"پەرلەمان نەیتوانیوە لێپرسینەوە لەهیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بكات‌"

ئینستوتی پەی ڕاپۆرتێكی لەسەر ئەدای كاری ساڵێکی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەکات کە پەرلەمان نەتیوانیوە لەو ساڵەدا لێپرسینەوە لەهیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بكات‌.

ناوەندی هەواڵ


ئینستوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ڕاپۆرتێكی لەسەر پوختەی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی یەك ساڵدا بۆ هەردوو خولی بەهارەو پاییزە لە ١ی ئازاری ٢٠٢٠ بۆ ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١ بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "لەو ماوەیەدا ژمارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان ١٩ دانیشتن بوەو ژمارەی كۆبونەوەی دواخراو چوار دانیشتن بوەو لەو١٩ كۆبونەوەیەش ژمارەی بڕگەكانی کار ٤٥ بڕگە بوەو ژمارەی بڕگەی كاری جێبەجێکراو ٣٩ بووەو جێبەجێنەکراو ٨ بووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، كاتی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەماوەی ئەوساڵەدا ٦١ كاتژمێرو ٢٠ خولەك بوەو ژمارەی پڕۆژەو پێشنیازە یاساو بڕیار كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوە لەو ماوەیەدا ٩ بوەو ژمارەی یاسای پەسەندكراویش چوار یاسا بووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە لەماوەی یەكساڵدا پەرلەمان داوای ١٤ ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن كە بریتی بوون لەسەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیریرانی دارایی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دارایی، تەندروستی، بەڵام ٩یان ئامادەنەبون كە بریتی بوون لە وەزیرەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵاو وەزیری ناوخۆو وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی‌و دارایی‌و تەندروستی.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە "ئەركێكی لیژنەکانی پەرلەمان، بەپێی ماددەی ٤١ی پەیڕەو، بەداوداچونە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام بە وەرگرتنی چەند نمونەیەك بۆمان دەردەكەوێت لیژنەكان ئەو ئەركەیان جێ‌ بەجێ‌ نەكردوە، لەباشترین حاڵەتدا بە یاننامەیەكیان دەركردوە، كە كاریگەریی لەسەر دۆخەكە نەبوە".