پێکهاتەی سریانی و ئەرمەنی: هەمیشە ئیرادەی گەل سەردەکەوێت
ژنانی ئەرمەنی و سریانی جەختیان لە خەباتی خۆیان لە دژی ئەو عەقڵیەتە کردەوە کە ئامانجی تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی ناوچەکەیە و وتیان: ئێمە بە هاودەنگی و یەکڕیزیمان دەستکەوتەکانی شۆڕشمان بەدەستهێنا و ئەو ڕۆحە دەپارێزین.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-چەتەکانی هەتەشەو دەوڵەتی تورک کە بەرگی داعشیان لەبەرکردووە، خۆیان وەک شتێکی تر جگە لە داعش پێناسە ناکەن، لەژێر ناوێکی دیکەدا هێرشیان کردووەتە سەر دەستکەوتەکانی گەلان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هێرشەکان لە ٦ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب دەستیپێکرد، لە زۆرێک لە شارەکان کۆمەڵکوژی گەورە ئەنجام دراوە. هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر شاری حەسەکە. لەم هێرشانەدا هەوڵی وروژاندنی شەڕی ناوخۆ و دابەشکردنی ئەو کۆمەڵگایە دەدەن کە بە هاوپشتی و ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی ڕێکخستووە.
ژنانی پێکهاتەی سریانی و ئەرمەنی ققسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کردو جەختیان لەوە کردەوە کە پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان ئەرکی هەمووانە.
"لە دژی ئەو عەقڵیەتە بوەستە کە ژنان دەکاتە ئامانج"
نەوال سالوم، ئەندامی پێکهاتەی ئاشووری، ڕایگەیاند، ئامانج لە هێرشەکان لەناوبردنی گەلانی ناوچەکەیە، نەک هەر کورد و عەرەب، بەڵکو پێکهاتەکانی ئاشووری و ئەرمەنیش لەو ناوچانەدا دەژین و وتی: هەمیشە پێکەوە ژیاوین و بە یەکڕیزیمان، دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا ئەوان دەیانەوێت دەستکەوتەکانمان بکەنە ئامانج و ئەمە قبوڵ ناکەین.
نەوال جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆڵی ژنان لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە بۆ یەکڕیزی ژنان و ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە دەستکەوتەکانی ژنان دەکەنە ئامانج. لە سیستمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا خۆیان ڕێکخست و ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان بینی و لەم قۆناغەدا پێویستە پێکەوە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە هەموو پێکهاتەکانیەوە دژایەتی ئەو عەقڵیەتە بکەین کە دەیەوێت ئیرادەی ژن بشکێنێت، ژنان، لە هەموو مەزهەب و پێکهاتەکان، دەبێت چەک هەڵبگرن و ماڵ و خاکەکانیان بپارێزن، کاتی ئەوە هاتووە ئێمە بەرگری لە خۆمان و بوونمان بکەین.
"هێرشەکان لەم قۆناغەدا درێژەپێدەری پیلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٩ن"
ئەناهید قەسەبیان کە بە ڕەچەڵەک ئەرمەنییە، ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەت ناوچە کوردنشینەکان پیلانێکی نێودەوڵەتییە و درێژەپێدەری پیلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٩یە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پەیامی ئێمە ئەوەیە کە هەروەک چۆن پیلانگێڕی دژ بە ڕێبەر ئۆجالان شکستی هێنا، ئێمەش لەگەڵ پێکهاتە ناوچەییەکان، بە هاودەنگی و پشتیوانی خۆمان، ئەم پیلانە دەشکێنین و میراس و بوونمان دەپارێزین، دەبێت هەموو جیهان بزانێت کە ئەم هێرشە دژی سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، عەرەب و کوردە و هەمووان دەبێت لە دژی سیاسەتی نکۆڵی و جینۆساید بوەستنەوە.
"خۆبەڕێوەبەری بە هاودەنگی و ڕەنجی پێکهاتە ناوچەییەکان دامەزراوە"
ئەناهید باسی لەوەشکرد، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە خوێنی گەلانی کورد، عەرەب، سریانی و گەلانی دیکە دامەزرا و وتی: ئپشت بە ئیدارەی خۆمان دەبەستین، چونکە ویستی خۆمانە، هەمیشە ئیرادەی گەل سەردەکەوێت و بە یەکڕیزی خۆمان گەلانی ئەم هەرێمە دەپارێزین.