پێنجەمین فێستیڤاڵی ڕۆژی بەخشین لە گوندی هاوار بەڕێوەچوو

لە گوندی هاواری سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، کاکەیەکانی هەر سێ گوندەکانی هاوار، هەوارەکۆن، دەرەتوێ، کاکەییەکانی کوردستان و ژمارەیەک لە میوانان کۆبوونەوەو فێستیڤالی رۆژی بەخشین بەڕێوەچوو.

ڕێژنە سەلام 

 

هەڵەبجە- ڕۆژی بەخشین نەریتێکە لەنێوان کاکەییەکان، خۆراک و خواردن لە نیوان خۆیاندا دەگۆڕنەوە و مەبەستیانە ئاشتی و تەبایی پێکەوە بەرپا بکەن، مەراسیمی رۆژی بەخشین تەنها کە خواردن خۆی نابینیتەوە بەڵکو ژنان و گەنجان بە میوزیکی ئاینی بەشداری دەکەن و سەرجەمیان هەوڵ دەدەن لە رێگەی  خۆیەوە خزمەت بگەیەنن بە ئاین و نەتەوەکەیان.  

  

کاکەییەکان سنوری دابەش بوونی جوگرافیان لە هەڵەبجە و سلیمانی و هەولێرو خانەقین و گەرمیانیان و کەرکوکە وە بەهەمان شێوە لە رۆژهڵات و باکووری کوردستانیش بوونیان هەیە. 

 

کاکەییەکانی هەڵەبجە، هاوار خاکی پیرۆزیانە و ساڵانە جگە لەمەراسیمی رۆژی بەخشین ئاهەنگی جەژنی نەورۆزیش لەخاکی خۆیان دەکەنەوە. 

 

دوێنێ ١٨ی نیسان، لە گوندی هاوار لە دامێنی چیای شنروێ لەکەش و هەوایەکی بەهاریدا و لە فێستیڤاڵێکدا کە سەرجەم چین و توێژەکانی کاکەییەکان بەشدار بوون، بەدروشمی "بەخشین کولتوورمانە" پێنجەمین مەراسیمی رۆژی بەخشین بەڕێوە چوو کە مەبەست لێی خواردن ئالوگۆڕ کردن و نمەک کردنی یەکتر بووە، تاوەکو ناپاکی و دەستی ناساز نەکەوێتە نێوانیان و برایەتی و تەباییان زیاد بێت. 

 

لەو بارەیەوە نەخشین سەلام، ژنیکی دەست ڕەنگینی کاکەییە بە خێزانیەوە لەمەراسیمەکە بەشدارن وتی: ئیمە بە خێزانی لەم مەراسیمە بەشداری دەکەین، خۆم بە خواردن دروست کردن و منداڵەکان و هاوژینەکەم بە میوزیک ژەنینی ئاینی یارسانی پێشوازی لە فێستیڤاڵەکە دەکەین، ڕۆژی بەخشین هەموو ساڵێک ئەم رۆژە دووبارە دەکەینەوەو لەمانگی چوار هەموو خێزانێک بەشداری دەکات بە هەر خۆراکێک بێت ، هەر ساڵێک بە جۆرێک بووە، ئەمساڵ گەنمم کوڵاندوە بەو نیەتەی هەموو کەس لێی بخوات و ببێتە مایەی ڕزق و ڕۆزی بۆ خێزان و بنەماڵەکانمان.  

 

نەخشین سەلام لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: بەم نەریتە خۆشەویستیمان بۆ یەکتر دەبێت ومتمانە زیاتر بەیەکتر دەکەین.  

  

ئەمیرە فتاح وتی:خواردن واتای پێکەوە ژیان وئاسودەیی و نمەک کردنە هەر جۆرە خواردنێک بێت، گرنگ ئەوەیە دڵخۆش ئەبین بەوەی خواردنی دەستمان زۆرترین کەس لێی بخوات.