باخچەی شەهید سۆلین وەک یەکەم پارکی تایبەت بە منداڵان لە بناری قەندیل کرایەوە
شارەوانی بناری قەندیل باخچەی شەهید سۆلینی بە ڕووی منداڵانی سنوورەکەدا کردەوە، ئەم پارکە کە یەکەم پڕۆژەی باخچەیە بۆ منداڵان، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهید سۆلین و شەهیدان و ژمارەیەک لە هاوڵاتییان کرایەوە.
قەندیل
شارەوانی بناری قەندیل باخچەی شەهید سۆلینی بە ڕووی منداڵانی سنوورەکەدا کردەوە. ئەم پارکە کە یەکەم پڕۆژەی جۆری خۆیەتی بۆ منداڵان، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهید سۆلین، بنەماڵەی شەهیدان و ژمارەیەک لە هاوڵاتییان کرایەوە.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی. دواتر د. دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی ئەم پڕۆژەیە کرد و وتی کردنەوەی پارکی شەهید سۆلین تەنها دروستکردنی شوێنێک بۆ یاری نییە، بەڵکوو پەیامێکە بۆ داهاتوو و پاراستنی بیرەوەری شەهیدان.
وتیشی: شەهید سۆلین، کە تەمەنی تەنها دوو مانگ بوو، بە هۆی بۆردومان ژیانی لێ سەندرا، بەڵام ناوی ئەم منداڵە ئەمڕۆ دەبێتە ناوی شوێنێک کە پڕ دەبێت لە پێکەنین و خەونە جوانەکانی منداڵان.
بەپێی زانیارییەکان، پارکەکە چەندین ئامێری یاریی منداڵانی تێدا دابین کراوە و بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا یاری و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ زیاد بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، یەعقوب مستەفا، مامی شەهید سۆلین، بەناوی بنەماڵەکەیان سوپاسی شارەوانی بناری قەندیلی کرد بۆ ئەوەی ناوی شەهید سۆلیان بۆ ئەم پارکە هەڵبژاردووە، و ئەو هەنگاوەی بە وەفادارییەک بۆ یادی شەهیدان ناوبرد.
هەروەها پەیامێکی تایبەت بۆ منداڵان خوێندرایەوە و نوێنەرانی کۆمەڵگا و هاووڵاتییان سوپاسیان بۆ شارەوانی بناری قەندیل دەربڕی بۆ ئەو پڕۆژە و خزمەتگوزارییانەی لە ماوەی ڕابردوودا جێبەجێ کراون.
پارکی شەهید سۆلین لەسەر ناوی یەکەم شەهیدی منداڵی بناری قەندیل ناونراوە، کە ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بووە. بەپێی وتەکانی شارەوانی بناری قەندیل، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دینار تەرخان کراوە.