ژنانی ئێزدی: ڕێگا نادەین شنگال بێپەناگە و بێ پارێزراوی بمێنێتەوە

ژنانی ئێزدی بڕیارەکەی بەغدا بۆ چەکداماڵینی یەبەشە و یەژەشە ڕەتکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، کە جگە لە منداڵەکانیان کەس نایانپارێزێت و ڕایانگەیاند دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.

شنگال

 

لە ١ی ئەیلوولدا لە نێوان بەرپرسانی سەربازیی عێراق و بەرپرسانی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گفتوگۆکردنی دۆخی شنگال کۆبوونەوەیەک لە بەغدا بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا کە پێکهاتە و نوێنەرانی کۆمەڵگەی ئێزدی تێیدا ئامادە نەبوون، سەبارەت بە داهاتووی شنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی بڕیار درا کە هێزە سەربازییە فەرمی نەبووەکانی شنگال چەکدابماڵن، سەبارەت بەم بڕیارانە، تووڕەیی، ناڕەزایەتی و کاردانەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، ژنانی ئێزدیش ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

 

"ئێمە ناتوانین خاکی شنگال بە بێ پاراستن جێبهێڵین"

تەورێ ئلیاس، وتەبێژی کۆمینی گوندی بۆریک، تیشکی خستەسەر تێکۆشانی یەبەشە و یەژەشە کە لە شەڕی دژی داعشدا ئەنجامییان داوە و وتی: لە بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە و لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەدا وتوویانە ئێمە یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان قبووڵ ناکەین، دەیانەوێت یەبەشە و یەژەشە چەک دابنێن، ناتوانین خاکی شنگال بە بێ پاراستن جێبهێڵین، لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ئەوانەی کە تێکۆشان، بریندار و شەهیدیان دا ئەوان بوون، لە دژی داعش لە شنگال شەڕیان کرد، ئێمە ناهێڵین کە دەستکەوت و تێکۆشانیان لەناوبچێت، دەمانەوێت لەلایەن عێراقەوە بە فەرمی بناسرێن.

 

دایە تەورێ ئەوەی خستەڕوو کە ئەو کەسانەی ئەم هێزانەیان پێکهێناوە لەسەر ئەم خاکە دەژین، ڕۆڵەی ئەم کۆمەڵگەن و ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بەم بڕیارانە بەم شێوەیە دەربڕی: ئێمە ئەمە قبووڵی ناکەین، چونکە دەزانین ئەگەر بێپارێزراو بمێنینەوە، ئەوا فەرمانی تریش بەسەرماندا دێن، بە خێر و خۆشیی هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و هزری سەرۆکایەتی، دوای فەرمانەکە هەستاینەوە سەر پێی خۆمان، شەڕڤانانی یەبەشە ڕۆڵەی ئێمەن، ڕۆڵەی ئەم خاکەن، ئێمە خۆمان عێراقین، دەمانەوەێت بیناسرێین، چونکە ئەگەر ئەو چەکانە بدرێنە دەست، ئێمە ناتوانین لە شنگال بمێنینەوە.

 

"ئێمە ئەو چەکانەی کە خاکەکەمان پێیان پاراستووە نادەینە دەست عێراق"

بەسێ ئاڤێستا، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شنگالیش زیادکردنی هێزە سەربازییەکانی لەناو شنگالدا وەک هەڕەشەیەک لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی پێناسە کرد و وتی: زیادکردنی هێزە سەربازییەکان لەناو کۆمەڵگەکەماندا ترسی دروست کردووە، چونکە پێش فەرمانی ٢٠١٤ش بەو شێوەیە هێز زیادکرابوون، دواتریش فەرمان بەسەر ئێمەدا سەپێنرا،  هەر لەبەر ئەوەش ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بتوانین ئیرادە و هێزی کۆمەڵگەی ئێزدی بەهێز بکەین بۆ ئەوەی ڕێگری لە فەرمانەکانی تر بکەین، تا ئێستاش برینی ژنان و دایکانمان ساڕێژ نەبوونەتەوە.

