"پێویستە ٢٥ی تشرینی دووەم بکەینە ڕۆژی ئازادی ژنان"
سارا بۆتان، ئەندامی یەکێتی گەنجانی ئیزیدخان ڕایگەیاندم پێویستە ژنان هەمیشە درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن و ژنانی گەنج بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شەنگال بەرخۆدان و تێکۆشان زیاتر بکەن.
جیلان ڕۆژ
شەنگال- لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، کە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت. یەکێک لەو شوێنانە شەنگالە، ژنانی ئێزدی، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ"، لە ٥ی ئەم مانگەدا بە دروشمی "دژی توندوتیژی دژی ژنان، ژن، ژیان، ئازادی"، هەڵمەتەکەیان دەستپێکرد و تا ٢٥ی مانگ بەردەوام دەبێت، ژنانی ئێزیدی بەتایبەت ژنانی گەنج چەندین چالاکی جیاوازیان ئەنجامدا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، سارا بۆتان، ئەندامی یەکێتی گەنجانی ئێزیدیخان، سەبارەت بە بەرخۆدان و ڕێکخستنی ژنانی شەنگال و بەتایبەت ژنانی گەنجی ئێزیدی و پێکهاتەکانی تری شەنگال قسەی بۆ کردین.
سارا بۆتان ڕایگەیاند، ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی بەرخۆدان و سەرهەڵدانی ژنانە لە دژی توندوتیژی و وتی: وەک دەزانن تاژێ ٢٥ی تشرینی دووەم بە دروشمی "دژی توندوتیژی دژی ژنان، ژن،ژیان،ئازادی" هەڵمەتی دەستپێکرد، ئەم هەڵمەتە بە پێشەنگایەتی ژنانی ئێزیدییەوە دەستیپێکردووە کە ١٠ ساڵە تێکۆشان دەکەن، ئێمە وەک ژنانی گەنج بە هەموو هێز و بوێری خۆمانەوە بەشداری ئەم هەڵمەتە دەکەین، ژنان زۆرترین قوربانی توندوتیژی و دەستدرێژی و کوشتن و هەراسانکردنن، چ لەلایەن بنەماڵە و چ لەلایەن کۆمەڵگە و چ لەلایەن دەوڵەت-پیاوەوە. بەتایبەت ژنانی ئێزیدی زیانی زۆریان بەرکەوتووە، لە هەموو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدێکدا کە بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا دەکرێت، ژنان هەمیشە دەکرێنە ئامانج، لە ڕاستیدا ژنان ئەوانەن کە کۆمەڵگەکان لەسەر پێی خۆیان دەهێڵنەوە، ئەوانەن کە پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن و بە سروشتی خۆی ژیانی پێدەبەخشن،. بەهۆی ئەمەوە زۆرترین هێرش دەکرێتە سەر ژنان.
ڕۆڵ و ئەرکی ژنانی گەنج لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی
سارا بۆتان، سەرنجی بۆ ڕۆڵ و ئەرکی ژنانی گەنج لە دژی توندوتیژی ڕاکێشا و وتی: پێویستە بەرخۆدان و تێکۆشانمان تەنها لەم ڕۆژەدا نەبێت، ئێستا لە شەنگال بەرخۆدانێکی ناوازە ئەنجام دەدرێت، هەمووان زۆر باش دەزانن کە لە سەرەتاوە تا ئێستا ئەو بەرخۆدانەی کە ئەمڕۆ لە شەنگال ئەنجام دەدرێت، ئەو ئیرادەیەی کە ئەمڕۆ نیشان دەدرێت لە سایەی پێشەنگایرتی و تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانە، وەڵامێک بووە بۆ هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، چ بۆ خۆی و چ بۆ کۆمەڵگە، چونکە هەمووان لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بینییان کە ژنانی ئێزدی ڕووبەڕووی چی بوونەتەوە، ئێستاش ژنانی ئێزدی لە بازاڕەکاندا دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن و تا ئێستاش چارەنووسی هەزارانیان نادیارە، بۆیە پێویستە بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنانی ئێزیدی و بەتایبەت ژنانی گەنج بەهێزتر بکەین کە بە بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە شەنگال بونیاد نراوە، ئەمەش بە یەکڕیزی ژنانیش دەکرێت، نەک تەنها ژنانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەی شەنگال، ئەم ئیرادە و هێزە دەبێت هاوبەشی ژنانی جیهان بێت، سەبارەت بە ژنانی ئێزیدیش، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تەنیا دەروونی یان جەستەیی نییە، هەم توندوتیژی دەروونییە و هەم توندوتیژی جەستەییە.
