پەروەردەی نادروست توندوتیژی لێدەکەوێتەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری، لەبەردەم دادگای سلێمانی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر زیادبوونی ڕێژەی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان خستەڕوو، داوای سزادانی تۆمەبارانیان کرد، لە دوای تەواوبوونی کۆنگرەکەش گۆڤارێکی تایبەت بەسەر ژناندا دابەشکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

 

لە کۆنگرەکەدا کەژاڵ عەبدولقادر ئەندامی کەمپینەکە ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس دۆخێکی مەترسیداری دروستکردووە و بێ باوەڕی لە نێوان خێزان و لە کاتی پرۆسەی هاوسەرگیریدا دروست دەکات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: نەبوونی پەروەردەی دروست، منداڵ فێردەکات کە ژنان بە لاواز ببینن و بە نامووس سەیربکرێن، کاتێکیش بەو هزرەوە منداڵ پەروەردە بکرێت، ڕق لێبوونەوە لە ژنان دروست دەبێت، هەروەها بەزۆر و زوو بەشوودانی ژنانی گەنج کاتێک ناتوانێت بەرپرسیارەتی هەڵبگرێت و چۆن ڕووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە هۆکارن بۆ کوشتن و خۆکوشتنی ژنان.

 

هەروەها باس لە کاریگەری خراپی دراما بیانییەکان و میدیا کرا کە لە ڕووماڵی هەواڵەکانی کوشتنی ژناندا، ژن تاوانبار دەکەن بێ هەبوونی بەڵگەی دروست لەسەر تاوانەکان، ئەمانەشیان بە جۆرێکی تر لە توندوتیژی بەناوکرد.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا چەند داواکارییەکیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگە خستەڕوو، لەوانە؛

-سنوور بۆ تیڤی و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دابنیرێت، کە دەچنە شوێنی تاوانەکە و خێزانەکان دەدوێنن و هەرکەس بۆخۆی باسی شێوازی کوشتنەکە دەکەن و ژن وەک تاوانبار پێشان دەدەن، لێدوان پێش لێکۆڵینەوە قەدەغە بکرێت.

-پێویستە لە قۆناغی بنەڕەتییەوە منداڵ لەسەر بنەمای هاوسەنگیی ڕەگەزیی پەروەردە بکرێت، شەرم لە مێینە بوون نەکرێت و وەک و بابەتێکی پەروەردەیی لە پرۆسەی خوێندندا جێگیر بکرێت.

-هەموو ئەو دراما و بەرنامانە بوەستێندرێن، کە دەبنە هۆی توندوتیژیی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان.

-بکوژی ژنان سزا بدرێت و لێخۆشبوون نەیگرێتەوە و سوڵحی عەشایەری قەدەغە بکرێت و بکەرانی سزا بدرێت، هەروەها داواکرا یاسا سەروەر بێت و دادگاکان سەربەخۆ بن.

 

ت.پ