پارێزەرێک: هیچ زەمینەیەکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل لە سووریا نییە
ڕۆزیڤ کنو، پارێزەر ڕەخنەی لە بانگەوازی حکومەتی کاتی سووریا گرت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا و جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانج لێی لادانی سەرنجەکانە لە پراکتیکەکانی ڕابردوویەتی.

بەرچەم جودی
کۆبانێ- دوای ئەوەی پراکتیزەکانی بۆ بۆچوونی گشتی ئاشکرا کرا و لە پێشەنگی کارنامەکەدا بوو، حکومەتی کاتی سووریا ڕایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دەدات، بڕیارە سەرۆککۆماری سووریا لە کۆی ٢١٠ ئەندام کە هەڵدەبژێردرێن، ٧٠ ئەندام دەستنیشان بکات، هاوکات نوێنەرایەتی ژنانیش بە ٢٠% دیاری کراوە.
ڕۆزیڤ کنو، پارێزەر هەڵسەنگاندنی بۆ یاسایی بوونی ئەو هەڵبژاردنە کرد کە بڕیارە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوە بچێت و ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی کاتی سووریا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە چەندین پێشێلکاری یاسایی ئەنجامداوە، وتی: لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و پێکهێنانی حکومەتی نوێی کاتی، هەموو پێشهاتەکانی وڵات دان پێدانای یاسایی نەبووە و چەندین خاڵی سەلمێنراو هەن کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ سەلماندنی ئەمە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا ئەحمەد شەرع خۆی بە پێشەنگ کاتی دەستبەجێی سووریا ناساند، بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدات یان پشت بە دەستوورێکی ڕوون ببەستێت، ئەمەش پێشێلکردنی بنەما یاسایی و دیموکراتیەکان پێکدەهێنێت، دوابەدوای ئەوە کۆنگرەی نەتەوەی سووریا بانگهێشت کرا، کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان و هێزە چالاکەکانی ناو سووریا نەبوو، ئەمەش وایکرد لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، قبوڵنەکراو دەتوانرێت ڕاگەیاندنەکە تەنها بە ئامرازێک هەژمار بکرێت بۆ ئەوەی حکومەتی کاتی خۆی بەرەوپێش ببات.
هەروەها لە ١٠ی ئاداردا ڕێکەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سووریا ڕاگەیەندرا، بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێکەوتنە هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە و هەنگاوێکی کردەیی لەسەر زەمینە بەدەست نەهێناوە.
"سروشتی ڕاستەقینەی حکومەت ئاشکرا بووە، ئەوانیش دەیانەوێت کارنامەی خۆیان بگۆڕن"
ڕۆزیڤ کنو، جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل شاردنەوەی سروشتی ڕاستەقینەی حکومەت و کردەوەکانی حکومەتە، وتی: دوای ئەو خاڵانەی باسمان کرد، ئەمجارە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و کردەوەی جینۆساید دەبینەوە دژی کەمینەکان لە سووریا، ئەو هێرشانەی کەنارەکانی سووریایان کردە ئامانج، کە تیایدا پێکهاتەکانی عەلەویەکان کوژرا، ئێستاش دۆخی سوەیدای گەمارۆدراو و پراکتیزەکانی دژ بە دروزەکان دەستیکردوە بە ئاشکرابوون، حکومەتی کاتی هەوڵی داوە ئەو کارانە بشارێتەوە و بانگەشەی ئەوە بکات کە ڕوویان نەداوە، دوای ئەو ڕووداوانەی وروژاندمان، سروشتی ڕاستەقینەی حکومەتی گوازراوە ئاشکرا بوو، بۆیە دەیانەوێت کارنامەی خۆیان بگۆڕن و سەرنجیان لەسەر ڕووداوەکانی تر بێت، هەر بۆیەش پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەخەنە کارنامەی خۆیانەوە، بەپێی دەستوور و سیستەمی سووریا، پەرلەمانی ئەنجومەنی گەلی سووریایە و بەپێی ئەوەی حکومەت ڕایگەیاندوە، و ئەیلوولی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام دەدات.
