"پاراستنی دەستکەوتەکانی پەروەردەی زمانی کوردی گرنگە"

عەزیزە ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خوێندنگەی کۆبانێ جەختی لەوە کردەوە کە کوردەکان داوای ئەوە دەکەن کە مافەکانیان بخرێتە ناو دەستووری نوێی سووریاوە، پاراستنی دەستکەوتەکانی خوێندن بە زمانی کوردی گرنگە.

نورشان عەبدی 

 

کۆبانێ-سووریا و ناوچەکانی ڕۆژئاوا بەتایبەت دوای دەستپێکردنی پرۆسەی یەکگرتنی نێوان ئخۆبەڕێوەبەری و حکومەتی کاتی، بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن. لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە چاوەڕوان دەکرێت گەلی کورد لە سووریا لە هەموو بوارەکاندا، لە هەمووی گرنگتر لە بواری پەروەردە و پاراستنی زمانی دایکی، بە شێوەیەکی یاسایی و مرۆڤانە لە چوارچێوەی دەستووری نوێی سووریادا مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت.

 

"سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و زۆرەملێیە، زمان و ناسنامە و کولتوورمان پاراستووە"

عەزیزە ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خوێندنگەکانی شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوا، داواکاری کورد بۆ دەزگاکەمان هەڵسەنگاند. ئاماژەی بەوەدا، ئەو زوڵم و ستەمەی کە کورد لە سووریا لە سەردەمی حوکمڕانی ڕژێمی پێشوودا ئەزموونی کرد، سەرەتا بە قەدەغەکردنی قسەکردن بە زمانی دایکی دەستی پێکرد و وتی: تەنانەت پێش ئەوەی خوێندن بەم شێوەیە قەدەغە بکرایە، بە توندی ڕێگری لە خوێندکارانی کورد دەکرا کە زمانی خۆیان لە ناو پۆلدا بەکار بهێنن. زمانی کوردی بە تەواوی قەدەغە کرابوو لە خوێندنگەو دامەزراوەکاندا، بەو پێیەی زمانی عەرەبی وەک تاکە زمانی سەرەکی بەسەر هەموو پێکهاتەکانی سووریادا سەپێندرا سەرکوتکردنێک کە ئامانجی نەهێشتنی ناسنامەی زمانەوانی و کولتووری کورد بوو.

 

"خوێندکاران نەیاندەتوانی بە زمانی خۆیان قسە بکەن"

عەزیزە ئیسماعیل ئاشکرای کرد کە خوێندکارە کوردەکان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە لە خوێندن وتی: چونکە خوێندکاران لە ماڵەوە بە زمانی دایکی خۆیان قسەیان دەکرد، بەڵام لە خوێندنگەدا ڕووبەڕووی زمانێکی جیاواز و ژینگەیەکی دوور لە شوناس و کولتووری خۆیان بوونەتەوە، ئەم ململانێیە قۆناغی سەرەتایی کردە قۆناغێکی سەخت و سەرنەکەوتوو بۆ زۆرێک لە خوێندکاران، چونکە ئەوان سەرنجیان لەسەر فێربوونی زمانی عەرەبی وەک زمانی سەرەتایی ئیجباری بوو.

 

عەزیزە ئیسماعیل ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کورد لەمێژە لە فێربوون یان قسەکردن بە زمانی دایکی ئازاری چەشتووە و وتی: لەبەر ئەوەی زمانی کوردی بە نهێنی لە لایەن کەسانێکەوە فێر دەکرا کە وابەستەی ناسنامەی خۆیان بوون، ئەو کەسانە لە زیندانەکانی ڕژیمدا دەسبەسەر و ئەشکەنجەی جەستەیی دراون.

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا زمانی کوردی بەهێزتر کرد"

ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕشی ڕۆژئاوا لە بواری پەروەردە و زمانی کوردیدا دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، چونکە لەسەر داواکاری مافی پێکهێنەرەکان بونیاد نراوە و یەکێک لە داواکارییە هەرە دیارەکانی گەلی کورد دانپێدانانی مافی قسەکردن و فێربوون بوو بە زمانی دایک، یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز ئەوە بوو کە نەوە نوێیەکان توانیان بە زمانی کوردی بخوێننەوە.

 

"نەوەیەک بە زمانی دایکی بە تەواوی پەروەردە بوو"

عەزیزە ئیسماعیل جەختی لەو پێشکەوتنە کردەوە کە زمانی کوردی لە ساڵانی شۆڕشدا بەخۆیەوە بینیوە و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە خوێندنی فەرمی بە زمانی کوردی لە سەرجەم خوێندنگەکانی ڕۆژئاوا بە کۆبانێشەوە لە ئاستی سەرەتایی تا ناوەندی دەستیپێکردووە، بە تێپەڕبوونی کات نەوەیەک بە تەواوەتی فێری پەروەردەی زمانی دایک بووە و لە درێژەی دا: کۆنفرانس و زانکۆ دامەزراون کە خوێندن بە زمانی کوردی پێشکەش دەکەن، لە نێویاندا بەشی ئەدەبی کوردی، هەروەها لەو بەشەش دەرچووم.