پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەردەوامە و ژمارەی کوژراوانیش گەیشتووەتە ٤٥١ کەس

وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٤٥١ کەس، هەروەها هەزار و ٢٥١ برینداریش تۆمارکراوە، ٧١٠ تەرمیش دەرهێنراون.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بە پشتگوێخستنی بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان، کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و تێکدانی بە ئەنقەستە لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە و پرۆتۆکۆڵی مرۆیی پەیوەستە بەوەوە.

 

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ١٥ی کانوونی دووەم، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەرزبووەتەوە، بەو پێیەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا نەخۆشخانەکان دوو کوژراو و پێنج برینداریان وەرگرتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ''لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئیسرائیل کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە، لەوانە کوشتن و برسێتی و لەناوبردنی، پشتگوێخستنی بانگەواز و فەرمانە نێودەوڵەتییەکانی دادگای نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئامارە کەڵەکەبووەکانی دەرئەنجامی ئەو جینۆسایدە بەرزبێتەوە بۆ ٧١ هەزار و ٤٤١ کوژراو و ١٧١ هەزار و ٣٢٩ بریندار''.

 

ڕاشیگەیاندووە، لەوەتەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ١١ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، نزیکەی ٤٥١ کەس کوژراون، لەکاتێکدا نزیکەی ١٢٥١ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، ٧١٠ تەرمیش دەرهێنراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، ''ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییەکان هێشتا لە ژێر داروپەردوو و شەقامەکاندان، کە تیمەکانی ئەمبوڵانس و بەرگری شارستانی لەم کاتەدا ناتوانن بگەن پێیان''.

 

لە لایەنی مرۆییەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە ئاماژەی بەوەدا، کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست کە ماوەی ٩٥ ڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندایە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و تێکدانی بە ئەنقەستە لە کرۆکی ئاگربەستەکە و بڕگەکانی پرۆتۆکۆلی مرۆیی کە پێیەوە بەستراوەتەوە.

 

نووسینگەکە پێشتر بڵاویکردبووەوە، کە هێزەکانی ئیسرائیل لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا هەزار و ٢٤٤ پێشێلکارییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا هەزار و ٧٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و دەستگیرکراون.