بۆ پشتیوانی لە مانگرتووان کاسبکارانی سلێمانی و هەڵەبجە دووکانەکانیان داخست

بە مەبەستی پشتیوانی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو و ناڕازی، کاسبکارانی سلێمانی و هەڵەبجە دووکانەکانیان داخست و بەشێک لە کاسبکاران ڕێپێوان ئەنجام دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی ١٥ ڕۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازیی بەمەبەستی دابەشکردنی شایستە داراییەکانیان لە کاتی خۆی، گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە و تەوتین کردنی موچەکانیان، دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ـی ساڵی ڕابردوو دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، تا ئێستاش حکومەت هیچ یەک لە داواکارییەکانیانی جێبەجێ نەکردووە و ئەوانیش بارودۆخی تەندرووستییان تا دێت بەرەو خراپتر دەروات.

 

لەسەر بانگەوازی ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە مەبەستی بەرفراوانکردنی پشتیوانییەکان بۆ مانگرتووان، 

ئەمڕۆ ١١ی شوبات، کاسبکارانی هەڵەبجە و سلێمانی بەدەم داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە چوون و دووکانەکانیان داخست.

 

لە ئێستاشدا لەناو بازاڕی شاری سلێمانی کاسبکاران دەستیان بە گردبوونەوە کردووە و بڕیارە ڕووبکەنە چادری مانگرتووان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

دیمەنی ناو بازاڕی شاری سلێمانی؛