پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کوردستان یادی هەڵەبجە دەکاتەوە و داوای بەهێزکردنی یەکڕیزی دەکات
پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بۆ ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە دەڵێت: یادکردنەوەی ئەو کارەساتە دەبێت ببێتە هێزێکی بزوێنەر بۆ یەکڕیزی و تێکۆشانی گەلی کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا، پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کوردستان جەختی لە زیندوو ڕاگرتنی ئەم کارەساتەی لە یادەوەری بەکۆمەڵی گەلی کوردستان کردەوە، یادکردنەوەی بە پایەی بنەڕەتی بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی و درێژەدان بە خەبات بۆ ماف و شکۆمەندی لە پێنوسدا.
پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کوردستان ١٦ی ئادار لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا دووپاتی کردەوە، کە یادەوەری کۆمەڵکوژی هەڵەبجە دەبێت لە هۆشیاری بەکۆمەڵی گەلی کوردستاندا بە ئامادەیی بمێنێتەوە و ببێتە هێزێکی بزوێنەر بۆ بەهێزکردنی خەبات و یەکڕیزی.
جەختی لەوەش کردەوە، کە کۆمەڵکوژی هەڵەبجە ناتوانرێت لەبیربکرێت، هەروەها یادکردنەوەی تەنها کردەوەیەکی سیمبولی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژوویی و سیاسییە بۆ پاراستنی بوونی گەلی کورد و مافەکانی.
ڕوونیکردووەتەوە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن، لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨، ڕژێمی بەعسی عێراق هێرشێکی بەرفراوانی بە چەکی کیمیاوی بۆ سەر شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، لە ئەنجامدا، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە زۆربەی زیانبەرکەوتووان ژن و منداڵ و بەتەمەنەکان بوون، خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار کەسیش برینداربوون و بەردەوام بوون لە تووشبوون بە کاریگەرییە تەندروستی و دەروونییە درێژخایەنەکان.
پلاتفۆرمەکە هێرشەکەی بە "پەڵەیەکی گەورە لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی" پێناسەکردووە، هەروەها ئەوەی لە هەڵەبجە ڕوویدا بەشێک بووە لە هەڵمەتی ئەنفال، کە یەکێکە لە قێزەونترین کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی بیستەم، لەم هەڵمەتەدا سەدان گوند وێران کران و دەیان هەزار مەدەنی کورد ئاوارە و کوژران لە چوارچێوەی سیاسەتێکی سیستماتیکی بۆ نەهێشتنی بوونی کورد.
ئاماژە بەوەشکراوە، کارەساتی هەڵەبجە ڕووداوێکی گۆشەگیری ناوخۆیی نەبووە، بەڵکو سیمبولێمی جیهانیی ئازارەکانی گەلی کوردستان بووە و بەڵگەیەکی بەردەوامی ئەو سیاسەتە ستەمکارانە و جینۆسایدانەیە کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە.
جەختی لەوە کردەوە، کە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو کاتەدا دەبێت وەک وانەیەکی مێژوویی بێت، هەروەها بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە لە ئەستۆی هەموواندایە.
لە کۆتاییدا پلاتفۆرمەکە دووپاتی کردەوە، بۆ پاراستنی بوون و کەرامەت و ئازادی گەلی کوردستان، دەبێت یادەوەری هەڵەبجە ببێتە گەورەترین سەرچاوەی هێز بۆ خەبات و یەکڕیزیمان، داوای لە یادکردنەوەی قوربانییەکان کرد بەوپەڕی ڕێزەوە، گۆڕینی ئازارەکانیان بۆ هێزێک و بەرخۆدان، ئیرادە بۆ بەرگریکردن لە ماف و ناسنامە و ئازادییان.