ڕێپێوانی گەورەی ئازادی لە ١١یەمین ڕۆژیدا بەردەوامە

ڕێپێوانی گەورەی ئازادی، کە لە باڵەکانی وان و قەرس دەستیپێکرد، لە سێرت و سەرێکانی لە ١١یەمین ڕۆژدا بەردەوامە، بەشداربووان دەڵێن: ئاشتی لە دەنگ و وشەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا شاردراوەتەوە. بەڕێز ئۆجالان ڕێبەری ئاشتییە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێپێوانی گەورەی ئازادی کە لە ١ی شوبات لەلایەن دوو باڵی وان و قەرس بۆ داواکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ پرسی کورد دەستیپێکرد ، لە ١١ەمین ڕۆژیدا بەردەوامە، خۆپیشاندەران بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لێکرا.

 

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە لە باڵی قەرس گەیشتن بە سێرت و لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا ڕۆیشتن بۆ ناوچەی زیارەت، دوای ئەوە ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" ڕێکخرا و نەورۆز ئویسال ئارسلان، پەرلەمانتاری پارتی دەم لە شرناخ وتی: گۆشەگیری کاریگەری لەسەر هەموو ژیانمان هەیە، تا ئەو کاتەی ئەم گۆشەگیرییە هەڵنگیرێت، قەیرانی ئابووری قەیرانەکانی دیکە کۆتاییان نایەت، ئەم ڕێپێوانە رێکدەخرێت بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە و ژیانێکی ئاشتیانە بۆ گەلەکەمان.

 

دواتر ڕێپێوانی گەورەی ئازادی ڕۆیشتن بۆ نیوالا قەسابان، کە گۆڕستانی بەکۆمەڵی تێدایە و ئەوانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدان بەبیرهێندرانەوە، سەباحەت ئەردۆغان، پەرلەمانتاری پارتی دەم کاردانەوەی بەرامبەر دروستکردنی بینا لە نیوالا قەسابان دەربڕی.

 

"لە زۆر شوێن کە ئازاری تێدایە گەڕاین"

ساڵح کودای قسەی کرد و وتی: لە زۆر شوێن گەڕاین کە ئازاری تێدا بووە. خۆزگە ئەم ئازارەمان نەبوایە و پێویستی بەوە نەبوایە بەدوای ئەو ناوچانەدا بگەڕێین، دایکان بە پەرۆشن بۆ بینینی پارچەیەک لە ئێسکی منداڵەکانیان، ئێسکی ٨ کەسی جیاواز دۆزرایەوە کاتێک دایکێک بەدوای ئێسکی منداڵەکەیدا دەگەڕا، دایکەکە وتی لەویدا بۆنی منداڵەکەی دەکات، نەک تەنها منداڵی ئەو دایکە بەڵکو گۆڕی نزیکەی ٤٠٠ کەس لێرەن، ئێستا دەیانەوێت ڤیلا لەسەر ئەم ئێسکانە دروست بکەن، ئەوان لە گۆڕەکانمان دەترسن.

 

"بەڕێز ئۆجالان ڕێبەری ئاشتییە"

بەشداربووان چوونە ناوەندی سێرت، ڕێپێوانەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لێکرا،  گەل دروشمی "سێرت سڵاو لە ڕێپێوانی ئازادی دەکەن" یان وەت، بەرەو بینای پارتی دەم ڕێپێوانیان کرد، دایکانی لەچک سپی لەپێشەوی ڕێپێوانەکەدا بوون و دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان"یان بەرز کردەوە، هەروەها خەڵک بە چەپڵە و دروشم پشتگیرییان کرد، دوای ئەوە لەبەردەم باڵەخانەی پارتی دەم هەڵپەڕکێ ئەنجامدرا.

 

باڵی ڕێپێوانی ئازادی وان لە سەرێکانی بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێکرا

 

ئەم بەیانییە باڵی "ڕێپێوانی گەورە بۆ ئازادی" وان لە ناوچەی دێریک لە ماردین بۆ ناوچەی سەرێکانی لە ڕەحا ڕۆیشت، ڕێپێوانەکە بە پەرۆشییەکی زۆرەوە لە پارکی ئۆچ فیدان پێشوازی لێکرا.

 

دیمەنی ڕەنگاوڕەنگ لە پێشوازییەکەدا دەرکەوت و دواتر ڕێپێوانەکە ڕێکخرا، لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان"، "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی"، "هەزاران سڵاو بۆ ئیمراڵی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە. دروشمی "ڕێبەرێکی ئازاد، وڵاتێکی ئازاد" لە کاتی ڕێپێوانەکەدا بەرز کرایەوە، سەدان کەس لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵیدا بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد و دیمەنی ڕەنگاوڕەنگیان بەخشی، هەروەها خەڵکی ناوچەکە گرنگییەکی زۆریان بە ڕێپێوانەکان داوە، ڕێپێوانەکە تا بەردەم بینای پارتی دەم بەردەوام بوو.

 

"ئیرادەی ئاشتی لێرەیە، لە ئیمراڵی"

جەیلان ئاکچا کۆپۆلۆ، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی دەم وتی: پرۆسەی چارەسەری دوای کوشتنی دوو پۆلیس لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی هات، ئەگەر دەوڵەت لە ساڵی ٢٠١٥ تاریکی بینیبایە و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانی لە ئیمڕاڵی ئازاد بکردایە ئەوا بۆ ماوەی ٩ ساڵ خوێن لەسەر ئەم خاکە نەدەڕژا، ئەمڕۆ سەدەی دووەمی کۆمارییە و دەڵێین: ئیرادەی ئاشتی لێرەیە، لە ئیمراڵی. ئێمە ئامادەین، بانگەوازی ئێمە لە دەوڵەتەوە ئەوەیە کە بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بانگەوازیمان ئەوەیە گفتوگۆ لەسەر داواکارییەکانی گەلی کورد  بکەین، ڕێگای ئێمە ڕێگای ئازادی و یەکگرتووییە. ڕێگاکەمان کراوەیە.