنگرەی ستاری باشوری کوردستان لیمان شیویش و ئەندامی کۆردیناسیۆنی عشتار غوربەت ئیشلک دوێنێ لە کۆڕبەندی "ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی" کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو ئامادەبوون، سەبارەت بە کۆڕبەندەکە ئاماژەیان بەوەکرد کە بوونی داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژنان و پاشان بۆ سەر هەموو گەل و جیهان بۆیە پێویستە دەوڵەتە بەرپرسەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن. سلێمانی

نوێنەری کۆنگرەی ستاری باشوری کوردستان لیمان شیویش و ئەندامی کۆردیناسیۆنی عشتار غوربەت ئیشلک دوێنێ لە کۆڕبەندی "ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی" کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو ئامادەبوون، سەبارەت بە کۆڕبەندەکە ئاماژەیان بەوەکرد کە بوونی داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژنان و پاشان بۆ سەر هەموو گەل و جیهان بۆیە پێویستە دەوڵەتە بەرپرسەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن.

سلێمانی

 

دوێنێ ٢٦ی شوبات لە شاری سلێمانی، کۆڕبەندی "ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی" بە پێشەنگایەتی نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا بە بەشداری چەندین ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و نووسەر و پارێزەر و یاساناسان بەڕێوەچوو، لە کۆڕبەندەکەدا ئەوەخرایەڕوو کە بوونی چەتەکانی داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر گەلانی هەموو جیهان و بەتایبەتیش بۆ سەر ژنان بۆیە پێویستە چارەنووسی بەندکراوەکانی داعش دیاری بکرێت و دادگایی بکرێن، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە دەوڵەتە بەرپرسەکان کرا بە ئەرکی خۆیان هەستن.

 

"چەتەکان و زیندانیانی داعش مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر کۆمەڵگا"

لیمان شوێش، نوێنەری کۆنگرەی ستاری باشوری کوردستان سەبارەت بە گرنگی کۆڕبەندەکە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو تیشکی خستە سەر گرنگیی دادگایی کردنی زیندانیانی داعش و وتی: "ئەم کۆڕبەندەی لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو بابەتێکی زۆر گرنگە بەهۆی مەترسی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها بۆسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بەتایبەتی بۆ گەلی کورد بوونی داعش مەترسییەکی گەورەیە، لەم هێرشەی ئەم دواییەدا بۆ سەر حەسەکە، داعش لە زیندانی غوێران خۆی ڕێکخست بەڵام هەسەدە بە شێوەیەکی زۆر باش کۆنترۆڵی ئەم هێرشەی گرتە دەست، هەروەک چۆن هەڕەشەی داعش بۆ سەر جیهان لە کۆبانی شکستیهێنا، بۆ جاری دووەم هەسەدە بە هاوکاری خەڵکی حەسەکە ئامانج و هێرشەکانی داعشی تێکشکاند ئەگەر داعش لەم هێرشەدا ئامانجەکانی بەدەست بهێنابایە مەترسییەکی گەورە دەبوو بەتایبەتی بۆ ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان و عێراق و هەموو شوێنێک".

 

