پەرەسەندنی ڕووداوەکان بووەتە هۆی پەکخستنی بەرفراوانی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

شاری مهاباد دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل گرژی و ئاژاوەی بەخۆیەوە بینیوە، پەرەسەندنی ڕووداوەکان بووەتە هۆی پەکخستنی بەرفراوانی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووان.

ڤیان مێهرپەروەر

 

مهاباد-زۆرێک لە هاوڵاتیان لە ئێران پێیان وایە کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی نەگرتووەتەبەر، بەشێکی دیکەش ڕەتکردنەوەی خۆیان لە بەئامانجکردنی بێتاوانەکان لەو ڕووبەڕووبوونەوەیانەدا دەردەبڕن، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختیان لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی نەک هەر لە ئەستۆی ئیسرائیلدایە، بەڵکو لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئێرانیشدایە.

 

چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو شاری سەردەشت، بانە، پیرانشهر، کرماشان، قەسری شیرین، مەریوان، ئیلام و چەند شارێکی دیکە، ڕۆژی ١٣ی حوزەیران شاهیدی هێرشی مووشەکی بەرفراوان لەلایەن ئیسرائیلەوە بوون کە شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێرانیان کردە ئامانج، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ئاژاوە و نائاسایشی لە سەرانسەری ئێراندا تەشەنەی کرد، ئازاری ئەو دانیشتووانەی کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی جۆرەها شێوەی ناسەقامگیری بوونەتەوە و جارێکی دیکە خۆیان لە بەردەم ئاستێکی مەترسیدارتر لە نائاسایشیدا دەبیننەوە.

 

لە شاری مهاباد، مارکێت و نانەواخانەکان لە قەرەباڵغترین ناوچەکان بوون، هاوشانی بەنزینخانەکان، کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە هێڵی درێژیان دروست بوو، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

زۆرێک لە خێزانەکان بە تایبەت منداڵان ئاستێکی بەرزی دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونییان لە نێوان پەرەسەندنی ناسەقامگیریدا هەیە، لەم بارودۆخەدا زۆرێک لە خێزانەکان دەستیان کردووە بە بیرکردنەوە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان یان تەنانەت وڵات بەجێبهێڵن بۆ شوێنەکانی دیکە بۆ گەڕان بەدوای سەلامەتیدا.

 

لەم چوارچێوەیەدا شێدا ک.، وتی: ئێمە تێدەگەین کە دەسەڵاتدارانی وڵات بەرگریمان لێناکەن، تەنانەت ڕەنگە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنرێین، هەر بۆیە هەوڵدەدەین لە ئەگەری ڕوودانی کەیسێکی لەناکاودا پێداویستییە پێویستەکان دەستەبەر بکەین، ڕەنگە ناچاربین ڕۆشتن یان ئامادەکاری بۆ ململانێیەکی فراوانتر بکەین.

 

هێرشەکانی ڕژێمی ئیسڕائیلی بۆ سەر شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی ئێران، کاردانەوەی تێکەڵاوی دانیشتووانی ئێرانی لێکەوتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دڵەڕاوکێ و ترسێکی توندی هەیە، هاوڵاتیان سەرقاڵی ئاڵوگۆڕی هەواڵن، کە بووەتە ناوەند لە دەوری دوایین پێشهاتەکان.

 

نەجیبە ق.، دانیشتووی شاری مهاباد، وتی: کەشوهەوا زۆر گرژە، ئێمە ڕاهاتووین هەواڵی لەسێدارەدانی گەنجەکانمان بیستنین، بۆیە دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانەی هۆکاری ئەم کارە بوون، ئارامییە، بەڵام کوشتنی منداڵ و بێتاوان لە ڕادەبەدەر ئازاربەخشە، ئەو ژنە ڕەخنەی لە خەرجکردنی سامانی وڵات بۆ بەرگری و کەرتی سەربازی گرت. وتیشی: پێشەنگە سەربازییەکان خۆیان لەو شوێنانە دەشارنەوە یان کۆبوونەوەکانیان لەو شوێنانەدا ئەنجام دەدەن کە هاوڵاتیانی مەدەنی تێیدا ئامادەن، ئەمەش مەترسی لەسەریان دروست دەکات، دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکان لە ناوچەی نیشتەجێبوون نزیکن، بۆیە نەکوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی تەنیا لە ئەستۆی ئیسرائیل نییە، بەڵکو لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئێرانیشدایە.

