پەستان، گۆشەگیری و پێشێلکاریی مافەکان لە بەندیخانەکانی شیبان و لاکان

بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەی شیبانی ئەهواز و بەشی میساقی بەندیخانەی لاکانی ڕەشت لە پێداویستییە سەرەکییەکان بێبەشن، هەروەها لەژێر چاودێریی توندی ئەمنی و نادیاریی دۆخی یاساییدان.

ناوەندی هەواڵ

 ڕاپۆرتە نوێیەکانی تایبەت بە بەندیخانەی شیبانی ئەهواز و بەشی میساقی بەندیخانەی لاکانی ڕەشت نیشانی دەدەن کە سنووردارکردنی سەر زیندانیانی سیاسی زیادی کردووە. زیندانیان لە پێداویستییە سەرەکییەکان بێبەش کراون، ناڕوونیی یاسایی، چاودێریی توندی ئەمنی و بارودۆخی نالەبار بوونیان هەیە. بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم دۆخە بە شێوەیەکی ئاشکرا هەم دژی پێوەرە یاساییە ناوخۆییەکانی ئێرانە، هەمیش دژی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانیەتی.

 

بارودۆخی بەشی میساقی بەندیخانەی لاکان

ڕاپۆرتەکانی زیندانی لاکان ئاشکرای دەکەن کە بەشی میساق کە زیندانیانی سیاسی تێیدا ڕاگیراون، هێشتا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، ڕۆشنبیری و پەیوەندی دەبێتەوە. سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە زیندانیانی ئەم بەشە نەک هەر لەژێر گوشاری ئەمنیدان، بەڵکو لە هەمان کاتدا بەدەست کێشەکانی وەک خواردنی خراپ، گرانیی پێداویستییە سەرەکەییەکان، پچڕانی بەردەوامی ئاو و کارەبا، نەبوونی هەوای پاک، سنووردارکردنی چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو و دواکەوتنی درێژخایەنی کارەکان دەناڵێنن.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەشی میساق وەک یەکێک لە ئەمنییەترین بەشەکانی بەندیخانەی لاکان دادەنرێت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، کامێراکان و سیستەمەکانی گوێگرتنەوە بە بەردەوامی چاودێری دەکرێت. داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەم بارودۆخە گوشارێکی دەروونیی قورس لەسەر زیندانیانی سیاسی دروست دەکات و دەستڕاگەیشتنیان بە سەرەتاییترین مافە یاساییەکانیان سنووردار دەکات.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە بەشی میساقدا نزیکەی ١٥ زیندانیی سیاسی هەن. بەشەکە بە شێوەیەکی دابڕاو و گۆشەگیرکراو بەڕێوەدەبرێت و پەیوەندیی زیندانیان لەگەڵ بەشەکانی تری بەندیخانەکەدا سنووردار کراوە.

کەمیی شوێنی هەوای پاک

ژمارەی زیندانیانی بەندیخانەی لاکان، بە بەشی ژنانیشەوە، بە نزیکەی چوار هەزار و ٦٠٠ کەس مەزندە دەکرێت و ژێرخانی کۆن و وێرانبووی بەندیخانەکە سەرنجڕاکێشە. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو کوالێتی خزمەتگوزارییە تەندروستی، کۆمەڵایەتی و چارەسەرییەکان دادەبەزێنێت.

یەکێک لە گرنگترین ئەو کێشانەی لە ڕاپۆرتە دواییەکاندا ئاماژەی پێکراوە، نەبوونی شوێنێکی گونجاوی دەرەوەیە بۆ زیندانیان. سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ڕوونیدەکەنەوە کە زیندانیانی بەشی میساق ناتوانن بە ڕێکوپێکی دەستیان بە هەوای پاک و ڕووناکی سروشتی ڕابگات،جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەم دۆخە دەکرێت کاریگەریی جددی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونییان بێت. دەستڕاگەیشتن بە هەوای پاک و جووڵەی ڕۆژانە یەکێکە لە سەرەتاییترین مافەکانی زیندانیان و بێبەشکردن لەم مافە دژ بە بنەماکانی مامەڵەی مرۆییە.

کوالێتی خواردن، گرانیی نرخی فرۆشگاو پچڕانی ئاو و کارەبا

ڕاپۆرتەکان هەروەها ئاشکرای دەکەن کە کوالێتی خواردنی ڕۆژانە نالەبارە. دەوترێت ئەو خواردنەی دابەش دەکرێت لە ڕووی بەهای خۆراکییەوە لاوازە، ئەمەش زۆربەی زیندانیان ناچار دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکەییەکانیان لە کانتینی بەندیخانەکە کەلوپەل بکڕن. بەڵام نرخەکانی کانتین زۆر لە بازاڕی دەرەوە گرانترن، ئەمەش گوشارێکی ئابووریی زێدە دەخاتە سەر بنەماڵەی زیندانیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان قورس دەکات.

