پێنج زیندانی سیاسیی ژن لە زایندانی ئێڤین سزا دران

پێنج زیندانیی سیاسیی ژن کە لە زیندانی ئێڤینی تاران دەستبەسەرن، لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە مافی بەکارهێنانی تەلەفۆنی گرتووخانەکە و چاوپێکەووتن لەگەڵ کەسوکارییان بێبەش کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر زیندانیانیی سیاسیی ژن لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد،  پێنج زیندانیی سیاسیی ژن لە گرتووخانەی ئێڤین بەناوەکانی گوڵڕوخ ئیرایی، زەهرا سەفایی، مەرزیە فارسی، شیوا ئیسماعیلی و سەکینە پەروانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە تەلەفۆنی گرتووخانەکە و چاوپێکەوتن بێبەشکراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو پێنج زیندانییە سیاسییانە بەهۆی وتنەوەی درووشمی ناڕەزایەتی دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان سزا دراون، هەروەها پێشتریش لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانیاندا بێبەش کرابوون و ئەو گەمارۆیە تا ئێستاش بەردەوامه.

 

چاودێرانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن، زەوتکردنی سەرەتاییترین ئامڕازەکانی پەیوەندیی زیندانیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، توندکردنەوەی شەڕی دەروونییە دژی ژنانی بەندکراو کە سەرەڕای دیوارە بەرزەکانی زیندانیش، ئامادە نین دەنگی خۆیان لەبەرامبەر شەپۆلی لەسێدارەدانەکاندا کپ بکەن.