 

هەواڵی شەڕە بەربڵاوەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازاڕەکانی دراو و دۆلار هەبووە و نرخی دۆلار لە دوێنێوە لە ٨٤ هەزار تمەنەوە بۆ نزیکەی ١٠٠ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە هاوڵاتیان تمەن بگۆڕن بۆ دراوی بیانی، هەرچەندە پشووی فەرمی ڕۆژانی هەینی و شەممە کڕین و فرۆشتنی مەحاڵ کرد.

 

لەو چوارچێوەیەدا گەلەڤیز ح. وتی ئەوەی ئومێد بە ئابوری ئێران نەماوە، بازاڕەکان لە جاران چۆڵتر بوون و وەبەرهێنانەکان بەهەڵم بوون، لەم هەلومەرجەدا تەنها خۆراک دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا کەرتەکانی تر بەدەست پاشەکشەیەکی سەختەوە دەناڵێنن، هەر کە بانکەکان کرانەوە هەموو پارەکانم دەکێشمەوە، هەرچەندە ئێستا زۆربەی پاشەکەوتەکانم لە شێوەی زێڕ و دۆڵاردایە.

 

 

لە هەندێک ناوچە بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە تووشی هێرشی بەرفراوان بوون، ڕێگری لە دانیشتوان دەکرێت کە بە ئازادی هاتوچۆ بکەن،  بەهارە ڕ.، یەکێکە لەو کەسانەی کە ڕێگەی پێنەدرا تەبرێز بەرەو مەهاباد بەجێبهێڵێت، ڕوونیدەکاتەوە، هەست دەکەم ڕەنگە ڕووداوی ڕاستەقینەتر لە ڕێگادا بێت، هەر بۆیەش سنووردارکردنی گەشتکردن دانراوە، زۆرێک لە ئێمە نیگەرانین لە تیشکی ئەتۆمی و دامەزراوە نهێنییەکان، بەڵام دەسەڵاتداران تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمییان نەداوە بەهۆی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیانەوە. هەروەها ئێمە زۆر نیگەرانین لە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی نتنز، و پێمان وایە کە تیشکدانەوە لە ئێستاوە دەستیپێکردووە.

 

شاری مهاباد و زۆرێک لە شارەکانی دیکەی ئێران تووشی پچڕانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دەبن، زۆرێک لە بەرنامەکان دەچنە ئۆفلاین، ئەمەش توڕەیییەکی بەرفراوانی هاوڵاتییانی لێکەوتەوە، شەیما ئەی وتی: دەسەڵات هەوڵی وەستاندنی ڕەوتی زانیاری دەدات، تەنانەت هەڕەشە لەو هاوڵاتیانەش دەکەن کە هەواڵەکە بڵاودەکەنەوە، هاوڵاتیان چیتر پشت بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی و تەلەفزیۆنی دەوڵەتی نابەستن و ئەمەش کاری دەسەڵاتداران قورستر دەکات.

 

دەوترێت وێستگەکانی کارەبا لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئامادە باشیدان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکانی تەقینەوە لە ناوچەیەکی سەربازی لە نزیک کۆمەڵگەی پترۆکیمیای شاری مەهاباد بڵاوبوونەتەوە، هاوکات هەندێک باس لە وەڵامدانەوەی دەسەڵات و ئەگەری لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی کەشوهەوای سەرکوت و دەسەڵاتی لەدەستچوو. تا ئێستا تەنها لە ڕێگەی نامەی کورتەوە دەسەڵاتی خۆیان ئاشکرا کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و سوێندخواردنی تۆڵەسەندنەوە، سەمیرە بی، وتی: دەسەڵاتداران تۆڵە لە ئیسرائیل ناکەنەوە، بەڵکو لە گەلی ئێران تۆڵە دەکەنەوە.