پاسەکانی تایبەت بە ژنان لە سەنعا دیالۆگی بەرفراوان لەسەر سنووردارکردنی ئازادییەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت

هاوکات لەگەڵ ڕەخنەکان کە ئەمە درێژکراوەی ڕێوشوێنەکانی پێشووە و ئامانج لێی بەرتەسککردنەوەی جووڵە و ئازادی ژنان بوو، دەسەڵاتدارانی حوسییەکان لە سەمعا پلانێکی نوێیان بۆ تەرخانکردنی پاسی تایبەت بۆ ژنان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توند دەبنەوە بۆ هاتوجۆکردن و ئازادییە سەرەتاییەکانیان، زنجیرەیەک ڕێوشوێنی جیاکاری سەپێندراون، کە مافەکانیان بۆ گەشتکردن و کارکردن و خوێندن سنووردار کردووە، لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵانی ڕابردوودا هەزاران پێشێلکاری سیستماتیکی دژی ژنان ئاشکرا دەکەن.

 

دەسەڵاتدارانی حوسی لە ڕێگەی ئەوەی ناوی دەبەن "پۆلیسی هاتووچۆ" لە سەنعا، توێژینەوەیەکی نوێیان ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی تەرخانکردنی پاسە تایبەتەکانە بۆ ژنان، بە بیانووی پاراستنی تایبەتمەندییان و پێشخستنی ئەوەی کە پێی دەوترێت: ناسنامەی بنەمای باوەڕ.

 

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە زنجیرەیەک ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتی کە لە ساڵانی ڕابردوودا حوسییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا سەپاندوویانە، بریتی بوون لە توندکردنەوەی سنووردارکردنی هاتووچۆی ژنان و زیادکردنی چاودێریکردن بۆ ئامادەبوونیان لە شوێنی گشتی و دامەزراوە پەروەردەییەکان.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی لایەنی پەیوەندیدار، توێژینەوەکە باس لە ژمارەی پاسە پێویستەکان و تایبەتمەندییەکانیان و ناسنامەی شۆفێران و ڕێگاکان دەکات، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە ڕێگاوبانەکانی بەرەو زانکۆکان.

 

بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا شەپۆلێکی گفیوگۆی لێکەوتەوە و چالاکوانان پرسیاریان لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکە کرد.

 

لە هەمان کاتدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و پلاتفۆرمەکان نموونەو تەنزئامێزیان بڵاوکردەوە کە تیشکیان خستە سەر ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییە ئەگەرییەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بە هیچی تریان نەزانی جگە لە چارەسەری ڕووکەش کە تەنها لەسەر حیسابی ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان سەپێنراون.

 

ئەو بڕیارە درێژکراوەی ئەو ڕێوشوێنانەیە کە پێشتر حوسییەکان گرتبوویانەبەر، لەوانە قەدەغەکردنی مەراسیمی دەرچوونی تێکەڵاو، جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان لە زانکۆکان، ڕێکخستنی پرۆسەی خوێندن لە ڕۆژانی جیادا بۆ خوێندکارانی ژنانی گەنج و گەنجان، چاودێران پێیان وایە کە ئەم سیاسەتانە نوێنەرایەتی هەوڵێک دەکەن بۆ سەپاندنی نەخشەی ئایینی توندڕەو بەسەر کۆمەڵگەی یەمەندا، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان، بە بیانووی ئایدیۆلۆژی، لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا کە پێشتر بە کۆنەپەرستانە پێناسە دەکرا.