 

بەسێ ئاڤێستا باسی لەوەش کرد، کە ڕێگا نادەن ئەم بڕیارانەی بەبێ ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی دراون جێبەجێ ببن و وتی: دەوڵەتی عێراق دەیەوێت دەست بەسەر ئەو چەکانەدا بگرن کە لەدەست هێزەکانماندان، ئێمە ڕێگا نادەین ئەمە رووبدات، ئەو چەکانەی لە دەستماندان کەرامەتی ئێمەن، ئێمە ئەو چەکانەی کە پێیان خاکەکەمان پاراستووە، خاکەکەمانی ڕزگار کردووە، هەزاران شەهیدمان لە پێناویدا داوە، هەر بۆیە نادەینە دەست دەوڵەتی عێراق.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، بەسێ ئاڤێستا بانگەوازی لە دەوڵەتی عێراق کرد و وتی: دەوڵەتی عێراق دەبێت ئەو هێزەی لە ساڵی ٢٠١٤وە دروست بووە قبووڵ بکات و ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی پێكبهێنێت، هێرش بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان بە دەستی ئەو کچ و کوڕانە تێکشکێنرا، ئێمە لە ٨ی ئەم مانگەدا ڕێپێوانێک ئەنجام دەدەین،بانگەواز لە کۆمەڵگەکەمان دەکەم کە بەشداریی ئەو ڕێپێوانە ببن، ڕۆژەکە ڕۆژی خۆبەخشی و کەرامەتە.

 

"ئێمە بە هێزی خۆمان لە هەمانکاتدا سنوورەکانی عێراقیش دەپارێزین"

دایە قیمەت خودێدا، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بەم بڕیارانە بەم شێوەیە دەربڕی: ئێمە بەشداریی ئەو بڕیارە ناکەین کە لەلایەن عێراقەوە لە دژی یەبەشە و یەژەشە دراوە، لە لای ئێمە چەکی قورس بەو شێوەیە نییە کە بینێنینەوە، ئەوانە چەکی تاکەکەسین، ئەگەر شتێک ڕووبدات بەو چەکانە دەتوانین خۆمان بپارێزین، بەرگری لەخۆمان بکەین، یەبەشە و یەژەشە لە کاتی فەرمانەکەدا بەو چەکە تاکەکەسیانە کۆمەڵگەی ئێزدییان پاراست، ئێستا لە دەوروبەرمان دیار نییە کەی هێرش دەکاتە سەرمان، ئەگەر ئەو چەکانە لە ئێمە بسەنرێن، ئێمە چۆن خۆمان بپارێزین؟ ئێمەش بەشێکین لە عێراق، ئەی چۆن عێراق بپارێزین؟

 

"ئەگەر ڕۆڵەکانمان نەبوایە، لە شنگالدا بەرد لەسەر بەرد نەدەما"

دایە قیمەت باسی لە بەرخۆدانی یەبەشە و یەژەشە کرد لە کاتی فەرمانەکەدا و وتی: دوای هێندە شەهید و ماندووبوونێکی زۆر، ئێمە لەگەڵ دابڕان و دەستبەرداربوونی چەکدا نیین، ئەگەر ڕۆڵە ئێزدییەکانمان نەمانپارێزن، کەس نایەت بمانپارێزێت، لەو کاتەدا هێزێکی زۆر لە شنگالدا هەبوون، کێ ئێمەی پاراست؟ ئەگەر ڕۆڵەکانمان نەبوایە، ئێستا لە شنگالدا بەرد لەسەر بەرد نەدەما، ئێمە بە خێر و خۆشیی ئەم شاخ و ڕۆڵانە و خودا بەرگریمان کرد و داعشمان تێکشکاند،هیچ زیانێکی ئێمە بۆ عێراق نییە، هیچ زیانێکی چەکەکانیشمان بۆ عێراق نییە، ئەگەر ئەمڕۆ شنگال بكەوێتە دەست هێزێکی تر، ئەوا ئەم مەترسییە لەسەر ناوچەکانی تری عێراقیش دروست دەبێت، ئێمە لە هەمان کاتدا سنوورەکانی عێراقیش دەپارێزین، ئێمەش عێراقین، بە سەدان شەهیدمان لە پێناو عێراقدا داوە، ئێمە دەخوازین هێزەکانمان یەبەشە و یەژەشە قبووڵ بكرێن، مافەکانمان بدەنە ئێمە، تا ئێستاش لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە هیچ شتێک بۆ ئێزدییەکان نەکراوە، چاویان لە چەکی ئێمەی ئێزدییەکانە. کە ئەمەش قبووڵکراو نییە.