هێرش و توندوتیژی فیکری لە دژی ژنان هەیە
سارا بۆتان سەرنجی بۆ ئەو شەڕە تایبەتە ڕاکێشا کە بەسەر ژنان و گەنجاندا بەڕێوەدەچێت و ڕایگەیاند توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە تایبەتی لە ڕوانگەی فیکرییەوە هەیە و وتی: چونکە لە فەرمانەکەدا ئامانج و مەبەستی دوژمن شکاندنی ئیرادە و تێکدانی ڕەوشتی ژن بوو، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا، لەم سەردەمەدا زۆرترین هێرش بۆ سەر ئێمەی ژنانی ئێزدی لە لایەنی فیکرییە، ئێستا شەڕێکی تایبەت و قیزەون بەسەر ئێمەی ژنە گەنجەکاندا بەڕێوەدەچێت، واتە لەلایەن بنەماڵە، لەلایەن دوژمنەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە ژنان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا لەلایەن خێزانەکانیانەوە هاوسەرگیریان پێدەکرێت، ئەمەش توندوتیژییە. ئێستا ئەوەی بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت زۆر قورس و سەختە، بە تایبەتی ڕۆژ نییە کە ژنانی ئێزیدی بە دەستی بنەماڵەکانیان و هاوژینەکانیان نەکوژرێن، فشارێکی هێندە لەسەر ژنان هەیە کە بە دەستی خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن، ئەگەر ئەمڕۆ ژنانی ئێزیدی ڕووبەڕووی ئەوەندە دەستدرێژی و دڕندەیی و ستەم بوونەتەوە، پێویستە لەم دۆخە ڕزگاریان بکەین، ئێستا ئەو خەبات و بەرخۆدانەی کە لە شەنگال بەڕێوە دەچێت لەو ئازارە دەرچوو، دەنگ و هاوار و ناڵەی ژن و دایکانی ئێمە لە دەستی داعش بوو بە هاواری بەرخۆدان، بوو بە هاواری ئیرادە و بەهێزکردن بۆ ئێمە، بۆیە هەموو ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە دژی ئێمەیە، لە لایەن ژنانی ئێزدییەوە ڕەت دەکرێنەوە.
"ڕێبەر ئاپۆ بوو بە دەنگی دەرمان بۆ ئازار و هاواری ژنانی ئێزدی"
سارا بۆتان ڕایگەیاند، ئەگەر شەنگال ئەمڕۆ ئیرادە و هێزی هەبێت، ئەوە لە سایەی پێشەنگایەتی ژناندا بەدەست هاتووە و وتی: بۆیە بۆ ئێمەی ژنانی ئێزیدی ٢٥ی تشرینی دووەم هێمای خەبات و خۆڕاگرییە، بەڵام پێویستە هەموو ڕۆژەکانمان بگۆڕین بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، زیاتر ڕێکخراو دەبین و تێکۆشانمان لە دژی توندوتیژی و فشارەکان لەسەر ژنان بەرز دەکەینەوە، چونکە ژنانی ئێزیدی و بەتایبەت ئەوانەی لە شەنگال شەڕ دەکەن، بوونەتە نموونە بۆ هەموو ژنانی جیهان.
