پەرلەمانی ئەوروپا بە دروشمی "ژن لە ڕێبەرایەتیدا" هەفتەی یەکسانی ڕەگەزیی بەڕێوە دەبات

پەرلەمانی ئەورووپا هەفتەی یەکسانی ڕەگەزیی بە دروشمی "ژن لە ڕێبەرایەتیدا" لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە دەبات، بە ئامانجی تاوتوێکردنی ڕۆڵی ژنان، ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکان و ئیلهامبەخشین بە نەوەکانی داهاتوو.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە لە ٣ بۆ ٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا وەک نەریتێکی ساڵانە، حەوتەمین خولی هەفتەی یەکسانیی ڕەگەزیی بەڕێوەببات.

 

و لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ئیوارەی ۳ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لەسەر ئاستی باڵا و بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وەرزشوانان و حکومەتە خۆجێییەکان حەوتەمین خولی هەفتەی یەکسانی ڕەگەزیی دەستپێدەکات.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمساڵ جەخت لەسەر پرسی ژن لە ڕێبەرایەتیدا دەکرێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا، کۆمیتەکانی پەرلەمان چەندین دانیشتنی تایبەت دەربارەی کەمتەرخەمییەکانی بواری مووچەی خانەنشینی ژنان، بەشداری لە ژیانی گشتیدا، بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە چەواشەکارەکان، ڕەوشی ژنانی گوندنشین و ئامادەییان لە کەرتەکانی دادوەری و فڕۆکەوانی و میدیادا ساز دەکەن.

 

باس لەوەشکراوە، شوێنی ژن لەو جێگەیەیە کە خۆی هەڵیبژێرێت، تێکشکاندنی کۆسپەکانی بەردەم ژنان ڕێگەخۆشکەرە بۆ گەشەپێدانی تەواوی کۆمەڵگە، هەروەها بەدیهاتنی یەکسانی ڕاستەقینە بەندە بە بەرزکردنەوەی پێگەی تاکی ژنان و ئاسانکردنی ڕێگە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

جێی ئاماژەیە، هەفتەیی یەکسانیی ڕەگەزیی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ۲۰۲۰ لەلایەن کۆمیتەی مافەکانی ژنان و یەکسانی ڕەگەزیی پەرلەمانی ئەورووپاوە دەستی پێکردوو و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا مەراسیمەکە بەڕێوە دەچێت.