پەرەسەندنی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان قەیرانی مرۆیی لە سودان گەورەتر دەکات

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە پەرەسەندنی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سودان ئازاری خەڵکی مەدەنی زیاتر دەکات، ژمارەی زیانبەرکەوتووان بەرز دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سودان شاهیدی پەرەسەندنی بەرچاوی توندوتیژییەکانە، ئەمەش ئازاری خەڵکی مەدەنی لە چەند پارێزگایەک قووڵتر دەکاتەوە، شەڕ و پێکدادانەکاننیش بڵاو دەکاتەوە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەرەو داڕمان دەڕۆن و هۆشدارییەکان سەبارەت بە خراپتربوونی بارودۆخی مرۆیی بڵاودەکرێنەوە لەگەڵ بەردەوامی تێکچوونی دۆخی ئەمنی.

 

پزیشکانی بێ سنوور ٢ی حوزەیران ڕایانگەیاند، کە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تادێت ناوچە مەدەنییەکان لە سەرانسەری سودان دەکەنە ئامانج، هەرورها نەخۆشخانەی فێرکاریی ”زالنجي” یەکێکە لەو کەمترین دامەزراوە تەندروستییانەی کە لە ناوەڕاستی دارفور لە ڕۆژئاوای سودان کاردەکات و لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ژمارەی بریندارەکان لە زیادبووندایە.

 

ڕوونیان کردەوە، گروپەکانی پلانی فریاگوزاری چالاک دەکەن هەر کە ژمارەیەکی زۆر لە زیانبەرکەوتووان گەیشتن، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکان و یەکەمایەتیدا بە چارەسەر بۆ سەختترین برینەکان، هەروەها توندی توندوتیژییە پەرەسەندووەکان لە سودان و ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی گروپە پزیشکییەکان دەبنەوە کە لەو بوارەدا کاردەکەن.

 

بەرپرسی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سودان ڕایگەیاند، ململانێ خێڵەکیەکانی دارفور و کۆردۆفان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان ژن و منداڵ لە دارفور.

 

شەپۆلی بەردەوامی ئاوارەبوون

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، بەردەوامبوونی ئاوارەبوون لە پارێزگای کۆردۆفانی باشوور لە باشووری سودان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ٣٨٥ کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن بەهۆی دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هوروەها ئاوارەکان شارەکانی کادوقلی و دیلنج و گوندەکانی نزیک هیبلایان جێهێشت، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنێوان ٢٨ بۆ ٣٠ی ئایاردا، دوو هەزار و ٢٤٥ کەس لە باشووری کۆردۆفان ئاوارەبوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا پەرەی سەندووە، بەپێی دوایین ئامار کە لە مانگی شوباتدا بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئاوارەکانی سێ پارێزگای کۆردۆفان( باکوور، ڕۆژئاوا و باشوور) لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە ١٣٢ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

 

کۆردۆفان هاوشانی دارفورو ناوچەی نیلی شین شاهیدی پێکدادانی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان هەردوولا لە نیسانی ٢٠٢٣، کە لە ناکۆکی لەسەر یەکخستنی هێزەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، سودان یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان بەخۆیەوە دەبینێت و دەیان هەزار کەس کوژراون و نزیکەی ١٣ ملیۆن کەس ئاوارەبوون.