ژنانی ئێزیدی لە مێژووەوە خاوەن ئیرادەن و ئێمەش ئەم ئیرادەیەمان کردووە بە هێز و ئازایەتی. ئەگەر ئێمەی ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگە بیرۆکەکانی پێشەنگەکانمن نەدەزانی، بێگومان نەماندەتوانی ئەم ئازارە بکەینە بەرخۆدان و ئیرادە، ئەمەش لە سایەی کارەکانی ڕێبەر ئاپۆدایە و بەهۆی ئەم کارەوە گەیشتینە ئەم ئاستە، لە ڕاستیدا هەمیشە دەڵێین ڕێبەر ئاپۆ دەنگی ئازاری ژنانی ئێزدی بوو، ئەو کەسە بوو کە گوێی لە هاواری دایکانی ئێمە بوو کە بە دەستی دڕندە کوژران، ڕێبەر ئاپۆ ئەو کەسە بوو کە ئازاری دایکانی ئێمەی کردە بەرخۆدان، پێویستە ژنانی ئێزدی بە ڕۆحی زەریفە ئۆسێ و نوژیان و بێریڤانەکان ژیان لە شەنگال بگەڕێننەوە و شەنگال بکەنە شوێنی ژیان، هەر بۆیە دەڵێین ئێمەی ژنانی ئێزدی تا زیاتر خۆمان لە دەوری بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕێکبخەین و خۆمان لە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆدا نوقم بکەین، زیاتر دەتوانین وەڵامی هێرشەکانی سەر ژنان بدەینەوە.
"ئەو کەسەی لە جیهاندا ئیرادەی ژنانی قبوڵ کرد، ڕێبەر ئاپۆیە"
سارا بۆتان سەرنجی بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دوای چوار ساڵ ڕاکێشا و درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: لە لایەکی دیکەوە دوای چوار ساڵ زانیاری لە ڕێبەر ئاپۆوە گەیشت، بەو پەیام و سڵاوەی ڕێبەر ئاپۆ، دەتوانین ٢٥ی تشرینی دووەم بکەینە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ژنان، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، ژنانیش ئازاد نابن، ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بۆ هەموو ژنانی جیهان دەکات. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لە کۆبوونەوەکەیدا دوای ٤ ساڵ وتی گۆشەگیری بەردەوامە، تا چەند دەتوانین شەڕ بکەین کەمە، ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕووی فیزیکییەوە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ پێکنەهێنین، ناتوانین بڵێین ئێمە وەک ژن ئازادین، ڕێبەر ئاپۆ ئەو کەسەیە کە ئێمەی ئازاد کرد، ڕێبەر ئاپۆ ئەو کەسەیە کە ئەمڕۆ ئیرادەی ژنانی لە جیهاندا قبوڵ کرد و وایکرد ژن هێز و ئیرادەی هەبێت، بۆ وێرانکردنی دیوارەکانی ئیمرالی و گۆشەگیری پێویستە ژنانی ئێزیدی زیاتر بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ، بە تایبەتی وەک ژنانی گەنجی ئێزیدی پێویستمان بە وەستانەوە و تێکۆشانە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ لەناوبردنی ئەو سیستمە گەندەڵەی کە لەسەر پێکهاتەکان بەڕێوەدەچێت.
"سەرکەوتن بۆ ژنانی بەرخۆدێر دەبێت"
سارا بۆتان ڕایگەیاند، سەرکەوتن بۆ ژنانی بەرخۆدێر دەبێت و لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێستا بەرەو ٢٥ی تشرینی دووەم هەنگاو دەنێین و پێویستە ئەو بەرخۆدانە زیاتر بەرزبکەینەوە کە لەکوردستان ئەنجامدەدرێت، لە ٢٥ی ئەم مانگەدا دەبینە بەهێزترین وەڵام دژی توندوتیژی دژی ژنان.