پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکان هەڵمەتی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند
پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکان، بۆ تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕاگەیاند، کە تا ٣٠ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
حەسەکە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و هەڵمەتی ١٦ ڕۆژە چالاکی، تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە زیاتر لە ٦٥ دامەزراوە و ڕێکخراوی ژنان لەخۆدەگرێت، دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیان ڕاگەیاند.
پلاتفۆرمەکە ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووەم ڕاگەیاندراوێکی خۆی بە دروشمی "پێکەوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دروست دەکەین" بڵاوکردەوە، ڕاگەیاندراوەکە بە هەر سێ زمانی عەرەبی، کوردی و سریانی خوێندرایەوە.
عەرەبیەکەی لەلایەن بوشرا محەمەد، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە کە سووریا قەیرانێکی ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە دەبینێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ژنانی سووریا هەبووە، بەردەوام ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی و پەراوێزخستن و دوورخستنەوە دەبنەوە، جا چ لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی یان بە ڕەتکردنەوەی مافی بەشداریکردنی چالاکانەیان لە بونیادنانی داهاتووی وڵاتەکەیان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ژنانی سووریا لە ڕێگەی خەباتە درێژخایەنەکەیانەوە سەلماندوویانە کە هێزێکی چالاکن و ناتوانرێت پەراوێز بخرێن، هەروەها توانای ئەوەیان هەیە هاوبەش بن لە بەرخۆدان و ئاوەدانکردنەوە و بڕیاردان، توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە دەستدرێژی جەستەیی یان دەروونیدا سنووردار نییە، بەڵکو هەموو هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەیان و بێدەنگکردنی دەنگیان لە کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا گەورەترین جۆری توندوتیژی بەرامبەریان پێکدەهێنێت.
هەروەها دووپاتی کردەوە، کە بەهێزکردنی ژنان و کردنەوەی ڕێگا بۆ ئەوەی ڕۆڵی سروشتی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بگرنە ئەستۆ، ڕێگایەکی دادپەروەر و دروستە بۆ بەرەو بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی کە باوەڕی بە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی هەیە، هەروەها قوربانیدانی شەهیدان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک چرایەکی ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای ئازادی و یەکسانی دەمێنێتەوە، ئەم ژنانە خوێنی خۆیان پێشکەش کرد بۆ بەرگریکردن لە شکۆمەندی مرۆڤایەتی و بەهاکانی دادپەروەری، هەروەها لە پێشەوە وەستان لە بەرامبەر هەموو جۆرەکانی ستەمکاری و توندوتیژی، خوێنی ئەوان بەڵێنێکە کە ئێمە پابەندی دەبین بۆ بەردەوامبوون لە خەبات تا ئەو کاتەی ئازادییەکی تەواو بۆ هەموو ژنان بەدەست دێت.
هەڵمەتەکە زنجیرەیەک چالاکی و بۆنەی هەمەچەشن لە ناوچە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، لە سیمینار و دانیشتنی گفتوگۆوە کە باس لە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و دوورخستنەوە دەکەن، تا دەگاتە هەڵمەتی ڕاگەیاندن و مەیدانی کە دروشمی "پێکەوە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی" بەرز دەکەنەوە، تا پێشانگای هونەری و ڕۆشنبیری کە گوزارشت لە خەباتی ژنان دەکەن و یادی شەهیدان دەکەنەوە، هەروەها وریایی و ڕێپێوانی هاوپشتی کە گوزارشت لە یەکڕیزی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی و جیاکاری دەکەن.
پلاتفۆرمەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم هەڵمەتە هاوارێکی جیهانی و مرۆیی هاودەنگی دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە هەر شوێنێک کە هەبن، هەروەها بۆ دامەزراندنی بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و شکۆمەندی مرۆڤایەتی، دووپاتی دەکەینەوە، کە ئەم هەڵمەتە تەنها ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە تەڤگەری ژنانی جیهانی کە هەوڵدەدات بۆ جیهانێکی دوور لە توندوتیژی و ستەم، جیهانێک کە ژنان لە هەموو بوارەکاندا جێگەی مافی خۆیان داگیردەکەن، پێکەوەن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، پێکەوە بۆ بونیادنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیکی و کۆمەڵایەتی کە باوەڕی بە یەکسانی و دادپەروەری بۆ ژنانی ئازاد هەیە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە ژنان لە سەرانسەری جیهان کرا، کە هەریەکەیان لە پێگەی خۆیەوە بەشداری چالاکانە لە چالاکییەکانی هەڵمەتەکەدا بکەن، بۆ گەورەکردنی دەنگی ژنانی ئازاد و نوێکردنەوەی پابەندبوون بە درێژەدان بە خەبات تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەیەکی یەکسانی بەدی دێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەرنامەی هەڵمەتەکە ئاشکراکراوە، کە ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی دووەم دەست پێدەکات و تا ٣٠ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت و ڕێپێوان لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی پلاتفۆرمی ڕاگەیاندن و سازدانی کۆڕبەندی گفتوگۆ لە شاری ڕەققە سەبارەت بە توندوتیژی و چۆنیەتی دژایەتیکردنی بە پشتبەستن بە پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەخۆدەگرێت.