پەدەکە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەشارێتەوە

بەپێی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لە مانگی ڕابردوودا ٥٤٨ کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە کە پەدەکە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی بە بیانووی کۆرۆنای نوێوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمەکانی بادینان زیاتر لە ٣٠٠ جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، بەهۆیەوە نزیکەی ٦٠٠ کەس بەرکەوتەی چەکی کیمیایین، ئاژانسی میزۆپۆتامیاش دەڵێت: پەدەکە بەرکەوتووان دەگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی.

 

ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەوەداوە کەلە مانگی ئەیلولدا لە ناوچەکانی کانی ماسی و دەوروبەری ٥٤٨ کەس بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی سووتانەوەی چاو و تێکچوونی بینین، ئازاری سەر، خوێنبەربوونی لووت، تەنگەنەفەسی، سووربوونەوەی پێست، دروستبوونی لەککە لەسەر پێست سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، کە ئەمەی وەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی پێناسەکردووە.

 

ئاژانسەکە دەڵێت کە پەدەکە ئەو نەخۆشانەی گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەیاری سەربازی لە بامەڕنێ و پێی ڕاگەیاندوون جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و پسپۆڕ لە تورکیاوە هێندراوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، هەڕەشەی لە موختاری سنورەکانیش کردووە تا بێدەنگبن.

 

لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی لە ناوچەی مام ڕەشۆ لە ئاڤاشین بەکارهێنا، ڕێکخراوی ئاشتیی پارێزی کریستیان-سی پی تی، هەوڵیدا بچێتە ناوچەکە تا زانیاری لەسەر بۆردومانەکە کۆبکاتەوە بەڵام بەهۆی شەڕ و دۆخی ناوچەکە نەیتوانی بگاتە جێگەی مەبەست، هاوڵاتییەکیش لە لە گوندی هرورێ بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە کە نەخۆشخانە ڕاپۆرتیان بۆ ناکات کە خێزانەکەی بەرکەوتەی چەکی کیمیاین و دەیشارنەوە.

 

ئەو هاوڵاتییە کە ناوی جیهاد عەبدوڵا-یە، دایک و باوک و خوشکێکی لە ڕۆژی چواری ئەیلول بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە ژەهراویی بوون، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە کە بارودۆخی خێزانەکەی ناجێگیربووە بەهۆی کاریگەریی ژەهری بۆمبەکەوە گێژدەبوون و بیناییان نا ڕوون بوو، وتیشی: "ئەم کەیسەی ئێمە هیچی کەمتر نییە لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، بەڵام بەداخەوە پشتگوێخراوە، ئێمە لە مافی مرۆڤ سکاڵامان تۆمارکردووە، بەڵام نەخۆشخانە ڕاپۆرتێکی دروستمان پێنادات وەکو بەڵگە بەکاریی بهێنین."

 

دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا دەستپێکردووە، بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمی سی پی تی کە مانگی ٦ بڵاویکردەوە هاتووە "لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە ماوەی پێنج ساڵدا ١٠٣هاوڵاتی شەهید بوون و ١٤٨گوند چۆڵکراون و ٥٠٠ گوندیش هەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەرە".

 

ت.پ