پێشانگایەکی هونەریی بە ناونیشانی ''ئەزموون'' کرایەوە

لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە، پێشانگایەکی هونەریی بە ناونیشانی''ئەزموون''، کرایەوە، کە هونەرمەندان لە ڕێگەی کارەکانیانەوە گوزارشت لە کولتوورو ناسنامە و ژیانی کۆمەڵایەتی دەکەن.

سلێمانی

 

٢٥ی کانوونی یەکەم، لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی، پێشانگایەکی هونەریی بەناونیشانی ''ئەزموون''، بە بەشداری ٤٠ هونەرمەند کرایەوە، پێشانگاکە لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانەوە گوزارشت لە کولتوور و کۆمەڵگەی ئێمە لە مێژووەوە هەتا ئێستا دەکات، ئەمڕۆش کۆتا ڕۆژی پێشانگاکە دەبێت.

 

بەشێک لە بەشداربووانی پێشانگاکە لەو ژنە گەنجانە پێکهاتبوون کە تازە دەستیان کردووە بە کاری هونەری و ئەزموونی سەرەتای خۆیان لە وێنەکانیاندا خستەڕوو، هەروەها وێنەکێشی بە ئەزموونی تێدایە کە چەندین ساڵە وێنە دەکێشن و بوونەتە رێگەخۆشکەر بۆ کەسانی دیکە.

 

''ژنی کورد زۆر لەوە بەهێزتر و بەتواناترە کە بیانەوێت سەرکوتی بکەن''

کازیوە ستار، وێنەکێش، وتی: ئێمە کۆمەڵێک گەنجین و خوێندکاری ئێچ بی گەلەرین، کە ئامانجمان لەم پێشانگایە  ئەوەیە کە ئەو هونەرەی لەوێ فێربووین و کردوومانە لێرە نمایشی بکەین و پیشانی خەڵکی بدەین، هەروەها زۆر گرنگە ئەم جۆرە پێشانگایانە بکرێنەوە، منیش بە کۆمەڵێک وێنە بەشداریم کردووە کە هەموویان پەیوەندیان پێکەوە هەیە و پێکەوە بەستراونەتەوە، کە باسی ژن و ئازایەتی ژن دەکەم و هەوریم وەک سمبولی کورد هەڵبژاردووە و لە کۆنیشەوە بەکارهاتووە، هەروەها کۆمەڵێک سەرچاوەش هەیە لەسەری کە ئاماژە بە بەرخۆدان و پتەوی کورد دەکات، لە کۆنەوە کۆمەڵگە ویستیەتی ژن سەرکوت بکات، بەڵام ژنی کورد زۆر لەوە بەهێزتر و بەتواناترە کە بیانەوێت سەرکوتی بکەن.

 

کلارا ئارت، وێنەکێش، وتی: من یەکەم جارمە کە بەشداری لە پێشانگایەکدا بکەم لە سلێمانی، هەروەها  زۆر خۆشحاڵم بەوە و بە دوو تابلۆش بەشداریم کردووە، کە باس لە ڕۆبۆت و ژیانی تەکنەلۆژیا دەکات، کە چۆن کاریگەری هەیە لەسەر کۆمەڵگە و ژیانی ئێمە هەیە، ئەو شیوازەی من شێوازێکی نوێی وێنە کێشانە لە جیهاندا و هاوڵاتیان زۆریان بەدڵە و دەستخۆشیان لێکردم.