لیمان شوێش، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە زیندانیانی داعش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگا، بۆیە پێویستە تێکۆشانێکی هاوبەش بە تایبەتی لە باشوری کوردستان و عێراق بکرێت و وتی: "بە تایبەتی مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا هەیە کۆمەڵگا کێیە؟ ژن و منداڵن، لە شەنگال هەزاران ژن و منداڵ دەستگیرکراون و تا ئێستا ژنان لە بازاڕەکاندا لەلایەن داعشەوە دەفرۆشرێن، ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەک عەفرین و سەرێکانی و جەرابلوس و باب داگیرکران و بەشێوەیەکی سیستماتیک هێرش دەکەنە سەر ژنان و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان بە تایبەتی چەندین هێرشی گەورە بۆ سەر ژنان و منداڵان لەو ناوچە داگیرکراوانە ئەنجام دەدرێن، بەڕاستی داعش ئامانجەکانی خۆی بەدەست هێنابوو و ئەم مەترسیەش بۆ هەموومان بوو، بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بوو ئەم کۆڕبەندە ڕێکبخرێت بەڕاستی دەبێت گەلەکەمان لەڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بزانێت هەڕەشەی داعش بۆ ئێمە چییە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجیان لە کۆڕبەندەکە ئەوەیە جارێکی تر خەڵکی لەم مەترسییە ئاگادار بکەنەوە، وتیشی: "ئێمە دەڵێین پێویستە داعش دادگایی بکرێت، چەتەکانی داعش چەندین تاوانیان لەسەر شەنگال، عەفرین، ڕەقە، تەبقا... ئەنجامدا لە هەرکوێ داعش هێرشی کردووەتە سەر ژنان و منداڵان تاوانی جدی ئەنجام داوە بۆیە پێویستە لێرە ئەم کۆڕبەندە ئەنجام بدەین و جارێکی تر بتوانین لە هەموو شوێنێک و بە تایبەتی لە باشووری کوردستان و عێراق خەباتێکی هاوبەشی دژ بە مەترسییەکەی ئەنجام بدەین و چەتەکان دادگایی بکرێن".

 

لیمان شوێش بە پیویستی دەزانێت کە دەرفەتێک لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکرێت بۆ دادگاییکردن و سزادانی چەتەکانی داعش و وتی: "پێویستە دەرفەتی دادگایی کردن لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکرێت و دەوڵەتانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی هاوپەیمانان بتوانن بە دادگاییکردن ئەو مەترسییە چارەسەر بکەن، پێویستە ئێستا بڕیار لەسەر تاوانەکانیان بدرێت، بابەتێکی دیکە ژنانی داعشن، نزیکەی ٧٠ هەزار ژن و مداڵی داعش لە کامپی هۆڵن، بۆیە دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەمانە بدۆزرێتەوە، بانگەوازی ئێمە بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەوەیە کە لە دژی ئەو کارانەی داعش لە شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان کردویەتی دادگایی بکرێن".

 

"مەترسی داعش زیاتر لەسەر ژنانە"

یەکێک لەو شوێنانەی کە لە مەترسیدایە کامپی مەخمورە، غوربەت ئیشلک، ئەندامی کۆردیناسیۆنی عشتار لە مەخمور، کە بەشداری کۆڕبەندەکەی کردبوو، جەختیکردەوە، کە زیندانیانی داعش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست دەکەن و وتیشی: "دەربارەی تێکۆشان لە دژی داعش ئەم کۆڕبەندە رێکخرا، لەم دواییانەدا بە هێرشەکانی سەر زیندانی غوێران دەیانویست وەک ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵکوژییەک لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدەن، سوپاس بۆ ئەو قارەمانێتییەی کە ئەنجامدرا ئەم هێرشە پوچەڵکرایەوە بەم هێرشەی ئەم دواییە جارێکی دیکە دەرکەوت کە ئەم هێرشە بە هاوکاری دەوڵەتی تورک ئەنجامدرا جارێکی تر ڕوون بووەوە کە هێشتا داعش هەڕەشەیە لەسەر مرۆڤایەتی و هەموو جیهان، وەک کامپی مەخمور، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کامپەکە هەڕەشەی چەتەکانی داعشیش هەیەو جموجوڵەکانی داعش لە ناوچەکانی دەوروبەری کامپەکە ڕوو لە زیادبوون دەکات، لە کۆڕبەندەکەدا بەم شێوەیە باس لە مەترسیی ئێستا و چارەسەرکردنی کێشەکە کرا".

 

ئەوەشی خستەڕوو کە مەترسیی داعش لە سەر ژنان زیاترە و وتی: "ئەم مەترسییە لەسەر شەنگال بوو ژن و دایکەکانمان ڕفێنران، منداڵەکانمان کوژران، تا ئێستا چەندین ژنی ئێزدی لەلایەن ئەو چەتانەوە بە دیل گیراون و چارەنووسیان نادیارە بە پێچەوانەوە دەبێت ئێمە وەک ژنان هێزی بەرگریمان بەهێز بکەین بۆ ئەوەی تێکۆشان دژی داعش بکەین، وەک ژنان، پێویستە زیاتر خۆمان ڕێکبخەین".