پەروین بوڵدان: گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی و دوور لە یاسایە

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە دەڵێت: "بە ئەنقەست لە ئیمڕاڵی گۆشەگیری دەسەپێنن، لەبیر نەکەن ئەم گۆشەگیریە تاوانێکە لەدژی مرۆڤایەتی، ئێمە لەم تاوانە قبوڵ ناکەین و پێویستە بە زوترین کات بوەستێنرێت".

ناوەندی هەواڵ

 

پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە ئیلح چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و بە هەزاران کەس بەشداریان کرد و دروشمی "بژی بەرخۆدانی هەدەپە"یان وتەوە.

 

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، پەرلەمانتارانی هەدەپە، ئەندامانی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئە"، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی جەهەپە، پارتی داهاتوو و پارتی دیموکرت بەشداریان لە کۆنگرەکەدا کرد و دوای هەڵبژاردنی دیوان و خولەکێک ڕێزگرتن،فاتما ئالبای و عومەر کولپو هاوسەرۆکی هەدەپەی ئیلح سوپاسی بەشداربووانیان کرد.

 

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە سەرەتادا سڵاوی لە خەڵکی تێکۆشەری ئیلح، ژنان و گەنجان کرد و وتی، " ئەوانەی دەیانەوێت هەدەپە گۆشەگیر بکەن، پێویستە سەیری ئێلح بکەن،  با سەیری ئەم گەلە و ئەم هۆڵە بکەن، ئێمە لەگەڵ ئێوە بەهێزین، هێز، ئیرادە، بڕیاردان لە خەڵکی ئیلح وەردەگرین. تاکە ئامانج هێرشکردنە سەر هەدەپەیە، هێرشکردنە سەر ئەم گەلەیە کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت".

 

پەروین بوڵدان وتەیەکی عەبدوڵلا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کوردی بەبیرهێنایەوە کە دەڵێت، 'هەفتەیەک مۆڵەتم بدەنێ، من ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەم' و وتی:" ٦ ساڵ تێپەڕی، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، گۆشەگیری دەسەپێنن، ئێوە یاساکانی خۆشتان جێبەجێ ناکەن، یاساکان لە بەرامبەر چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانیان بۆ خانەوادە و پارێزەران ئاستەنگ نییە، بە ئەنقەست لە ئیمڕالی گۆشەگیری دەسەپێنن، لەبیر نەکەن، ئەم گۆشەگیریە تاوانێکە لەدژی مرۆڤایەتی، ئێمە ئەم تاوانە قبوڵ ناکەین، پێویستە ئەم تاوانەی دژی مرۆڤایەتی بە زووترین کات بوەستێنرێت، گۆشەگیری هەڵبگیرێت لە ئیمڕاڵی و هەموو ئەو شوێنانەی گۆشەگیری هەیە".

 

پەروین ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختدا و وتی، " جارێکی دیکە دەڵێین، لەم وڵاتە کاتی ئەوە هاتووە کە هەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، گەلانی تورکیا هەڵبژاردنیان دەوێت، بەڵام کەسانی بێ بەرپرسیار ڕێگە بە هەڵبژاردن نادەن، ئێمە لێرەوە بانگەوازی دەکەین، ئەگەر متمانەتان بە خۆتان هەیە، بڕیاری هەڵبژاردن بدەن. با پێکەوە رێگە بە گەل بدەین، ئەو کاتە دەبینین کە گەل گۆشەگیری لەسەر کێ دادەنێت، ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین، ئێمە لە ئیلح ئاشکرای دەکەین کە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، سبەینێ یان دوای مانگێک ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، هەدەپە بۆ بەڕێوەبەری وڵات ئامادەیە".

 

دوای قسەکان، بەڕێوەبەری نوێ هەڵبژێردرا و حسێن سارک و حوریەت کایتار وەک هاوسەرۆکی نوێی ڕێکخستنی هەدەپە لە ئیلح هەڵبژێردران.