پێوەرە ناڕاستەکانی جوانی: نابێت ژنان فریو بخۆن
ژنانی لیبیا سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری ڕایانگەیاند، کە سەرمایەداری پێوەرە ناڕاستەکانی جوانی دەخاتە بەردەم ژنان و ئەو زیانانەیان دەربڕی کە بینیویانە و ڕایانگەیاند، نابێت ژنان بەم شتە فریو بدرێن.
مونا توکا
لیبیا - سەرمایەداری هەوڵدەدات چەمکی جوانی بکاتە بوارێکی بازرگانی، بە دروستکردنی پێوەرەکانی جوانی و بڵاوکردنەوەی لە ڕێگەی وێنەی کەسانی ناودار لە گۆڤار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەردووکیان هەوڵی زیادکردنی کارەکانیان دەدەن و بەم شێوەیە کۆمەڵگە و ژنان ڕووبەڕووی شەڕێکی تایبەت دەبنەوە، ژنانی لیبیا کە باسیان لە پێوەرە ساختەکانی سەرمایەداری کرد لەسەر ڕیکلامی جوانکاری، ڕایانگەیاند، ئەو بەرهەمانەی کە دەفرۆشرێن و ئەو نەشتەرگەرییانەی کە ئەنجام دەدرێن هێڵێک بۆ ژنان دەکێشن، نابێت ژنان بەمانە فریو بدرێن.
جەستەی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە
مونا سیدی، ژنێکی ڕەنجدەری تەمەن ٣٥ ساڵە و خەڵکی شاری سەبهایە و وتی: بەپێی ڕیکلامەکان چوومە ناوەندێکی جوانکاری و سپیکردنەوەی جەستەم ئەنجامدا، بەڵام بۆم دەرکەوت کە ئەنجامەکان تەنها کاتی بوون و دوای چەند مانگێک جەستەم زیانی پێگەیشتووە، وایان لێکردم باوەڕم بەوە هەبێت کە سێ پلە لە ڕەنگی پێستم کاڵتر دەبمەوە، بینیم پارەکەم بەفیڕۆچووە و پێویستم بە چارەسەری پزیشکییە بۆ ئەوەی لە زیانەکان ڕزگارم بێت.
فاتمە قادر، پارێزەری تەمەن ٣٥ ساڵ، باسی لەوەکرد کە نەشتەرگەرییەکی بچووکی بۆ کراوە بۆ لابردنی پەڵەیەک لەسەر دەموچاوی و وتی: ئەم نەشتەرگەرییە باوەڕی بۆ من گەڕاندەوە کە ئامانج دەبێت باشترکردنی کوالیتی ژیان بێت.
"جوانی پێش هەموو شتێک بە گرنگیدانی تەندروست دەست پێدەکات"
ڕانیە ئەحمەد مامۆستای پەروەردەی تایبەت ، کە لە دەمامککردنی ڕووخسار ورددەبێتەوە، و بۆی دەرکەوتووە کە ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی شێوەی خۆی بپارێزێت بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بکات و لەم بارەیەوە وتی: من باوەڕم وایە کە ئاگاداربوون لە ڕووخسار و بەکارهێنانی بەرهەمی کوالیتی باش گرنگە بۆ هەموو کەسێک، جوانی ژن پێش هەموو شتێک، لە گرنگیپێدانی تەندرووستەوە دەستپێدەکات.
"مەبەست لە ڕیکلام فرۆشتنی بەرهەمە"
ئەمیرە شەها، تەمەنی ٣٣ ساڵە و خەڵکی سەبهایە، وتی: دوای ئەوەی بەدواداچوونی بۆ شارەزایانی تۆڕە میدیاییە دیجیتاڵییەکان کردووە، هەروەها دەستیکردووە بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی چاودێری دەموچاو و وتی: بەڵام بینیم زۆرێک لە بەرهەمەکانم بێسوود بوون، جوانی بەشێکە لە ژیانی ئێمە وەک ژن، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە زۆربەی ئەو ڕیکلامانەی دەیبینین ئامانجیان فرۆشتنی بەرهەمە، تەنانەت ئەگەر بێ سوودیش بێت، ئێستا بەدوای ڕێگەی سروشتی زیاتردا دەگەڕێم بۆ ئەوەی ئاگاداری ڕووخسارم بم.
'هەموو ژنێک پێویستی بە ڕۆتینێکە'
فاتمە شیابی مامۆستا، تەمەنی ٣٨ ساڵە، خەڵکی شاری ئۆبارییەو وتی: جوان بوون شەرمەزاری نییە، ئەگەر لە سنوورێکی گونجاودا بێت، خۆم نەشتەرگەری جوانکاری، نەکردووە، بەڵام بە ئامرازی سروشتی ئاگاداری خۆم دەبم، پێموایە هەموو ژنێک پێویستی بە ڕۆتینێکە.
