پچڕانی ئینتەرنێت؛ گورزێکی وێرانکەر بۆ ژنان لە ئەفغانستان و ئێران

پچڕانی ئینتەرنێت لە ئەفغانستان و ئێران تەنها هەڵەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی ئۆنلاین و توانای بەڕێوەبردنی ماڵەکانیان و پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە بێبەش دەکات، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر دەنگیان لە کۆمەڵگەدا بێدەنگ دەکات.

بەهاران لەهیب

 

کابول-بۆ زۆرێک لە ئەفغانییەکان، پچڕانی ئینتەرنێت بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر زیاتر بوو لە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی، ئەوە پچڕانی دوا پەیوەندییان بوو کە مابووەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوە، ئەم ڕاپۆرتە ڕەنگدانەوەی دیدگای زۆیا نور، ژنێکی گەنجی ئەفغانییە کە پچڕانی ئینتەرنێت نەک تەنها وەک پچڕانێک، بەڵکو وەک لێدانێکی قووڵی دەروونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی دەبینێت.

 

لە وڵاتێکدا، کە ژنان لە خوێندنی کەسی و هەلی کار لە دەرەوەی ماڵ و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی فراوان بێبەش دەکرێن، ئینتەرنێت تاکە دەرچەی ئەوان بوو، زۆیا نور پێی وایە کاتێک ئینتەرنێت پچڕا، ژنان جارێکی دیکە لە ماڵەکانیاندا قەتیس بوون و ئەم پەیوەندییە مەجازییەیان لەدەستدا.

 

ڕوونی دەکاتەوە: بۆ زۆرێک لە منداڵانی کچ، خوێندنی ئۆنلاین دوا دەرفەت بووە بۆ بەردەوامبوون لە فێربوون، وانەکانی زمان، خولی زانست، زانکۆ و پەیوەندیکردن لەگەڵ پرۆفیسۆرەکان، هەموو ئەمانە بە شێوەی ئۆنلاین دەکران، پچڕانی ئینتەرنێت بە واتای بڕینی تەواوی ئەم ڕێگایە بوو.

 

زۆیا نور بارودۆخی ئەفغانستان بەراورد دەکات بە پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران و وتی: ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییەکان ئینتەرنێت بە شێوەیەکی بەرفراوان داخرا، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و خوێندکارانیش ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توندی پەیوەندییەکان بوونەتەوە، پێموایە ژنان یەکەمین زیانبەرکەوتووی داخستنی ئینتەرنێتن لە هەردوو وڵاتدا، چونکە زیاتر لە پیاوان پشت بە ئۆنلاین دەبەستن بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان و هاوبەشکردنی ئەزموونەکانیان، دەنگەکانیان بە هەمان شێوە بێدەنگ دەکرێت.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە لە ئەفغانستان زۆرێک لە گەنجانی خاوەنکار لە ڕێگەی فرۆشتنی کاری دەستی یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی بە شێوەی ئۆنلاین پارەیان دەستکەوتووە و پچڕانی ئینتەرنێتیش ئەم سەرچاوەی داهاتە لەناو دەبات و وابەستەیی ئابوورییان زیاد دەکات، لە ئێراندا زۆرێک لە ژنان لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە کاروباری ماڵەوەیان دامەزراندووە و هەر جارێک ئینتەرنێت سنووردار دەکرێت زیانیان بەرکەوتوون، ئەم زیانە ئابوورییە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەربەخۆیی ئابووری ژنان دەبێت.

 

زۆیا نور پێی وایە ئینتەرنێت تەنها ئامرازێک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو ئامرازێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک، بەهۆی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە میدیای فەرمی، ژنان دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین دەستیان بە هەواڵ و شیکاری و ئەزموونی ژنانی وڵاتانی دیکە بگات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ئینتەرنێت دەپچڕێت، هەستی گۆشەگیری توندتر دەبێت، بۆ ژنێکی گەنج کە لە زانکۆ قەدەغە کراوە و دەرفەتی کارکردنی لە دەرەوەی زانکۆ لەدەستداوە، ئینتەرنێت تاکە پەنجەرەی هیوایە، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئەفغانستان زۆرجار کەشێکی ترسی لەگەڵدایە، چونکە خەڵک نازانن چی ڕوودەدات یان بۆچی لەناکاو پەیوەندییەکان دەبڕدرێن، دۆخێکی هاوشێوە لە ئێران دەبینم، کە ئینتەرنێت دەپچڕێت لە کاتی نائارامییەکان ڕێگری لە گواستنەوەی وێنە و چیرۆکەکان بۆ دەرەوەی وڵات دەکات پێموایە ئەم لێکچوونە ئەوە نیشان دەدات کە ئینتەرنێت بووەتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەکان لە هەردوو کۆمەڵگەکەدا.

 

ژنان لە هەردوو وڵاتدا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە و ئینتەرنێت نوێنەرایەتی دەرچەیەک دەکات بۆیان، وتی: پچڕانی ئەم دەرچەیە وەک داخستنی شەفتی هەواگۆڕکێ وایە، بۆ من بە شێوەیەکی تایبەتی پچڕانی ئینتەرنێت واتە لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ و پرۆفیسۆر و تەنانەت خزم و کەسە دوورەکانیش، ئەم پچڕانە هەستکردن بە تەنیایی زیاد دەکات.

 

لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئازادی ڕادەربڕین بەرتەسک کراوە، ئینتەرنێت دەرفەتێکی بۆ نووسین و دەربڕینی خۆی بەبێ نێوەندگیر ڕەخساندووە، داخستنی بە واتای گەڕانەوە بۆ بێدەنگی زۆرەملێ، لەگەڵ هەر پچڕانێکی ئینتەرنێت، ژنانی ئەفغان و ئێران زیاتر لە پێشبڕکێی زانستی جیهانیدا دوادەکەون، ئەم پاشەکشەیە نەک تەنها تاکەکان بەڵکو داهاتووی تەواوی نەوەیەک دەگرێتەوە.

 

زۆیا نور لە کۆتای قسەکانیدا وتی: داخستنی ئینتەرنێت بە زیانبەخشترین ئامراز بۆ ژنان دەزانم، چونکە ئەوان زۆرترین پێویستیان پێیەتی بۆ پەروەردە و کار و هاودەنگی و خۆدەربڕین، لە ڕوانگەی منەوە بەراوردکردنی نێوان ئەفغانستان و ئێران دەریدەخات کە لە هەر شوێنێک ئینتەرنێت بپچڕێت، دەنگی ژنان یەکەم کەسە کە بێدەنگ دەکرێت.