پاژک: دەبێت هەمووان هێز بە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا ببەخشن
پاژک ڕایگەیاند، ڕۆژئاوا بەرخۆدان دەکات، شکۆ و بوونی خۆی دەپارێزێت و ڕادەست نابێت، هەروەها بانگەوازی لە هەموو مرۆڤایەتی کرد کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزن و وتی: دەبێت هەموو ژنان و گەنجان بە هەموو جۆرە چالاکییەک هێز بدەنە بەرخۆدانەکە.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان "پاژک" سەبارەت بە هێرشەکانی سەر گەلی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ گەلی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.
دەقی ڕاگەیاندراوی کۆردیناسیۆنی پاژک بەم شێوەیەیە:
“ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕۆژئاوا لەژێر هێرشێکی گەورەدایە و لەنێو بەرخۆداندایە. ئێمە هەموو شەهیدانی ئەم بەرخۆدانە بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنینەوە.
ئەو هێرشانەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەستیان پێ کرد و لە ڕەقە، دێرەزوور، کۆبانێ، شەدادێ و حەسەکە بەردەوام بوون، هێرشی قڕکردنن بۆ سەر گەلی کورد. ئامانجی ئەم هێرشانە ئەوەیە کە ڕۆژئاوا لە بنەڕەتەوە لەناو ببەن. ڕادەستبوون یان مردن بەسەر گەلەکەماندا دەسەپێنن. گەلی کورد، بەتایبەتی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا وەکو سیمبوڵی بەرخۆدان، بەرەنگاری دەکەن و بە هەموو جیهان ڕادەگەیەنن کە جگە لە بەرخۆدان و ژیانی ئازاد هیچ هەڵوێستێکی دیکە نییە. بانگەوازی سەفەربەری لەوێ، بانگەوازییەکە بۆ هەموو گەلەکەمان، گەنجانمان و دۆستانمان.
ئاشکرایە کە ئەم قڕکردن و داگیرکارییەی ڕۆژئاوا کە لە ٦ـی کانوونی دووەمەوە دەستی پێ کردووە، بەشێکە لە پلانێکی نێونەتەوەیی. بێدەنگیی هێزە نێونەتەوەییەکان لە بەرامبەر ئەم هێرشانە و تەنانەت لێدوانەکانیان بۆ هاندانی هێرشەکانی دیمەشق، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە پەیمانی لۆزانی دووەم دژی گەلی کورد پلانی بۆ دادەنرێت. پلاندانەر و بەڕێوەبەری ئەم هێرشانە دەوڵەتی تورکە. ئەمە نیشانی دەدات کە هێرشە ڕاستەقینەکە دژی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، کە ڕێبەرەکەمان بە پێداگرییەوە هەوڵی داوە لە تورکیا جێبەجێی بکات. دەبێت ئەوە تێبگەین هەتا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و ژنان ڕووبەڕووی قڕکردن ببنەوە، لە باکوور پڕۆسەیەکی لەو شێوەیە بەڕێوە ناچێت.
لەسەر گەلەکەمان پیلانگێڕییەکی تاریکی نوێ لە ئارادایە. ئەم پیلانگێڕییە مەزنە ئامانجی ئەوەیە کە ئیرادە و سیستەمی ژیانی خوشک و برایەتی لەنێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەناو ببات. بەرخۆدانی گەلەکەمان لە کوردستان و لە سەرانسەری جیهان ئەم پیلانگێڕییە تێک دەشکێنێت.
بێگومان ڕۆژئاوا بەرخۆدان دەکات، شکۆ و بوونی خۆی دەپارێزێت و ڕادەست نابێت. گەلی کورد و ژنانی کورد چاوەکانیان لە ئاست ئەم قڕکردنە داناخەن.
ئێمە بانگەوازی لە هەموو ژنان، گەلەکەمان، دۆستە نێونەتەوەییەکانمان، تەڤگەرەکانی ژنان و هەموو مرۆڤایەتیی دەکەین کە لە بەرامبەر پیلانگێڕی و سیاسەتەکانی قڕکردن کە بەسەر ڕۆژئاوادا دەسەپێنرێن، ڕۆژئاوا بپارێزن. دەبێت هەموو ژنان و گەنجان خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن و بە هەموو جۆرە چالاکییەک هێز بدەنە بەرخۆدانەکە. لە باکوورەوە تا باشوور و تا ئەوروپا، دەبێت گەلەکەمان بۆ ڕۆژئاوا کە چاو، ویژدان و سیمبولی ئازادیی گەلی کوردە، سەفەربەر ببن.
دەبێت هەموو گەنجانی گەلی کورد لە هەر شوێنێک بن ڕاپەڕن و ڕۆژئاوا بپارێزن. ئێمە بانگەوازی لە هەموو ڕێکخراو و ئینتەرناسیۆنالیستەکان دەکەین خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن و تێکەڵ بە بەرخۆدانەکە ببن.
ئەمڕۆ ڕۆژی یەکێتیی نەتەوەیی و پاراستنی گەلەکەمان و ڕۆژئاوایە. ئەمڕۆ ڕۆژی پاراستنی بوونمان، کەرامەتمان و ئەو شۆڕشەیە کە بە هەزاران شەهید پێش کەوتووە.
ئەمڕۆ ڕۆژی بەرخۆدانە دژی زهنییەتی داعش و هاوکارانی، ئەوانەی دەیانەوێت سیستەمی ڕزگاریخواز، دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیکی ژنان بڕووخێنن.
گەلی کورد ئازادیی خۆی مسۆگەر دەکات و دەگاتە سەرکەوتن.”