دەسەڵاتدارانی ئێران ناڕەزایەتییەکانی ژنانی بەلوچ کە بۆ داوای دادپەروەری و شەفافیەتە سەرکوت دەکەن

ناڕەزایەتی ژنانی بەلوچ و دانیشتووانی گوندی پشموکی لەسەر ڕادەستکردنی کانگای کرۆمیت لە فریاب ڕووبەڕووی سەرکوت و دەستگیرکردن بووەوە، لە میانەی هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر خۆپیشاندەران، حەوت ژنی بەلوچ بریندار بوون و شەش هاوڵاتی کە سێ ژنی تێدابوو، دەستگیر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ناڕەزایەتیی ژنانی بەلوچ و دانیشتووانی گوندی پشموکی لەدژی ڕادەستکردنی کانگایەکی کرۆمیت لە فریاب، ڕووبەڕووی توندوتیژی بوو، لە ئەنجامدا لێدان و برینداربوون و دەستگیرکردن، دوابەدوای دەستێوەردانێکی توندوتیژی هێزە سەربازییەکان.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، لە کاتی تێکهەڵچوونەکاندا لانیکەم حەوت ژنی بەلوچ بریندار بوون و شەش هاوڵاتی کە سێ ژنیانن، دەستگیر کراون، ئەم ڕووداوە کە تەنها ڕۆژێک دوای هێرشێکی هاوشێوە بۆ سەر ژنانی خۆپیشاندەر لە تەفتانێ ڕوویدا، نیگەرانییەکانی لەبارەی وەڵامدانەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ داواکارییە مەدەنییەکان لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان بەلوچن، زیاتر کردووە.

 

ناڕەزایەتییەکان دژی کانگاکان: لە داواکارییەوە بۆ سەرکوتکردن

بەرەبەیانی ١٧ی حوزەیران، لە گوندی پشموکی سەر بە فریاب لە کرمان، گرژی و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزە ڕژێمیەکان و هاوڵاتیانی ناڕازی بەلوچ سەریهەڵدا، ئەو ڤیدیۆیانەی لە شوێنی ڕووداوەکەوە بڵاوکراونەتەوە، ساتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی جەستەیی و توندوتیژی ژنانی ناڕەزایەتیکاران نیشان دەدەن، کە بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەکارهێنانی کانگای کرۆمیت لە ناوچەکەدا کۆبوونەوە.

 

خۆپیشاندەران پێیان وایە کانگای کرۆمیت لە پشموکی کە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئابوورییە لە ناوچەکەدا، بەبێ ڕەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیانی ڕەسەن ڕادەستی تاک و گروپە کاریگەرەکان کراوە، ئەوان وتیان: کە خەڵکی ناوچەکە ساڵانێکە لە پشکی خۆیان لە سامانی سروشتی خاکەکەیان بێبەش کراون و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە کاردانەوەیەکن بەرامبەر بەم هەستکردنە بە بێبەشبوون و نادادپەروەرییە.

 

هێرش بۆ سەر ژنانی خۆپیشاندەران

بەگوێرەی وێنە و گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان، هێزەکانی ئەو شوێنە بە چەقۆ و لێدان هێرشیان کردووەتە سەر ژنانی خۆپیشاندەران و بە توندی لێیان داون، هەروەها هەندێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان دەردەکەون کە ژنان لەلایەن کارمەندانی سەربازییەوە ڕادەکێشرێن و پاڵیان پێوە دەنرێت، ئەو وێنانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەت و چالاکوانانی مەدەنیدا دەنگی داوەتەوە.

 

سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە کە لە کاتی هەڵمەتەکەدا حەوت ژنی بەلوچ بەهۆی لێدانەکان بریندار بوون، هەندێک لە برینەکان ئەوەندە سەخت بوون کە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەبوو، بەڵام تا ئێستا زانیاری ورد لەسەر باری تەندروستی سەرجەم ئەو ژنانەی برینداربوون بڵاونەکراوەتەوە.

 

هاوکات لەگەڵ ئەم تێکهەڵچوونانە، هێزەکانی ناوچەکە شەش هاوڵاتی بەلوچیان دەستگیرکرد کە سێ کەسیان ژنن، سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە دەستگیرکراوەکان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، خێزانەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی نیشتەجێبوون و بارودۆخیان نییە.