پچڕانی بەردەوامی ئاو و کارەبا لە بەشی میساقیش لە ڕیزی کێشە گرنگەکاندایە. ئەم پچڕانە ژیانی ڕۆژانەی زیندانیان هەم لە مانگەکانی هاوین و هەم لە زستاندا بە توندی قورس دەکات و ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکات. داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە ئەم دۆخە بۆ تەندروستیی زیندانیان، بەتایبەت لە ڕۆژە گەرمەکانی هاویندا، مەترسییەکی جددی دروست دەکات.

 

قەدەغەکارییە ڕۆشنبیرییەکان و سنووردارکردنی سەردانی بنەماڵەکان

بەپێی ڕاپۆرتەکان، زیندانیانی بەشی میساق، بە پێچەوانەی زیندانیانی هەندێک بەشی تری بەندیخانەی لاکان، لە دەستڕاگەیشتن بە کتێبخانە و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان بێبەشن. دەوترێت ئەم قەدەغەکارییە دەرفەتی زیندانیان بۆ پەروەردە، خوێندنەوە و چالاکییە چاندییەکان لەناو دەبات و ئەو گوشارە زیاتر دەکات کە بەهۆی گۆشەگیریی درێژخایەنەوە دروست دەبێت.

چاوپێکەوتنە ڕووبەڕووەکانیش لەژێر قەدەغەکاریی تونددان. لە هەفتەیەکدا تەنها ڕێگە بە یەک زیندانی دەدرێت چاوپێکەوتنی هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک زیندانی بە مانگان نەتوانن بنەماڵەکانیان ببینن. بنەماڵەکان ئەم دۆخە وەک فاکتەرێکی گوشاری دەروونی دەبینن کە هەم لەسەر زیندانیان و هەم لەسەر کەسوکاریان گوشارەکە زیاتر دەکات.

 

ناڕوونیی یاسایی و چاودێریی توندی ئەمنی

یەکێک لە نیگەرانییە هەرە گرنگەکان ئەوەیە کە دۆخی یاسایی هەندێک لە زیندانیان هێشتا ڕوون نییە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ بەسەر دەستبەسەرکردنیاندا، چوار زیندانی هێشتا بێ دادگاییکردن لە بەندیخانەدا ماونەتەوە. ئەم کەسانە بە تۆمەتی چالاکیی چەکداری دژی دەوڵەت تۆمەتبار کراون، بەڵام دیار نییە کە کەی دۆسیەکانیان لە دادگا چاو لێ دەکرێت.

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەستبەسەرکردنی درێژخایەن بێ دادگاییکردن، بنەماکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە پێشێل دەکات و کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتیی جددی لەسەر زیندانیان و بنەماڵەکانیان جێدەهێڵێت.

 

سەرچاوەکان کەشی ناو بەشی میساق وەک "کەشێکی تەواو ئەمنی" وەسف دەکەن. ئەوان ئۆقرەیان بە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر کامێرا و هەروەها گوێگرتن لە قسەی زیندانیان و چاودێریی بەردەوامی هاتوچۆ و پەیوەندییە ڕۆژانەکانیان کردووە. بەپێی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ئەم ئاستە لە چاودێریکردن مافی تایبەتمەندێتی پێشێل دەکات و کاریگەرییەکی قورس لەسەر کەشی دەروونیی بەشەکە دادەنێت.

 

دۆخی نالەباری بەندیخانەی شیبانی ئەهواز

هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە بەندیخانەی لاکان، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ نالەباریی دۆخی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەی شیبانیش دەخەنە ڕوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، پچڕانی بەردەوامی ئاو، ئاوی پیس، ڕژانی ئاوەڕۆ و نەبوونی پاکوخاوێنی بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی چاو و گورچیلە لە نێوان زیندانیاندا. جگە لەوەش، دەوترێت زۆرێک لە زیندانیان ناچارن تەنها یەک حەمام و تەوالێت بەکاربهێنن و دەبێت بە کاتژمێران لە ڕیزدا بوەستن.

ڕاپۆرتەکان هەروەها ئاشکرای دەکەن کە باری تەندروستیی حوجەت ئەلموحەمەدی، زیندانییەکی ناو ئەم بەندیخانەیە، بەرەو خراپتربوون دەچێت. ئەم زیندانییە کە بەدەست نەخۆشیی گورچیلە و کێشەی توندی ددانەوە دەناڵێنێت، بەپێی ڕاپۆرتەکە چاوەدێریی پزیشکیی تەواوی پێشکەش ناکرێت.

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەڵێن بەردەوامیی ئەم بارودۆخانە نیگەرانییەکان لەسەر تەندروستی و ژیانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران زیاتر دەکات و پێویستیی بە چاودێریی سەربەخۆ بۆ دۆخی بەندیخانەکان و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی زیندانیان هەیە.