ڕۆزیڤ کنو دژایەتی و کەلێنەکانی هەڵبژاردنەکانی خستەڕوو، لە ڕژێمی سووریادا ئەنجومەنی گەل پێگەیەکی گرنگی داگیر دەکات، ڕێکخستنەکەی پەیوەستە بە بەشداری نوێنەرانی کۆمەڵگە و گەل، هەروەها بە دەستەبەرکردنی ماف و داواکارییەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی فەرمی و یاسایەوە، ئێستا باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل دەکرێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنانە لەسەر چ دەستوور و یاسایەک بونیاد دەنرێت؟ هیچ ڕاستیەک نییە، دەستوور هێشتا پەسەند کراوە و لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن جیا نەکراوەتەوە و ڕێک نەخراوە، لە هەمان کاتدا هەڵبژاردن بە پێی پارتەکانی ئێستا بەڕێوە دەچێت، بەڵام هێشتا چارەسەرێکی هەمەلایەنە لە سووریا نەگەیشتوە، هەمان ئەم عەقڵیەتە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا سەریهەڵدا، ئەو کاتەش ئەندامانی ئەنجومەن خزمەتی دەوڵەتیان دەکرد و کۆمەڵگەیان پشتگوێ دەخست، هیوامان خواست کە ئەنجومەنی گەل لە سووریای نوێ نوێنەرایەتی هەموو ئەو گروپ و پێکهاتە و کەمینانە بکات کە لە سووریادا ئامادەن، بەداخەوە جارێکی دیکە هەمان سیاسەت دووبارە دەبێتەوە، وەک دەنگۆیەک باس لەوە دەکەن کە پێشەنگی سووریا بەشێوەیەکی تایبەتی ٧٠ ئەندام بۆ ئەنجومەنی گەل دیاری دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێدەچێت ئەنجومەنی گەل ئاراستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی کاتی بێت، وتی: بەپێی پێوەر و ڕێکارەکانی هەڵبژاردن، پێویستە سەرەتا هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت، دواتر قۆناغی دووەم، کە دەبێت هەرێمی بێت، لە ئێستاوە کاندید یان نوێنەری پارتەکان ئامادە دەکرێن، هەر بەو پێیە هەڵبژاردن دەستپێدەکات. پێمان سەیرە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل چۆن بەڕێوەدەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سوەیدا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندوە و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بەهرەمەندن لە خۆبەڕێوبەری، لەم خاڵەدا باس لە هەندێک گرژی سیاسی دەکەین لە کۆتاییدا پێشەنگایەتی ئێستای سووریا جارێکی دیکە ئەنجومەنی گەل ڕێکدەخاتەوە و دەستنیشانی دەکات، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنی ئەنجامداوە.
ڕۆزیڤ کنو هەڵوێستی خۆی لە بارەی پشکی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا دەربڕی: نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی گەل و ئەو پشکانەی کە بۆیان دانراوە، بابەتێکی دیکەیە بۆ ڕەخنە و هەڵسەنگاندن، لە چەند مانگی ڕابردودا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تا ئێستا، هیچ ڕەنگ و دەنگ و نوێنەرایەتیەکی ژنانمان لە حکومەتی کاتی نوێدا نەبینیوە، بارودۆخی ئێستا وا دەردەکەوێت کە ژن لە سووریادا بوونی نەبێت، لە بەرزترین ئاستی وەزارەت و دەزگا و دەستەکان تا هەموو بوارەکان هیچ ڕۆڵ و دامەزراندنێک بۆ ژنان نییە. تەنانەت ئەو چەند ژنەی لە هەندێک پۆستدا دان، بیرکردنەوەیەکیان هەیە کە خزمەت بە حکومەتی ئێستا دەکات،هەروەها ئێستا پشکی لە ٢٠٪ بۆ ژنان دانراوە، ئەم ڕێژەیە تا چەند یاساییە؟ ئەو ژنانەی کە هەڵدەبژێردرێن چ جۆرە بیرکردنەوەیەکیان دەبێت و دەتوانن نوێنەرایەتی ژنانی سووریا بکەن؟
ڕۆزیڤ کنو، پارێزەر لە کۆتایی قسەکانیدا، لەبارەی مەترسییەکانی ئێستا، وتی: ئەو هەڵبژاردنانەی کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچن، مەترسیەک و کاریگەریەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر داهاتووی سووریا، لە ئێستادا هیچ سەقامگیریەک لە سووریا نییە، هیچ ڕێکەوتنێکی سیاسی و سەربازی ڕوون نییە، هیچ دەستوورێک و یاسایەکی ڕاستەقینە نییە، ئێمە باسی چ جۆرە هەڵبژاردنێک دەکەین؟ لەسەر ئەم بنەمایە، بە توندی دوپاتی دەکەینەوە، کە بە لەبەرچاوگرتنی پێشهات و پرۆسەکانی ئێستای سووریا، هەلومەرجەکان لەبار نین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیموکراتی و یاسایی و دادپەروەرانە، هەروەها دوپاتی دەکەمەوە کە ئەم ئەنجومەنە پێشنیار کراوە تەنها لە بەرژەوەندی حکومەتی نوێدا کاردەکات، تەنانەت باس لەوەش کراوە کە شاندەکانی دەرەوەی سووریاش چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن. لێرەدا، دەپرسین: ئایا دەوڵەتی تورکیا چاودێر دەبێت؟.