ئامانجی سەرەکییان فرۆشتنی بەرهەمەکانیانە
وەردە ئەل-جاراح پزیشک، ئاماژەی بەوەکردووە، ژنان بە سروشتی خۆیان حەز بە گرنگیدان بە خۆیان دەکەن، بەڵام کۆمپانیاکانی جوانکاری سەرنجیان لەسەر گۆڕینی بۆ توخمێکی سەرەکییە بە گۆڕینی پێوەرەکانی جوانکاری هەروەها وتیشی: ئامانجی سەرەکی ئەو کۆمپانیایانە فرۆشتنی بەرهەمەکانیانە، نەک بەهێزکردنی ژنان یان زیادکردنی متمانەیان پێیان، جوانی پێویستە لە ڕۆتینێکی تەندروستەوە دەست پێبکات نەک گۆڕانکارییەکی تەواو.
'بڕێکی باوەڕپێنەکراو لە خراپ بەکارهێنانی ماددی هەیە'
ڕیماس قەسام ڕۆژنامەنووس بۆچوونی خۆیی بڵاوکردەوە و وتی: کلینیکەکانی جوانکاری هەندێکجار ڕۆڵێکی ئەرێنی دەگێڕن، بە تایبەت لە حاڵەتەکانی پێویستی وەک برینداربوون یان شێواندنی توندی ڕوخسار، بەڵام بەداخەوە ئیستغلالێکی ماددی زۆر سەیر هەیە، چونکە یارمەتی نەشتەرگەری ناپێویست دەدات، پێویستە ژنان بزانن جوانی ڕاستەقینە لە ڕۆح و کەسایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت نەک تەنها لە ڕووخسارەوە.
'سەرمایەداری ناوەڕۆکی جوانی گۆڕیوە'
نەجوە ئەلزەوی ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، زیانی بەرهەمە جوانکارییەکان کەمترە لە زیانەکانی نەشتەرگەری جوانکاری و وتیشی: سەرمایەداری کاریگەری زۆری لەسەر چەمکی جوانکاری هەبووە و وایکردووە زۆرێک لە ژنان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا لەیەک بچن، جوانی سروشتی زۆر دوورە لە باشترینی ئەم گۆڕانکاریانە.
ستانداردە نادروستەکانی جوانی
مەنیە ئەحمەد ڕۆژنامەنووس، ڕایگەیاند، کۆمپانیا جیهانییەکانی جوانکاری بە هەڵە پێوەرەکانی جوانکارییان داناوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەروەک بۆتۆکس و فیلەر، ئەم پارامیتەرانە تەنها ئامڕازی ئیستغلالکردنن، بۆ ڕاکێشانی ژنان و زیادکردنی فرۆشتنی کاڵاکانیان، جوانییەکی ڕەها نییە، جوانی ڕاستەقینە لە ناوەوە دەست پێدەکات، لە باوەڕ بە ڕۆحەوە.
"دەبێت سنوورێک بۆ جوانی هەبێت و نابێت بگۆڕێت بۆ کێشەی دەروونی"
مەبروکا شەریف پزیشکی پێست ڕوونیکردەوە، سەنتەری جوانکاری دوژمنی ژنان نین، هاوبەشن لە چاودێریکردنی ڕووخساردا، بەڵام ئەگەر خزمەتگوزارییەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی بەکاربهێندرێت، هەروەها وتیشی: پێویستە سنوورێک بۆ جوانی هەبێت و نابێت ببێتە کێشەی دەروونی، نەخۆشیەکانی پێست پێویستە لە ئاستی یەکەمدا چارەسەر بکرێن، پێش ئەوەی کەسەکە ڕوو لە جوانکاری بکات، ڕۆڵی ئێمە یارمەتیدانی ژنانە بۆ پاراستنی دەموچاویان بە شێوەیەکی تەندروست و سروشتی.
گرنگە خانمان بزانن بۆ جوانییان پێوەرێکی جێگیر نییە
لەیلا مەسعود شارەزای کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند کە ژنانی ئەمڕۆ لەژێر فشارێکی زۆردان لەلایەن کۆمەڵگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وتیشی: بەهۆی ڕوخسارێکی پڕ و نادروستەوە جەخت لەسەر جوانی دەکرێتەوە، ئەمەش هەستێکی کەمیی لای زۆرێک لە ژنان دروست دەکات و وایان لێدەکات لە بەرهەمی جوانکاری و نەشتەرگەریدا بەدوای چارەسەردا بگەڕێن، تەنانەت ئەگەر پێویست نەبێت، لە زۆر حاڵەتدا ئەم هەوڵە دەگۆڕێت بۆ وەسوەسە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی دەروونی، وەک نەبوونی متمانە بەخۆبوون، تەنانەت ململانێی سترێس و خەمۆکی، گرنگە ژنان بزانن جوانییان پێوەرێکی جێگیری نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە کەسایەتییەکەی و باوەڕبوون بەخۆی و باری دەروونی و جەستەیی، پێویستە پەیوەندی و کۆمەڵگە ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕن لە پێشخستنی بیرۆکەی جوانی سروشتی، لەبری دانانی ستانداردی بازرگانی مەحاڵ.