 

"دادپەروەری لە کوێیە؟"

ناڕەزایەتییەکانی پشموکی لە ١٦ی حوزەیران دەستیپێکرد، کاتێک کۆمەڵێک ژنی بەلوچ لە بەردەم کانگای کرۆمیت کۆبوونەوە و خوازیاری ڕوونی بوون سەبارەت بە تەرخانکردن و کارپێکردنی، لە وتارەکانیاندا، جەختیان لەوە کردەوە، کە داواکارییەکەیان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو وەڵامێکی ڕوون و ئاشکرایە لەلایەن دەسەڵاتەوە، لە دروشم و پرسیارە هەرە بەرچاوەکانی خۆپیشاندەران، "تەنها دەمانەوێت بزانین دادپەروەری لە کوێیە؟"

 

دانیشتووانی ناوچەکە وتیان: ساڵانێکە بەڵێنی گەشەپێدان و دامەزراندن و سوودبەخشین بۆ کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە سەرچاوە کانزاییەکان دراوە، بەڵام لە ڕاستیدا پشکی کۆمەڵگەی ناوخۆیی لەم سەرچاوانەی کەمترین بووە و زۆرێک لە دەرفەتە ئابوورییەکان لە دەرەوەی هەرێم لابراون.

 

نەخشێکی نیگەرانکەر خۆی دووبارە دەبێتەوە

ڕووداوی پشتموکی تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوێکی هاوشێوە لە شاری تەفتانێ ڕوویدا، کە ئێوارەی ١٦ی حوزەیران، کۆمەڵێک ژنی بەلوچ لە گوندی سەرسیەی سەر بە شاری تەفتانێ بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە چالاکییەکانی کانگای زێڕی تەفتانێ کۆبوونەوە، بەڵام لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و کەسانی پەیوەندیدار بەو کانەدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

 

لەو ڕووداوەدا ژنە ناڕازییەکان بە بێڕێزی و هەڕەشە و لێدانیش کرانە ئامانج، بەپێی زانیارییەکان، ژنێکی تەمەن ٥٥ ساڵی بەلوچ بە کۆتای تفەنگێک لە سەری دراوە.

 

ڕوودانی دوو ڕووداوی توندوتیژی دژ بە ژنانی بەلوچ لە دوو ناوچەی جیاوازدا لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، پرسیاری گشتی لێکەوتەوە کە بۆچی داواکارییە مەدەنی و ئابوورییەکانی دانیشتووانی زۆرینەی بەلوچ لە جیاتی وتووێژ و وەڵامدانەوەی هۆکاردار بە پێکدادانی ئەمنی بەرەوڕوو دەکرێنەوە.

 

ژنانی بەلوچ لە پێشەنگی ئەو ناڕەزایەتیانەدان

ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا، بوونی دیار و بەرچاوی ژنانی بەلوچ لە پێشەنگی داواکارییەکاندایە، ئەو ژنانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆڵێکی چالاکتریان بینیوە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە قەیرانی ئاو، هەژاری، هەڵاواردن، پڕۆژەی کانگا و پرسەکانی ژینگە، ئێستا لە ڕیزی دەنگدەرترین داکۆکیکارانن بۆ دادپەروەری ئابووری لە ناوچەکەدا.

 

چالاکوانان وتیان: مامەڵەی توندوتیژانە لەگەڵ ژنانی خۆپیشاندەر نەک هەر نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤ دەوروژێنێت، بەڵکو دابەشبوونی نێوان دامەزراوەکانی دەسەڵات و پێکهاتە ناوخۆییەکان قووڵتر دەکاتەوە، هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و داوای پشکێکی دادپەروەرانە لە سەروەت و سامانی هەرێم مافێکی مەدەنییە کە پێویستە بە دیالۆگ و لێپرسینەوە چارەسەر بکرێت نەک گرتن و توندوتیژی.

 

پەرەسەندنی نیگەرانییەکان بۆ پارێزراوی خۆپیشاندەران

لەگەڵ بەردەوامی نەبوونی زانیاری لەسەر دۆخی دەستگیرکراوەکان و نەبوونی زانیاری فەرمی سەبارەت بە ناسنامەی بریندارەکان، نیگەرانییەکان لەنێو خێزان و دانیشتووانی ناوچەکە پەرەدەسەنن، سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن، کە بەشداربووانی ڕێپێوانەکە چەکیان پێ نەبووە و هیچ ئامرازێکی توندوتیژییان بەکارنەهێناوە، بەڵکو داوای مافی دانیشتووانی ناوچەکە و شێوازی بەکارهێنانی کانگاکەیان دەکرد.

 

ئێستا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەی لێدانی ژنانی بەلوچ لە پشموکی و تەفتانێ بە خێرایی بۆ ناو ناوچەی گشتی، زۆرێک لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیان لەم ڕووداوانە کردووە و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان بکرێت و ئەوانەی دەستبەسەر کراون ئازاد بکرێن، داواکارییەکان کە دەتوانن وەک تاقیکردنەوەیەک بێت بۆ ئەوەی کە چۆن دامەزراوە بەرپرسیارەکان مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان دەکەن لە ناوچە بێبەشەکانی وڵات و زۆرینەی بەلوچیەکان.